بەغدا دەبێتەهۆی گرانکردنی هێلکە لە هەرێمی كوردستان

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 4294‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ڕاپۆرتی سەنگین خۆشناو


بەهۆی رێگەنەدان بە هاوردەکردنی هێلکەی وڵاتانی تورکیا و ئێران، نرخی هێلکە لە هەرێمی کوردستان گران بووە، بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ دەڵێن "ئەو هەنگاوە نرخی هێلکە بەرزدەکاتەوە، بەڵام سوودی هەبووە و بووەتەهۆی بووژانەوەی پڕۆژەكانی پەلەوەری لە ناوخۆدا".

جەمال ئاکرەیی، بەڕێوەبەری کەرەنتینەی ڤێتەرنەری لە وەزارەتی كشتوكاڵ بە دواڕۆژی راگەیاند "بڕیای قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هێلکە لە تورکیا و ئێران بڕیاری بەغدایە و هەرێمی کوردستانیش پێیەوە پابەندە".

جەمال ئاکرەیی، وتیشی: "بەهۆی ئەو بڕیارەوە نرخی هێلكە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان بەرزبووەتەوە، پێشتر ئەگەر تەبەقی بە نزیكەی سێ‌ هەزار بووبێت، ئێستا بووەتە زیاتر لە پێنج هەزار دینار".

بەڕێوەبەری کەرەنتینەی ڤێتەرنەری، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەو بڕیارە بووەتەهۆی بووژانەوەی كاری پڕۆژەكانی پەلەوەری بەرهەمهێنانی هێلكە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان".

ڕاشیگەیاند "لە 11 پڕۆژەی پەلەوەری بەرهەمێنانی هێلكە، ئێستا پێنجیان بەرهەمیان هەیە ‌و چاوەڕێدەكرێت پڕۆژەكانی دیكەش بكەونەوە كار، ئەگەر هەر 11 پڕۆژەكەی پەلەوەری بەرهەمێنانی هێلكەی خواردن بكەونەوە كار، ئەوا دەتوانن زیاد لە پێویستی ناوخۆ بەرهەمبهێنن".

بڕیارەکەی حکومەتی عێراق جگە لەوەی نرخی هێلکەی بەرزکردووەتەوە، ژمارەیەکی زۆری کرێکار و بازرگانی هێلکەی بێکار کردووە.

حاجی سەعید، بازرگانێکی هێلکەیە لەشاری هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "ماوەی 20 ساڵە هێلکە لە تورکیا هاوردە دەکەین هیچ کێشەیەک نەبووە، ئەو بڕیارە سیاسییە و خەڵک نانبڕاو دەکەن، من ئێستا کە زیاتر لە 12 کرێکارم هەیە، هەموویان بێکار دەبن".

حاجی سەعید، دەشڵێت: "هەفتانە نزیکەی 15 هەزار کارتۆن هێلکەمان لە تورکیاوە هاوردە دەکرد، ئێستا دەمانەوێت هێلکەی کێڵگەکانی ناوخۆ هاوردە بکەین، بەڵام جگە لەوەی کە خواستی لەسەر نییە، خەڵک هێلکەی سور ناخوات، هێلکەی ناوخۆش گرانبووە، بەجۆرێک نرخی تەبەقەیەک هێلکەی خۆماڵی کە پێشتر بە 3000 دینار بوو، ئێستا بە 5000 دینارە".

هەرچەندە لە وەرزی هاوین بەهۆی گەرما هاوڵاتیان کەمتر هێلکە دەخۆن، بەڵام هێشتا خواست لەسەر هێلکە و کەمی بەرهەم وایکردووە نرخەکان بەرز ببنەوە.

بەکر عەلی، خۆی و براکانی ماوەی 13 ساڵە هێلکە دەفرۆشن لە بازاڕی شێخەڵای هەولێر بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "خەڵکی کوردستان هێلکەی خۆمان ناخۆن خواستیان زیاتر لەسەر هێلکەی تورکییە، هەرچەندە هێلکەی خۆمان فرێشە و بێ کێشەیە".

بەکر عەلی، دەشڵێت: "پێش ئەم بڕیارە ڕۆژانە زیاتر لە 10 کارتۆنمان دەفرۆشت، بەڵام ئێستا فرۆشمان 50% دابەزیوە". ئەمەش بەهۆی کەمبوونەوەی هێلکەی تورکی و گرانبوونی نرخەکەی".

سەفین گەردی، بڕیاردەری لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند "بەدوواداچوونمان کردووە و وەزیری کشتوکاڵ بە وەکالەتمان ئاگادار کردووەتەوە کە قەدەغەکردنی هاوردەکردنی هێلکە زیان بە بازاڕ و خەڵکیش دەگەیەنێت".

سەفین گەردی، ڕاشیگەیاند: "پێشنیازمان کردووە لەبری قەدەغەکردن، باج زیاتر بکەن تاوەکو کاریگەری لەسەر بەرهەمی ناوخۆ نەبێت".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە لە هەرێمی کوردستان ئەگەر هەموویان کار بکەن کە ژمارەیان 11 پڕۆژەیە، ساڵانە یەک ملیار ‌و 311 ملیۆن هێلكە بەرهەمیان هەیە، ئەمە لەكاتێكدایە ساڵانە پێویستی هەرێمی كوردستان بە هێلكە نزیكەی 800 ملیۆن هێلکەیە.

پێداچوونەوە و بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure