ماتۆڕسکیل نزیکەی 5 ملیار دیناری لەهەرێم بەفیڕۆ داوە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 20/06/2019‌ :: 440‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ڕاپۆرتی سەنگین خۆشناو


لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەچڕی دەستیکردووە بە هەڵمەتی دەستبەسەرداگرتنی "ماتۆڕسكیلە نایاساییەكان، بە جۆرێك تەنیا لەشاری سلێمانی دەست بەسەر 400 ماتۆڕسكیلدا گیراوە، بەپێی بەدواداچوونی لیژنەیەكی پەرلەمانی كوردستانیش، لە ماوەی چوار ساڵی رابوردوودا 4 ملیار و 800 ملیۆن دینار لە هاوردەكردنی ماتۆڕسكیلدا بەفیڕۆ چووە".

هاوڕێ مەلا ستار، سەرۆكی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی كوردستان بەدواڕۆژی ڕاگەیاند "بەدواداچوونمان بۆ پرسی ئەو ماتۆڕسكیلانە كردووە كە لەماوەی چوار ساڵی رابوردوودا دەستیان بەسەردا گیراوە و لەلایەن بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆوە لەناو براون".

ڕاشیگەیاند "دوای لێکۆڵینەوەی ورد دەرکەوتووە کە لەماوەی چوار ساڵی رابوردوودا زیاتر لە 8 هەزار ماتۆڕسكیل لەناوبراون، ئەگەر هەر دانەیەك لەو ماتۆڕانە بە 600 هەزار دینار بووبێ "كە تێیاندایە زۆر لەو نرخە گرانترە". ئەوا پارەكەی دەكاتە 4 ملیار و 800 ملیۆن دینار".

هاوڕێ مەلا ستار، روونیشیدەكاتەوە "ئەگەر ئەو ماتۆڕسكیلانە وەك ئاسنەشكاو بفرۆشرێنەوە و هەر یەكێك لەوانە 50 كلیۆش بێت، ئەوا دەكاتە 400 تۆن ئاسن، ئەگەر تۆنی بە 100 دۆلاریش بفرۆشرێتەوە، پارەكەی دەكاتە تەنیا 48 ملیۆن دینار".

ئاماژەی بەوەشکرد "بە بڕیارێكی حكومەت، 4 ملیار و 800 ملیۆن دینار كراوەتە تەنیا 48 ملیۆن دینار، واتە هەرێمی كوردستان زیانی 4 ملیار و 800 ملیۆن دیناری پێگەیشتووە".

سەرۆكی لیژنەی گواستنەوە و گەیاندن لە پەرلەمانی كوردستان، پێشنیاز دەكات هەرچی زووە كۆبوونەوەیەكی بەپەلە لەنێوان وەزارەتەكانی ناوخۆ، دارایی و گواستنەوە و گەیاندن بكرێت بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ ئەوە بدۆزرێتەوە و دەڵێت "ناكرێت ئەم نەزیفی پارە بەفیڕۆدانە چیدی بەردەوام بێت، تاوەكو كەی هەندێك بەناو بازرگان، بە قاچاخ ماتۆڕسكیل بێنن و كوڕی فەقیر بیانكڕێت و دواجار بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ بیانكاتە ئاسنە شكاو".

زۆربەی ئەو ماتۆڕسكیلانەی بە قاچاخ دەهێنرێنە كوردستان، لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆ تۆمار ناكرێن، بۆیە كاتێك دەكەونە نێو مەفرەزەكانی هاتوچۆ، وەكو ماتۆڕسكیلی قاچاخ مامەڵەیان لەگەڵ دەكرێ و دەستیان بەسەردا دەگیرێ و پاشان پاندەكرێنەوە.

فەرەیدون عومەر، بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "ئێمە تەنیا کارێک کە ئێستا دەیکەین ئەویش پانكردنەوەی ماتۆڕسكیلەكانە، چارەسەری بنەڕەتی نییە، دەبێت ماتۆڕسكیلەكان بەجۆرێك لە جۆرەكان تۆمار بكرێن، بەڵام لەوەشدا وەك ئەو روونیدەكاتەوە گرفتێك هەیە، تۆماركردنی ماتۆڕسكیلێك بەپێی ئەو رێنماییەی ئێستا هەیە، نزیكەی 500 هەزار دیناری پێویستە، بۆیە پێویستە رێنماییەكانی تۆماركردنی ماتۆڕسكیل گۆڕانكاری بەسەردا بێت، چونكە زۆربەی ئەو ماتۆڕسكیلانەی ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا هەن، نرخەكەیان هەر نزیكەی 500 هەزار دینار دەبێت، ئێ چۆن دەبێت نرخی تۆماركردنەكەشی 500 هەزار دینار بێت؟".

فەرەیدون عومەر، دەشڵێت: "جگە لەوە ئێمە كە ماتۆڕسكیلێك دەگرین، دەبێ خاوەنەكەی یەك ملیۆن دینار غەرامە بدات، ئینجا ماتۆڕەكەی دەدرێتەوە، بۆیە كەس ئامادە نییە ئەو پارەیە بدات، چونكە بەو پارەیە دوو ماتۆڕسكیل دەكڕێت، بۆیە پێشنیاز دەكەم تۆماركردنی ماتۆڕسكیلێك لە 50 هەزار دینار زیاتر نەبێت".

فەرەیدون عومەر، باس لەوەشدەكات "تەنیا لەماوەی هەفتەیەكدا دەستیان گرتووە بەسەر زیاتر لە 400 ماتۆڕسكیلدا و چاویشیان لەوانەش پۆشیوە كە ماتۆڕسكیلەكانیان بۆ كاسبی بەكاردەهێنن، دەشڵێت: "ئێستا لە گەراجی دەستبەسەرداگرتندا 1440 ماتۆڕسكیلمان هەیە، لە ماوەی چوار ساڵی رابوردووشدا 1895 ماتۆڕسكیلمان لەناو بردووە".

فازڵ حاجی، وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر دەڵێت: "بۆ گرفتی ماتۆڕسكیلەكان پێشنیازمان داوەتە بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆو و وەزارەتی ناوخۆ، پێشنیازەكەش ئەوەیە دەكرێت چەند كۆمپانیایەك لەلای وەزارەتی ناوخۆ خۆیان تۆمار بكەن، ئەو كۆمپانیایانە كاریان هێنانی ماتۆڕسكیلی كوالیتی بەرز بێت، ماتۆڕسكیلەكانیش تەنیا بەو كەسانە بفرۆشن كە مۆڵەتی لێخوڕینی ماتۆڕسكیلیان هەیە، بەوەش كێشەی ماتۆڕسكیلەكان تاوەكو رادەیەكی باش چارەسەر دەبێت".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان، لە ماوەی پێنج مانگی رابردووی ئەمساڵ 176 رووداوی هاتوچۆ بەهۆی ماتۆڕسكیلەوە روویانداوە، بەو هۆیەوە 16 كەس مردوون و 179 كەسیش برینداربوون.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە