هۆكاری سه‌ربڕینی زەهرا ئاشكرا بوو

هەواڵ / عێراق :: 19/06/2019‌ :: 14468‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سیروان حه‌سه‌ن 


دوای ئه‌وه‌ی له‌چه‌ند ڕۆژی رابوردوودا له‌ سنووری پارێزگای دیاله‌ منداڵێكی ته‌مه‌ن پێنج ساڵان پاش ڕفاندنی به‌سه‌ربڕاویی له‌ پشته‌وه‌ی خانووه‌كه‌یان دۆزرایه‌وه‌، پۆلیسی دیاله‌ ئاشكرایده‌كات بكوژه‌كه‌ی له‌به‌ر كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئەو منداڵەی كوشتووه‌.


غالب عه‌تییه‌ وته‌بێژی پۆلیسی دیاله‌ به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌ڕێگه‌ی لیژنه‌یه‌كی ئه‌منی تایبه‌ته‌وه‌ توانیویانه‌ بكوژی "زه‌هرای ته‌مه‌ن پێنج ساڵ"‌ منداڵه‌ سه‌ربڕاوه‌كه‌ی شارۆچكه‌ی خاڵس لەسنووری پارێزگای دیاله‌ ده‌ستگیر بكه‌ن".

وتیشی: "بكوژه‌كه‌ دانی به‌ تاوانه‌كه‌یدا ناوه‌ كه‌ ئامۆزای باوكی قوربانییەكەیە و پێشتر كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌گه‌ڵ كه‌سوكاری "زه‌هرا" هه‌بووه،‌ بۆیه‌ هه‌ستاوه‌ به‌ ڕفاندن و دواتر سه‌ربڕینی ئەو كچە پێنج ساڵەیان".

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، تۆمه‌تباره‌كه‌ خه‌ڵكی هه‌مان ناوچه‌یه‌ و ته‌مه‌نی 48 ساڵه‌ و له‌ئێستادا له‌لایه‌ن دادگاوه‌ لێكۆڵینه‌وه‌كان سه‌باره‌ت به‌و دۆسیه‌یه‌ به‌رده‌وامیی هه‌یه.

دۆسیه‌ی ڕفاندن و سه‌ربڕینی "زه‌هرا"ی ته‌مه‌ن پێنج ساڵان له‌ دیاله‌ و شاره‌كانی دیكه‌ی عێراق به‌شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌دوای خۆیدا هێناوه‌ و داوای له‌سێداره‌دانی بكوژه‌كه‌ ده‌كرێت.


پێداچوونەوە و بڵاوكردنەوە: ئارام غەفور 



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure