ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم ناونیشانی 30 هەزار فەرمانبەر و مامۆستا دەكاتە هەمیشەیی

هەواڵ / کوردستان :: 19/06/2019‌ :: 55183‌ جار بینراوە

تاگ :: موچە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی


بەرپرسێکی باڵای ئەنجومەنی وەزیران رایدەگەیەنێت "بەپێی پلانی وەزارەتی دارایی کە لە بودجەی ساڵی 2019 دا جێیکراوەتەوە، سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست دەکرێنە هەمیشەیی".


سەرچاویەکی باڵا لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان تایبەت بۆ دواڕۆژ وتی: "دوای راگەیاندنی بڕیاری دامەزراندنی هەمیشەیی لە فەرمانگەکانی حکومەت لەساڵی ۲٠۱٤ لەوکاتەوە وەزارەتی دارایی و ئابووری لەسەر داوای وەزارەتەكانی حکومەتی هەرێم زیاتر لە ۳٠ هەزار فەرمانبەر و مامۆستای بەشێوەی گرێبەست دامەزراندووە کە ساڵانی ماوەی گرێبەستەکانیان لەنێوان ۲ بۆ ٥ ساڵە".

ئەو سەرچاویە وتیشی: "هەرچەندە بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی دارایی، دەبوو دوای سێ ساڵ، گرێبەستی هەر فەرمانبەرێک لەكاتییەوە بکرێت بە هەمیشەیی، بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجە و قەیران ئەوە نەکرا، بۆیە نەتوانرا دابمەزرێن، بەڵام ساڵی ۲٠۱۹ دادەمەزرێن".

لەبارەی دامەزراندنیانەوە ئەو سەرچاویە تایبەت بۆ دواڕۆژ وتی: "بەپێی پلانی وەزارەتی دارایی کە لە بودجەی ساڵی 2019 دا جێیکراوەتەوە و بودجەی بۆ تەرخانکراوە سەرۆک و جێگری ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دارایی خستیانە ناو بودجەوە سەرجەم فەرمانبەران و مامۆستایانی گرێبەست دەکرێنە هەمیشەیی کە ژمارەیان زیاتر لە ۳٠ هەزارە".

لەبارەی دامەزاراندنی گرێبەستی نوێ ئەوسەرچاویە وتی: "حکومەت پێشتر بە وەزارەتەکانی وتووە کە چەند میلاکیان پێویستە بینێرین بۆ ئەوەی دوای دیراسەکردن فەرمانبەریان بەپێی گرێبەست بۆ دابمەزرێت و لەمەودواش هەر فەرمانبەرێک سێ ساڵ خزمەت بکات، راستەوخۆ دەبێتە هەمیشەیی".

 

پێداچوونەوە و بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure