پزیشكێكی کوالێتی کۆنتڕۆڵی هەرێم دەرمانی بێ کوالێتی پێدەگیرێت

هەواڵ / کوردستان :: 20/06/2019‌ :: 1470‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا

ئاسایشی ڕاپەڕین راپۆرتێکی بەڕێوبەرایەتی کۆنتڕۆڵی هێنان و دروستکردنی دەرمانی هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە و بەرپرسێکی ئەو دەزگایە بۆ دواڕۆژ دەڵێت: "یەکێک لە پزیشکانی ئەندامی ئەو بەڕێوبەرایەتییە لەسەر بازرگانی دەرمانی کوالێتی خراپ فەرمانی دەستگیرکردنی هەیە".



محەمەد فازیڵ بەرپرسی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئاسایشی ڕاپەڕین بە دواڕۆژی راگەیاند "بەڕێوبەرایەتی کۆنتڕۆڵی هێنان و دروستکردنی دەرمان و ئامێرە پزیشکییەکانی هەرێمی کوردستان راپۆرتێکی بڵاوکردبۆوە و باسی لەوە کردووە کە قەزای ڕانیە بۆتە ناوەندی بڵاوکردنەوە و ساغکردنەوەی دەرمانی ساختە و قاچاغ و بێ کوالێتی" .


وتیشی: "ئەوان وەک ئاسایش بەرپرسن لە پاراستنی گیانی هاوڵاتیان بۆ دەستبەسەرداگرتنی هەر دەرمانێکی قاچاغ یا کوالێتی خراپ، نکوڵیش ناکرێ لەوەی دەرمانی خراپ لە دەرمانخانەکانی ڕانیە بوونی هەیە، بەڵام نەک هەر ڕانیە، بەڵکو بەهۆی خراپیی سیستەمی تەندروستی دەرمانی کوالێتی خراپ و قاچاغ لە هەموو کوردستان بوونی هەیە".


باسی لەوەشکرد "جیاواز لەهەموو کوردستان ئەو راپۆرتەی بەڕێوبەرایەتییەکە باسی قەزای ڕانیە و ئیدارەی ڕاپەڕین دەکات کە بۆتە ناوەندی قاچاغچێتی دەرمانی ساختە و بێ کوالێتی، بۆیە ئەوان وەک ئاسایش ئەو راپۆرته بە ناڕاست دەزانن و دورە لە ڕاستی" .


بەرپرسی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئاسایشی ڕاپەڕین روونیشکردەوە "یەکێک لەو پزیشکانەی کە لەو راپۆرتە ناوی قەزای ڕانیەی هێناوە بە ناوی (د/پ.ی.ح) كە ئەندامی سەرەكی كوالێتی كۆنتڕۆڵی هەرێمە لە بەرواری (9/5/2019 ) لەلایەن دادگای ڕانیە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە بە ژمارە 386 بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە دەرمانی بێ کوالێتی" .


محەمەد فازیڵ جەختیشیکردەوە "ئەو پزیشکە خۆی خاوەنی كۆگایە لە سنوری ڕانیە و ئاسایش بڕی دوو تەن دەرمانی بێ کوالێتی لێ‌ گرتووە، کە تا ئێستاش ئامادە نەبووە بچێتە بەردەم دادگا، کەچی تۆمەت بۆ ڕانیە دروستدەکات کە بۆتە ناوەندی بازرگانی دەرمانی ساخته و قاچاغ و بێ کوالێتی" .


پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure