ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌ی بارزانى و حه‌لبوسى ئاشكرادەکرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 1874‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، به‌سه‌ردانێك گه‌یشته‌ به‌غداى پایته‌ختى عێراق و له‌گه‌ڵ هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى عێراق به‌جیا كۆبووه‌وه‌، له‌كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى په‌رله‌مان باسى فرۆشتنى نه‌وت و پابه‌ندییه‌ داراییه‌كانى هه‌رێم كراوه‌.


به‌پێى به‌یاننامه‌یه‌كى نوسینگه‌ى محەمەد حەلبوسی سەرۆكی په‌رله‌مانى عێراق، لە دیدارەكەدا، سه‌رۆكى په‌رله‌مان گفتوگۆى سەبارەت بە پابەندبوونە داراییەكانی سەر هەرێم كردووه‌، ئەوەی پەیوەندی بە فرۆشتنی نەوتەوە هەیە و وەك ئەوەی لە یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2019دا هاتووە.

جه‌ختیشیكردۆته‌وه‌ له‌: گرنگی گەشەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵی و چارەسەركردنی سەرجەم كێشە هەڵپەسێردراوەكان بە گیانی برایانە و هاوبەشی نیشتمانیی.

هەر لە دیدارەكەدا سەرۆكی په‌رله‌مان لەگەڵ بارزانی تاووتوێی یاسای نەوت و غاز و یاسای هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان و یاسای دادگای فیدراڵی كردووه‌.

به‌پێى به‌یاننامه‌كه‌ى نوسینگه‌ى حه‌لبوسى، نێچیرڤان بارزانى، پلانێكی بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەكان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی خستۆتەڕوو، دوای لێكۆڵینەوە لە كێشەكان بە وردی و شەفافی و دارشتنی میكانیزمی هاوبەش بۆ چارەسەركردنیان، ئامادەیی هەرێمیشی نیشانداوه‌ بۆ پێشوازیكردن لە لیژنەیەكی پەرلەمان بۆ بەئاگابوون لە میكانیزمی فرۆشتنی نەوت و داهاتەكەی كە لەژێر سەرپەرشتی كۆمپانیا جیهانیەكاندایە.

دواى ده‌رچوونى یاساى بودجه‌ى گشتى فیدراڵى ساڵى دارایى 2019 و به‌پێى ئه‌و یاسایه‌، پێویسته‌ حكومه‌تى ناوه‌ندى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم بنێرێت، هاوكات بۆ وه‌رگرتنى شایسته‌ دارایییه‌كانى ترى هه‌رێم، پێویسته‌ هه‌رێم رۆژانه‌ داهاتى بڕى 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت، راده‌ستى حكومه‌تى ناوه‌ندى بكات، به‌ڵام تائێستا هه‌رێم هیچ بڕه‌ پاره‌یه‌كى له‌ داهاتى فرۆشتنى نه‌وته‌كه‌ى راده‌ستى حكومه‌تى ناوه‌ندى نه‌كردووه‌، له‌ به‌رامبه‌ریش حكومه‌تى ناوه‌ندى جگه‌ له‌ موچه‌ى فه‌رمانبه‌ران، هیچ شایسته‌یه‌كى دارایى بۆ حكومه‌تى هه‌رێم نه‌ناردووه‌.

هه‌ر سه‌باره‌ت به‌ پرسى هه‌نارده‌ى نه‌وت و راده‌ستكردنى داهاته‌كه‌ى، حكومه‌تى ناوه‌ندى عێراق سكاڵایه‌كى له‌ سه‌ر حكومه‌تى توركیا له‌ دادگایه‌كى نێوده‌وڵه‌تى وڵاتى فه‌ره‌نسا تۆماركردووه‌، هه‌روه‌ها سكاڵایه‌كیشى له‌ دادگاى فیدراڵى له‌سه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم تۆماركردووه‌.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure