وەزارەتی پێشمەرگە داوایەکی بەپەلە لە بەغدا دەکات

هەواڵ / کوردستان :: 20/06/2019‌ :: 263‌ جار بینراوە

تاگ :: پێشمەرگە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ نامه‌یه‌كی به‌په‌له‌ بۆ وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق ده‌نێرت و داوای كۆبوونه‌وه‌ی خێرا ‌و پێكهێنانی ژووی ئۆپراسیۆن ده‌كات، به‌ڵام تائێستا وه‌زاره‌تی به‌رگری وه‌ڵامی نه‌داوه‌ته‌وه‌.

رۆژی (13ی نیسانی 2019) فه‌ریق جه‌بار یاوه‌ر ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌دواڕۆژی راگه‌یاندبوو "له‌نامه‌یه‌كدا داوایانكردووه‌ به‌زووترین كات لیژنه‌ی باڵای هه‌ماهه‌نگی نێوان وه‌زاره‌تی به‌رگری و پێشمه‌رگه‌ كۆببنه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی كاری هاوبه‌ش بكرێت له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان".

ئه‌و داوایه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌بووه‌ كه‌ "هه‌ڕه‌شه‌ی داعش له‌ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان وایكردووه‌، بۆشایی ئه‌منی له‌نێوان پێشمه‌رگه ‌و سوپای عێراق دروستبێت و داعش رۆژانه‌ كرده‌ی تیرۆریستی ئه‌نجامبدەن".

به‌هۆی تێكچوونی دۆخی ئه‌منی ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كان، وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ و به‌رگری به‌جیا پێنج لیژنه‌ی لاوه‌كی و لیژنه‌یه‌كی سه‌ره‌كییان پێكهێناوه‌ بۆ ناوچه‌كانی دیاله‌، سه‌ڵاحه‌ددین، كه‌ركوك، ناوچه‌كانی مه‌خموور، رۆژئاواو رۆژهه‌ڵاتی موسڵ و تائێستا ته‌نیا رووپێویی ناوچه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی به‌رگری كراوه ‌و دوو كۆبوونه‌وه‌ش له‌نێوانیان ئه‌نجامدراوه‌.

له‌باره‌ی وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، سەربەست لەزگین بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە به‌دواڕۆژی راگه‌یاند "پرسی هه‌ماهه‌نگی هاوبه‌ش له‌نێوانماندا به‌ هه‌ڵپه‌رسێردراویی ماوه‌ته‌وه ‌و تائێستا وه‌زاره‌تی بەرگری به‌بێ هیچ هۆكارێكی راگه‌یەندراوه‌، وه‌ڵامی نامه‌كه‌ی ئێمه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه‌".

وتیشی: "پێویستە هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش له‌نێوان پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراقدا هه‌بێت و بەهاوبەشی ئاسایشی ئه‌و ناوچانه‌ بپارێزین و ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئەنجامبدەین، چونكه‌ پاراستنی ئه‌منییه‌تی ئه‌و ناوچانه‌ به‌بێ پێشمه‌رگه‌ ئه‌سته‌مه‌".

پێداچوونەوە و بڵاوكردنەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە