پێش ئه‌وه‌ی ببیته‌ رووه‌كخۆر ئەم زانیارییانە بزانە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 19/06/2019‌ :: 505‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

سووده‌ ژینگه‌یى و ته‌ندروستى و ره‌وشتییه‌كانى رووه‌كخۆریى و وازهێنان له‌ خواردنى گۆشت و به‌رهه‌مه‌ ئاژه‌ڵییه‌كان راستییه‌كه‌ هیچ گومانێكى تێدا نه‌ماوه‌. رۆژ به‌ڕۆژ ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ زیاتر ده‌بێت كه‌ ده‌بن به‌ رووه‌كخۆر.


دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ گۆشت و ماسى و شیره‌مه‌نى و هێلكه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى سه‌رنجڕاكێش و پڕ ته‌حه‌دایه‌، به‌پێى توێژینه‌وه‌یه‌كى زانكۆى ئۆكسفۆرد رووه‌كیبوون تاقه‌ كاریگه‌رترین رێگایه‌ بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى زیانگه‌یاندن به‌ زه‌وى و ژینگه‌. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌ سووده‌كانى دووركه‌وتنه‌وه‌ له‌ خواردنى ئاژه‌ڵ و په‌له‌وه‌ره‌ به‌خێوكراوه‌كان كه‌ كاریگه‌رى خراپیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر ژیان و هه‌ندێك جار هێنده‌ دژه‌به‌كتریا و ده‌رمانى قه‌ڵه‌وییان پێ ده‌درێت كه‌ مه‌ترسى دروست ده‌كه‌ن بۆسه‌ر ته‌ندروستى و ژیانمان.

تۆ ئه‌گه‌ر تائێستا گۆشتخۆر بووبیت نازانیت له‌كوێوه‌ ده‌ستپێبكه‌یت بۆ ئه‌وه‌ى ببیت به‌ رووه‌كخۆر. ئایا له‌پڕ ده‌ستپێبكه‌یت و یه‌كسه‌ر هه‌موو به‌رهه‌مێكى ئاژه‌ڵ له‌خۆت حه‌رام بكه‌یت یان باشتر وایه‌ ورده‌ ورده‌ و هه‌نگاو به‌هه‌نگاو ببیته‌ مرۆڤێكى ته‌واو رووه‌كخۆر؟

بۆ وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره‌ مشتومڕه‌كان تائێستاش به‌رده‌وامن و پسپۆڕان ده‌ڵێن هه‌ردوو رێگاكه‌ وه‌كو یه‌ك وان. ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر خودى كه‌سه‌كه‌ چى به‌لاوه‌ ئاسان و كرده‌نییه‌ ئه‌وه‌ هه‌ڵده‌بژێرێت. به‌ڵام هاوسه‌نگییه‌كه‌ زیاتر به‌لاى ئه‌وه‌دا ده‌چێت كه‌ هه‌نگاو به‌هه‌نگاو ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ ئه‌نجام بده‌یت و له‌باتى هه‌موو به‌رهه‌مێكى ئاژه‌ڵى جێگره‌وه‌یه‌كى رووه‌كى بدۆزیته‌وه‌.

به‌رامبه‌ر كاردانه‌وه‌ى نه‌رێنى هاوڕێ و كه‌سوكار چى بكه‌ین؟
مه‌سه‌له‌كه‌ به‌بێ تووڕه‌بوون وه‌ربگره‌ به‌ڵام سووربه‌ له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ت و بیرت نه‌چێت خۆیشت رۆژێك له‌ رۆژان به‌لاته‌وه‌ سه‌یر بووه‌ مرۆڤ گۆشت و به‌رهه‌مه‌كانى ئاژه‌ڵ نه‌خوات. به‌ هێمنى سووده‌كانى ئه‌و رێبازه‌ روونبكه‌ره‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى رۆڵى مامۆستا بگێڕیت.

چۆن بزانم پڕۆتینى پێویست له‌ رووه‌ك به‌ده‌ست ده‌هێنم؟
كه‌ ده‌بیت به‌ رووه‌كخۆر زۆرجار ئه‌و پرسیاره‌ت لێ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ پرسیار و ترسێكى نابه‌جێیه‌ چونكه‌ له‌ڕاستیدا رووه‌ك ده‌توانێت هه‌موو ئه‌و جۆره‌ پڕۆتینه‌ پێویستانه‌ دابین بكات كه‌ به‌ردى بناغه‌ى ترشه‌ ئه‌مینییه‌كانن. سه‌رچاوه‌ باشه‌كانى پڕۆتینى رووه‌كى بریتین له‌ پاقله‌مه‌نییه‌كان و نیسك و تۆوى زۆربه‌ى رووه‌كه‌ باوه‌كان و چه‌ره‌سات.

ئه‌ى ڤیتامین و كانزاكان؟
گرنگترین خاڵ لێره‌دا ڤیتامین B12یه‌ كه‌ زیاتر له‌ گۆشت و ماسى و هێلكه‌دایه‌. كه‌مى ئه‌م ڤیتامینه‌ مرۆڤ بێ هێز و لاواز ده‌كات. ده‌توانیت ئه‌م ڤیتامینه‌ راسته‌وخۆ له‌ ده‌رمانخانه‌كانه‌وه‌ بكڕیت یان له‌ هه‌ندێك سه‌رچاوه‌ى خۆراكی رووه‌كیدا هه‌یه‌ وه‌ك شۆفان و جێگره‌وه‌كانى شیره‌مه‌نییه‌كان. شیرى رووه‌كیش هێنده‌ى شیرى مانگا كالیسیۆمى تێدایه‌.

ئایا خۆراكى رووه‌كى گرانتر نییه‌؟
به‌لاى زۆر كه‌سه‌وه‌ خۆراكه‌ رووه‌كییه‌ باشه‌كان گرانترن له‌ خۆراكه‌ ئاژه‌ڵییه‌كان. ئه‌م قسه‌یه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌ك راسته‌ به‌ڵام ته‌نیا هه‌ندێك فرۆشگاى تایبه‌ت كاڵا رووه‌كییه‌كانیان گرانه‌، زوربه‌ى فرۆشگاكان وا نین جگه‌ له‌وه‌ش پاراستنى ته‌ندروستى خۆت له‌ پاره‌ گرنگتره‌.

ئایا بچم بۆ ده‌عوه‌تى ماڵان؟
ئه‌مه‌ په‌یوه‌سته‌ بە راده‌ى متمانه‌ت به‌ خاوه‌ن ده‌عوه‌ته‌كه‌، كه‌ ئاخۆ رێزى رووه‌كیبوونه‌كه‌ت ده‌گرێت یان نا. ئه‌گه‌ر زانیت وانییه‌ بچۆ بۆ میوانییه‌كه‌ به‌ڵام ته‌نیا تۆزێك خواردنه‌وه‌ى گازى و شه‌ربه‌ت بخۆره‌وه‌. رێگه‌یه‌كى تر ئه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌گه‌ڵ خۆتدا خواردنه‌كه‌ت ببه‌یت. به‌مه‌ ده‌رفه‌تێك دروست ده‌بێت كه‌ ئه‌وانیش ئاشنایه‌تى په‌یدا بكه‌ن له‌گه‌ڵ خۆراكى رووه‌كیدا.

چى بكه‌م ئه‌گه‌ر زۆر حه‌زم له‌ گۆشت كرد؟
وازهێنان له‌ خوویه‌ك كه‌ ده‌یان ساڵه‌ په‌یڕه‌وى ده‌كه‌یت كارێكى ئاسان نییه‌، بۆن و تام و شێوه‌كانى گۆشت زۆر كه‌س له‌خشته‌ ده‌به‌ن. خۆشبه‌ختانه‌ ئه‌مڕۆ چه‌ندین جێگره‌وه‌ى گۆشت هه‌یه‌ به‌ هه‌مان تام و بۆن و چێژه‌وه‌. ئێستا هه‌موو جۆره‌كانى گۆشت به‌شێوه‌ى رووه‌ك هه‌ن.

ئه‌ى ئه‌گه‌ر حه‌زم له‌ خواردنى رووه‌ك نه‌بێت؟
ئه‌و خۆراكه‌ رووه‌كییانه‌ بخۆ كه‌ پێت نامۆ نین وه‌ك نیسك و پاقله‌ و فاسۆلیا و پیاز و گێزه‌ر و رووه‌كه‌كانى دیكه‌، نه‌ك ئه‌و خۆراكه‌ رووه‌كیانه‌ى كه‌ له‌ تام و شێوه‌دا پێت ئاشنا نین.

ئایا كێشى مرۆڤى رووه‌كخۆر چۆن ده‌بێت؟
دیاره‌ ته‌نیا ئه‌گه‌ر هه‌ر زه‌ڵاته‌ بخۆیت گیروگرفتێكت له‌و رووه‌وه‌ نایه‌ته‌ رێ، به‌ڵام خۆ ناكرێت هه‌ر زه‌ڵاته‌ بخۆیت. به‌رنامه‌ى باش داڕێژراو بۆ خۆراكى رووه‌كى به‌جۆرێكه‌ كه‌ ده‌توانێت ژیانێكى ته‌ندروست بۆ هه‌موو ته‌مه‌نێك دابین بكات. رووه‌كیبوون ماناى ئه‌وه‌ نییه‌ كه‌ تۆ پارێز ده‌كه‌یت. رووه‌كیبوون ئه‌وه‌ نییه‌ به‌ خۆراك بڵێیت نه‌خێر، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بڵێ به‌ڵێ.

ئایا له‌ هه‌موو شوێنێكدا خۆراكى رووه‌كى ده‌ستده‌كه‌وێت؟
مه‌رج نییه‌ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ له‌ هه‌موو شوێنێكدا هه‌بێت به‌ڵام خۆ ده‌توانیت له‌ ماڵه‌كه‌تدا شوێنێك تایبه‌ت بكه‌یت بۆ روواندنى سه‌وزه‌ و میوه‌ و ته‌نیا بۆ بابه‌تى زۆر پێویست ناچار ئه‌بیت بچیت بۆ بازاڕ.

ئه‌ى ئه‌گه‌ر هاوژینه‌كه‌م نه‌یویست ببێت به‌ رووه‌كخۆر؟
مه‌رج نییه‌ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ كاربكاته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌كانتان. خواردنێك بدۆزه‌ره‌وه‌ كه‌ هه‌ردووكتان حه‌زتان لێى بێت، یان به‌جیا خواردن بخۆ. چه‌ندین په‌یوه‌ندى سه‌ركه‌وتوو هه‌یه‌ كه‌ دوو هاوژینه‌كه‌ دوو بیروڕاى سیاسى جیاوازیان هه‌یه‌. هه‌میشه‌ خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كان زیاترن.

ئایا رووه‌كیبوون بۆ منداڵ باشه‌؟
به‌ڵێ ده‌كرێت ته‌نیا به‌ خۆراكى رووه‌كى هه‌موو پێداویستییه‌كانى گه‌شه‌كردنى منداڵ دابین بكرێت.

ئه‌ى ئه‌گه‌ر جارێك له‌ جاران خواردنێكى ئاژه‌ڵیم خوارد؟
زۆر به‌ئاسایى وه‌ریبگره‌ ئێمه‌ مرۆڤین و هه‌ڵه‌ ده‌كه‌ین. وره‌ت نه‌ڕوخێ و دووباره‌ بگه‌ڕێره‌وه‌ سه‌ر به‌رنامه‌كه‌ى خۆت. له‌خۆت بپرسه‌ بۆچى گه‌ڕایته‌وه‌ بۆ گۆشت خواردن هۆكاره‌كه‌ بدۆزه‌ره‌وه‌ و چاره‌سه‌رى بكه‌.

ئێمه‌ هێشتا نه‌گه‌یشتووینه‌ته‌ سه‌رده‌مى رووه‌كیبوون له‌به‌رئه‌وه‌ به‌رده‌وام كێشه‌مان دێته‌ رێ به‌ڵام ده‌بێت هه‌میشه‌ هه‌وڵ بده‌ین.

 

سه‌رچاوه‌: رۆژنامه‌ى گاردیان
نووسینى: سیرین كه‌یل
وه‌رگێڕانى: دواڕۆژ



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure