به‌ چه‌ند چالاكییه‌ك فێستیڤاڵى منداڵان كۆتایی هات

هەواڵ / که‌لتور :: 19/06/2019‌ :: 176‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن

ئه‌مڕۆ له‌ فێستیڤاڵی تایبه‌ت به‌ منداڵان كه‌ له‌ سنوورى گه‌رمیان بۆ ماوه‌ى هه‌شت ڕۆژ به‌رده‌وامى هه‌بوو، له‌ شارى كه‌لار به‌ چه‌ند چالاكییه‌كى هونه‌رى كۆتایى به‌كاره‌كانى هات. 


ده‌رون عومه‌ر، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى چاودێرى و گه‌شه‌پێدانى كۆمه‌ڵایەتى گه‌رمیان (ئەمڕۆ چوارشەممە 19ی حوزەیرانی 2019) به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ له‌ شارى كه‌لار كۆتایمان به‌ فێستیڤاڵى تایبه‌ت به‌ ڕۆژى جیهانى منداڵان هێنا و تێیدا چه‌ندین كارى هونه‌رى له‌ بواره‌كانى كارى ده‌ستى، میوزیک و گۆرانى و شێوه‌كارى و شانۆ نمایشكران. 

وتیشى: "له‌به‌ر ئه‌وه‌ى ڕۆژى جیهانى منداڵان كه‌وته‌ نێو ڕه‌مه‌زانه‌وه‌، بۆیه‌ له‌ دواى پشووى جه‌ژن هه‌ستاین به‌ ئه‌نجامدانى ئه‌و فێستیڤاڵه‌ و یه‌كه‌م ڕۆژى له‌ شارى كفرییه‌وه‌ ده‌ستى پێكرد و دواتر له‌ خانه‌قین و ناحییه‌كانى سه‌رقه‌ڵا و ڕزگارى و كه‌مپى ئاواره‌كان بەڕێوەچوو". 

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: فێستیڤاڵه‌كه‌ هه‌شت ڕۆژى خایاند و مه‌به‌ستمان بووه‌ خزمه‌تى زیاتر به‌ منداڵان بكه‌ین له‌ هه‌موو ناوچه‌كانى گه‌رمیان و هه‌روه‌ها له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا منداڵانى به‌ڕه‌گه‌ز عه‌ره‌بیش به‌شداریان پێكراوه‌ و ئه‌مڕۆ له‌ كۆتا ڕۆژدا 80 منداڵى ئاواره‌ و عه‌ره‌بى دانیشتووى ناوچه‌كه‌ به‌شدارى چالاكیه‌كانیان كردووه‌.

پ: ن.ر



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure