ناردنی نەوتی گەرمیان بۆ هەولێر كێشەی تێدەكەوێت

هەواڵ / ئابوری :: 19/06/2019‌ :: 4067‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن

ئه‌مڕۆ بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ شه‌ش كاتژمێر هه‌نارده‌ى نه‌وتى گه‌رمیان بۆ هه‌ولێر ڕاگیرا و به‌ وته‌ى بەرپرسێک، كۆمپانیاى په‌یوه‌ندیدار گرێبه‌سته‌كه‌ى كۆتایی هاتووه‌ و دواى نوێكردنه‌وه‌ى گرێبه‌سته‌كه‌ ده‌ستى به‌كاره‌كانى كردووه‌ته‌وه‌. 


رامیار عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى ناحیه‌ى سه‌رقه‌ڵا (ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 19ى حوزه‌یرانى 2019) به‌دواڕۆژى راگه‌یاند "ئەمڕۆ له‌ کێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانى گه‌رمیان له‌ سنوورى سه‌رقه‌ڵا هه‌نارده‌ى نه‌وت له‌ڕێگه‌ى تانكه‌ره‌وه‌ بۆ هه‌ولێر بۆ ماوه‌ى زیاتر له‌ شه‌ش كاتژمێر ڕاگیرا". 

وتیشى: "هۆكاره‌كه‌ى ئه‌وه‌بووه‌ كۆمپانیاى جێبه‌جێكار (بلاك بول) كه‌ ماوه‌ى دوو ساڵه‌ كارى گواستنه‌وه‌ى نه‌وتى گه‌رمیان بۆ هه‌ولێری له‌ڕێگه‌ى تانكه‌ره‌وه‌ له‌ ئه‌ستۆ گرتووه‌، گرێبه‌سته‌كه‌ى له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان كۆتایى هاتووه‌ و دواى ئه‌وه‌ى هه‌ر ئه‌مڕۆ گرێبه‌سته‌كه‌ى نوێكرده‌وه‌، دیسانه‌وه‌ ده‌ستى به‌كاره‌كانى كرده‌وه‌". 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: نه‌وتى گه‌رمیان ڕۆژانه‌ 35 هه‌زار به‌رمیله‌ و كۆمپانیاى ناوبراو له‌ڕێگه‌ى 165 تانكه‌رەوه‌ ڕۆژانه‌ له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ ده‌یگوازێته‌وه‌ بۆ هه‌ولێر. 

نه‌وتى گه‌رمیان له‌لایه‌ن كۆمپانیاى گازپرۆمه‌وه‌ ده‌رده‌هێندرێت و بڕه‌كه‌ى ڕۆژانه‌ 35 هه‌زار به‌رمیله‌ و له‌ ئێستادا كیڵگه‌ى كه‌وا چه‌رموو-ش ته‌واوكراوه‌ و پێشبینیده‌كرێت به‌منزیكانه‌ به‌رهه‌مهێنانى نه‌وتى گه‌رمیان بۆ 45 هه‌زار به‌رمیل زیاد بکات.

پ: ن.ر

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure