ئازادكردنى تۆمه‌تبارانى ده‌ستدرێژیکردنەسه‌ر منداڵه‌كه‌ی هەولێر كاردانه‌وه‌ى لێدەكه‌وێته‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 21056‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

ئه‌و كه‌سانه‌ى ده‌ستدرێژى سێكسییان كردبووه‌سه‌ر كچه‌ هه‌شت ساڵانەکە له‌لایه‌ن دادگاى هه‌ولێره‌وه‌ به‌ كه‌فاله‌ت ئازادكراون، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ى توندى لێكه‌وتوەته‌وه‌ و پارێزه‌رێكى راوێژكاریش ده‌ڵێت: "ئه‌و كاره‌ى دادگا نایاسایى و پێشلكارییه‌".

لوقمان ئیسماعیل، باوكى ئه‌و كچه‌ هه‌شت ساڵانه‌ى كه‌ له‌ 3ى نیسانى ئه‌مساڵ ده‌ستدرێژى كرابووه‌سه‌ر (دوێنێ چوارشه‌ممه‌ 19ى حوزه‌یرانى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: کچە هه‌شت ساڵانه‌كه‌م له‌ڕێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ى له‌ خوێندنگە، له‌لایه‌ن پێنج كه‌سه‌وه‌ (سێ كه‌س و زڕدایكى و خوشکی زڕدایكییه‌وه‌) رفێندراوه‌ و دواتر مادده‌ى هۆشبه‌رى پێده‌درێت و ده‌ستدرێژى ده‌كرێته‌سه‌ر و راپۆرتى پزیشكیش ئه‌وه‌ى سه‌لماندوه‌.

وتیشى: "دواى ئه‌و تاوانه‌ قێزه‌ونه‌، له‌ 15ى نیسانى ئه‌مساڵدا، له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه‌ پێمانڕاگه‌یاندراوه‌ كه‌ تۆمه‌تبارانى كه‌یسه‌كه‌ ده‌ستگیركراون، به‌ڵام رۆژى 17ى ئه‌م مانگه‌ له‌لایه‌ن دادگاى هه‌ولێره‌وه‌ به‌كه‌فاله‌ت ئازادكراون".

به‌وته‌ى لوقمان ئیسماعیل، براى یه‌كێك له‌ تۆمه‌تبارانى كه‌یسه‌كه‌ پێیڕاگه‌یاندووه‌ کە ئه‌گه‌ر سكاڵاش تۆماربکات هیچت پێناكرێت، بۆیه‌ ئێستاش قسه‌كه‌ی هاته‌دی و ئه‌و كه‌سانه‌ ئازادكران.

كه‌سوكارى كچه‌ هه‌شت ساڵانه‌كه‌، داوا له‌ حكومه‌تى هه‌رێم و ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى و داواكارى گشتى ده‌كه‌ن ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستگیربكەنه‌وه‌ و به‌ سزای یاسایی خۆیان بگه‌یەنن، چونكه‌ وه‌كو خۆیان باسى ده‌كه‌ن "هیچ كه‌س نییه‌ له‌و دۆسیه‌یه‌ پاڵپشتمان بێت، بۆیه‌ غه‌درى گه‌وره‌مان لێده‌كه‌ن".

ئازادكردنى تۆمه‌تبارانى كه‌یسى ده‌ستدرێژییه‌كه‌، كاردانه‌وه‌ى توندى چالاكانى یاسایى و مافه‌كانى منداڵانى لێكه‌وته‌وه‌ و داواده‌كه‌ن دادگاى هه‌ولێر بڕیاره‌كه‌ى هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌.

شیراز ئه‌حمه‌د، چالاكى مافه‌كانى منداڵان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئازادكردنى تۆمه‌تبارانى ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ كارێكى هه‌ڵه‌یه‌ و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك قبوڵی ناكه‌ن، چونكه‌ ئه‌و بڕیاره‌ ده‌بێته‌ هۆكارێك بۆ زیادكردن و دووباره‌كردنه‌وه‌ى كارى له‌وشێوه‌یه‌.

هاوكات رێبین سه‌باح، پارێزه‌رى راوێژكار به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌داخه‌وه‌ دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی هه‌ولێر چه‌ند تۆمه‌تبارێكی تاوانی ده‌ستدرێژى سێكسى و رفاندنی كچێكی خوار ته‌مه‌ن 10 ساڵی به‌ كه‌فاله‌ت ئازاد كردوه‌، ئه‌مه‌ به‌پێی یاسا ئه‌نجامدانى ئه‌و رێكاره نایاسایى و پێشلكردنى یاساكانه‌.

وتیشى: "بۆ ئه‌وه‌ی چیتر شكۆی یاسا نه‌شكێندرێت ئێمه‌ بێده‌نگ نابین و به‌دواداچوون بۆ ئه‌و كه‌یسه‌ ده‌كه‌ین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر گیانی خۆمانى له‌سه‌ر دابنێین".

چالاكانى یاسایى و مافه‌كانى منداڵان، مۆڵه‌تى یه‌ك هه‌فته‌ ده‌ده‌نە دادگاى هه‌ولێر بۆ ئه‌وه‌ى بڕیاره‌كه‌ى هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌ستگیربكات كه‌ تۆمه‌تبارن به‌ ده‌ستدرێژیی سێكسى بۆ سه‌ر كچه‌ هه‌شت ساڵانه‌كه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ "خۆپیشاندان و كاردانه‌وه‌ى توند"یان ده‌بێت.

پ: چ.ع
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure