دواڕۆژ زانیارى نوێ له‌سه‌ر چۆنیه‌تى پێدانى ئۆتۆمبێل به‌ مامۆستایان ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 20/06/2019‌ :: 11180‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ده‌رباره‌ى دابینكردنى ئۆتۆمبێل بۆ مامۆستایان به‌بێ پێشه‌كى له‌لایه‌ن كۆمپانیایه‌كه‌وه‌، سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایان زانیارى و ورده‌كارى نوێ ئاشكراده‌كات.


عه‌بدولواحید محه‌مه‌د، سه‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌ مامۆستایانی‌ كوردستان (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 20ى حوزه‌یرانى 2019) رایگه‌یاند: پێدانى ئۆتۆمبێل به‌ مامۆستایان به‌بێ پێشه‌كى به‌پێى ئۆفه‌رێكى نوێیه‌ كه‌ كۆمپانیاى جیهان تایبه‌ت به‌ مامۆستایان دیاریكردووه‌.

وتیشى: "به‌پێى ئه‌و ئۆفه‌ره‌ى كۆمپانیاكه‌ خستوویه‌تیه‌ به‌رده‌میان پێدانى ئۆتۆمبێله‌كه‌ جگه‌ له‌وه‌ى به‌بێ پێشه‌كى ده‌بێت، له‌هه‌مان كاتدا له‌سه‌ر مووچه‌ ده‌بێت و پێویست به‌ تاپۆى خانوو وه‌ك زه‌مانه‌تى وه‌رگرتنى ئۆتۆمبێله‌كه‌ ناكات".

ئه‌و وتانه‌ى سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایان ئه‌مڕۆ له‌میانه‌ى به‌شداریكردنیدا بوو له‌ به‌رنامه‌ى (گزنگرادیۆى دواڕۆژ.

عه‌بدولواحید محه‌مه‌د راشیگه‌یاند: له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ داوایان له‌ كۆمپانیاكه‌ كردووه‌ جۆرى ئۆتۆمبێله‌كان و نرخه‌كانیان و رێژه‌ى قیسته‌كانیان به‌ وردى دیارى بكه‌ن، هه‌روه‌ها داوایانكردووه‌ قیسته‌كان له‌ 36 مانگه‌وه‌ بۆ 40 مانگ درێژ بكرێته‌وه‌ تا بۆ مامۆستایان ئاسانتر بێت.

رونیشیكرده‌وه‌: كۆمپانیا وه‌ڵامیداینه‌وه‌ كه‌ سورن له‌سه‌ر پێشكه‌شكردنى ئه‌و ئۆفه‌ره‌ و له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا، كه‌ پێمان وایه‌ له‌نێوان سێ تا چوار رۆژى داهاتوو ده‌بێت، له‌ رێى نوسراوه‌وه‌ ورده‌كارى ته‌واومان پێده‌درێته‌وه‌ و ئێمه‌ش پاش تاوتوێكردنى ئه‌گه‌ر به‌گونجاومانزانى ده‌یخه‌ینه‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌.

سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایان ئه‌وه‌شى ئاشكراكرد: زۆر جه‌ختمان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ پڕۆسه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كى (حه‌ڵاڵ) بێت، كۆمپانیاش دڵنیایان كردینه‌وه‌ كه‌ بانك سه‌یاره‌كان ده‌كرێت و بانكیش ئۆتۆمبێله‌كان ده‌دات به‌ مامۆستایان.

راشیگه‌یاند: له‌لایه‌ن كۆمپانیاوه‌ رێژه‌ى ئۆتۆمبێله‌كان دیارینه‌كراوه‌، به‌ڵام سه‌ره‌تا پێشنیاریانكرد پڕۆسه‌كه‌ ته‌نها له‌ هه‌ولێر بێت، به‌ڵام ئێمه‌ ره‌تمانكرده‌وه‌ و جه‌ختمان كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ له‌ سه‌رجه‌م شاره‌كان بێت به‌ كه‌ركوك و ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانیش.

دوێنێ سه‌رۆكى یه‌كێتى مامۆستایان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: "گه‌یشتووینه‌ته‌ رێككه‌وتن بۆ دابینكردنی ئۆتۆمبێل به‌ قیست بۆ مامۆستایان كه‌ به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ كۆمپانیاكه‌ به‌بێ پێشه‌كی ئۆتۆمبێل دابینده‌كات و هه‌وڵیش ده‌ده‌ین له‌ رێگه‌ی بانكه‌وه‌ كه‌مترین پاره‌ی زیاده‌ بخرێته‌سه‌ر قیسته‌كان". 

وتیشى: كۆمپانیاكه‌ ئاماده‌یی هه‌موو جۆره‌ هاوكارییه‌كی بۆ مامۆستایان نیشانداوه‌ و به‌پێی رێككه‌وتنه‌كه‌ش پاره‌ی قیسته‌كان ده‌بێت به‌ 36 مانگ بۆ كۆمپانیاكه‌ بگه‌ڕێندرێته‌وه‌.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure