پارتى داوایه‌كى نوێ له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى ده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 20/06/2019‌ :: 3446‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

10 رۆژى دیكه‌ ئه‌و مۆڵه‌ته‌ ته‌واو ده‌بێت كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كان له‌به‌رده‌ستیدایه‌، به‌ڵام تائێستا پارتى و یه‌كێتى له‌سه‌ر كاندیدێكى هاوبه‌ش بۆ پۆستى وه‌زاره‌تى دادى عێراق رێككنه‌كه‌وتن و پارتى_ش بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كه‌ داوایه‌كى له‌ سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق كردووه‌.


له‌ 30ى حوزه‌یراندا، ئه‌و ماوه‌یه‌ كۆتایى دێت كه‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى بۆ پڕكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كانى كابینه‌كه‌ى وه‌ك به‌ڵێن به‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانى داوه‌، به‌ڵام پارتى و یه‌كێتى له‌سه‌ر كاندیدێكى هاوبه‌ش بۆ پۆستى وه‌زاره‌تى داد رێكنه‌كه‌وتوون له‌كاتێكدای یه‌كێتى پۆسته‌كه‌ به‌ مافى خۆى ده‌زانێت.

ئه‌ندامێكى سه‌ركردایه‌تى پارتى دیموكراتى كوردستان (ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 20ى حوزه‌یرانى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: پارتى داواى له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى كردووه‌، كه‌ خۆى كوردێكى لێهاتوو بۆ پۆستى وه‌زاره‌تى داد ده‌ستنیشان بكات، ئه‌گه‌ر هاتوو له‌گه‌ڵ یه‌كێتى له‌سه‌ر یه‌كلایكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كه‌ رێكنه‌كه‌وتن.

پارتى و یه‌كێتى لە 4ی ئازار و 5ى ئایارى 2019، دوو رێككه‌وتنیان له‌باره‌ى به‌شدارى له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێم و دانانى پارێزگارێكى كورد له‌ پشكى یه‌كێتى له‌ كه‌ركوك و دانانى وه‌زیرى دادى حكومه‌تى عێراق له‌ پشكى ئه‌و حزبه‌ ئیمزاكرد، به‌ڵام یه‌كێتى پێیوایه‌ "پارتى رێككه‌وتنه‌كان جێبه‌جێناكات" بۆیه‌ هه‌وڵده‌دات به‌بێ ره‌زامه‌ندى پارتى پۆسته‌كه‌ وه‌ربگرێت.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ، تائێستا پارتى و یه‌كێتى له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته‌ رێكنه‌كه‌وتون و یه‌كێتى ده‌یه‌وێت بۆ یه‌كلایكردنه‌وه‌ى پۆسته‌كه‌ ره‌زامه‌ندى پارتى وه‌ربگرێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر تاوه‌كو 30ى حوزه‌یران نه‌گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن، ئه‌وا یه‌كێتى هاوشێوه‌ى وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق به‌ ده‌نگدان و له‌ڕێگه‌ى په‌رله‌مانه‌وه‌ هه‌وڵى وه‌رگرتنى پۆسته‌كه‌ ده‌دات.

جگه‌ له‌ وه‌زاره‌تى داد، هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانى ناوخۆ و به‌رگرى به‌هۆى ناكۆكى نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى عێراق پڕنه‌كراونه‌ته‌وه‌.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure