دوو پێشمه‌رگه‌ له‌سه‌ر شه‌ڕه‌كه‌ى ئاكرێ ده‌ستگیركران

هەواڵ / کوردستان :: 20/06/2019‌ :: 593‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یەحیا

دوای رێککەوتنی نێوان هەردوو عەشیرەتی زێباری و هەرکی لە قه‌زای ئاکرێ، تائێستا چوار كه‌س دەستگیرکراون كه‌ دووانیان پێشمه‌رگه‌ن و له‌ عه‌شیره‌تی هه‌ركین.

ئێدریس هەرکی سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک بە دواڕۆژی وت: "دوای ئەو شەڕە تەقەی کە لە نێوان دوو بنەماڵە لە دوو  عەشیرەتی ئاکرێ روویدا و تێیدا شه‌ش کەس برینداربوون، جۆرە رێککەوتنێکی سەرەتایی لە نێوانیاندا ئیمزاکراوە، به‌ڵام تائێستا چوار کەس بۆ لێکۆڵینەوە دەستگیرکراون".

وتیشی: "دوو کەس لە عەشیرەتی  زێباری بە بڕیاری دادگا دەستگیرکراون و دوو کەسی دیکە لە عەشیرەتی هەرکی کە پێشمەرگەن لە لایەن ئەو هێزەی کە دەوامی لێدەکەن دەستبه‌سه‌ركراون و تا ئێستا لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامه‌".

راشگەیاند: تائێستا هه‌ردوو عەشیرەتەکە نەگەیشتوونەته‌ رێککەوتنی کۆتایی، بەڵام گوندی باژێرە لە هەردوو بنەماڵە چۆڵکراوە، تا ئەوکاتەی رێککەوتنێک ئەنجامدەدرێت.

پێنجشەممەی رابوردوو (۱۳ حۆزەیرانی ۲۰۱۹) شەڕە تەقە لەنێوان دوو عەشیرەت لە ئاکرێ روویدا و بۆ ماوه‌ی دوو رۆژ شه‌ڕ بەردەوام بوو، به‌هۆیه‌وه‌ پێنج هاووڵاتی لەگەڵ پێشمەرگەیەکدا برینداربوون.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure