بۆنه‌ "ژه‌هراویه‌كه‌" هاوڵاتیانى هه‌ولێر تووشى "شێرپه‌نجه‌" ده‌كات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 19/06/2019‌ :: 12717‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌هۆى لانه‌بردنى پاڵاوگه‌ "نایاساییه‌كانه‌وه‌" جارێكى دیكه‌ى "بۆنه‌ ژه‌هراوه‌ییه‌كه‌" سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و مه‌ترسى له‌سه‌ر به‌شێك له‌ هاوڵاتیانى هه‌ولێر دروستده‌كات، سه‌رۆكى لیژنه‌ى پیشه‌سازى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاش ده‌ڵێت: "به‌شێك له‌و پاڵاوگانه‌ به‌رپرسانی باڵایان له‌ پشته‌وه‌یە و لابردنیان زه‌حمه‌ته‌".


زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌، بڵاوبونه‌وه‌ى بۆنى پاڵاوگه‌كانى نه‌وت له‌ ده‌وروبه‌رى هه‌ولێر سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ دانیشتووانى باشوور و رۆژئاواى شاره‌كه‌ نیگه‌رانن.

وه‌لی حازم، دانیشتووى گه‌ڕه‌كى ژیان له‌ هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى وت: ساڵى پار كێشه‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و بۆنه‌ هه‌بوو و چاره‌سه‌ركرا، به‌ڵام ئه‌مساڵ دیسان جارێكى بڵاوبۆته‌وه‌.

ئه‌و هاوڵاتییه‌، وتیشى: "به‌هۆى بڵاوبوونه‌وه‌ى بۆنه‌كه‌ هاوڵاتیانى 15 گه‌ڕه‌كى باشوور و رۆژئاواى هه‌ولێر له‌گه‌ڵ ناحیه‌كانى قوشته‌په‌ و شه‌مامك و داره‌توو، بێزاربوون".

پێشتر قایمقامى هه‌ولێر داخستنى 57 پاڵاوگه‌ى نایاسایى و سزادانى ژماره‌یه‌ك مۆلیده‌ى ئه‌هلى راگه‌یاند، به‌ڵام هێشتا بۆنه‌كه‌ له‌ چه‌ند شوێنێكى هه‌ولێر دێت.

هاوكات لیژنه‌كانى ته‌ندروستى و سامانه‌ سروشتییه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگا چه‌ند جارێك راپۆرتیان له‌سه‌ر بۆنه‌ ژه‌هراوه‌یه‌كه‌ بڵاوكردۆته‌وه‌ و داوایانكردووه‌ رێككارى توند به‌رامبه‌ر خاوه‌ن پاڵاوگه‌ و مۆلیده‌ ئه‌هلییه‌كان بگیرێته‌به‌ر، به‌ڵام گوێ به‌و راپۆرتانه‌ نه‌دراوه‌.

به‌پێى راپۆرته‌كه‌، هۆكاره‌كه‌ى بۆنه‌ ناخۆشه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كه‌ پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان و خه‌ڵك به‌شێوه‌ى قاچاغ گاز له‌ بیره‌ نه‌وته‌كانى نزیك مه‌خموور و گه‌یاره‌ دێنن و خۆڵ و تێزابى تێكه‌ڵده‌كه‌ن و ده‌یفرۆشنه‌وه‌ به‌ به‌شێك له‌ مۆلیده‌كان و ئه‌وانیش به‌كاریده‌هێنن و له‌ئه‌نجامدا بۆنێكى ژه‌هراوى زۆر خراپ دروستده‌بێت و تێكه‌ڵى هه‌واى شاره‌كه‌ ده‌بێت، ئه‌مه‌ش زیانى زۆر گه‌وره‌ى له‌سه‌ر ته‌ندروستى هاوڵاتیان و ژینگه‌ى هه‌ولێر ده‌بێت.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى راپۆرته‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شكراوه‌: به‌شێك له‌ خاوه‌ن پاڵاوگه‌كان ئه‌و گازوایله‌ خراپه‌ به‌كارده‌هێنن، چونكه‌ نرخه‌كه‌ى زۆر هه‌رزانتره‌ له‌و نرخه‌كه‌ى كه‌ حكومه‌ت دیاریكردووه‌.

پرسه‌كه‌ فه‌رمانگه‌ى ژینگه‌ى شاره‌كه‌شى جوڵاندووه‌ كه‌ له‌ راپۆرتێكدا مه‌ترسیه‌كه‌ى به‌ روونى دیاریده‌كات و ده‌ڵێت: بۆنه‌ ژه‌هراوه‌ییه‌كه‌ مه‌ترسى له‌سه‌ر ته‌ندروستى هاوڵاتیان هه‌یه‌ و تووشى شێرپه‌نجه‌یان ده‌كات.

ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى ژینگه‌ى هه‌ولێر به‌ دواڕۆژى رایگه‌یاند: دووبارە بۆنی ناخۆش و گازی H2S و چەندین گازی تر چەند رۆژێکە له‌ هه‌ولێر هەستى پێدەکرێت، كه‌ هۆكاره‌كه‌ى بۆ  پاككردنه‌وه‌ى گازوایل و پاڵاوگەکانە ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ کە بەسەرپێچی کاردەکەن و گازەکان ناسوتێنن، ئه‌مه‌ش دەبێتە هۆی بڵاوبونەوەی ئەم بۆنە بەتایبەت لەم وەرزى گەرما.

وتیشى: "داوامان له‌ حكومه‌ت و پارێزگا و قایمقایه‌تى هه‌ولێر كردووه‌ چاره‌سه‌رى یه‌كجاره‌كى بكه‌ن، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆكارى نه‌خۆشى و مه‌ترسیدار بۆ هاوڵاتیانى هه‌ولێر".

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى ماوه‌ى دوو مانگه‌، وه‌زاره‌تى ناوخۆ بڕیاریداوه‌ سه‌رجه‌م پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان له‌ پارێزگاكانى هه‌رێم لاببرێن، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا به‌شێك له‌و پاڵاوگانه‌ له‌ هه‌ولێر ماون و كارده‌كه‌ن.

نافیز ناوپردانی، سەرۆكی لێژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگاى هه‌ولێر بە دواڕۆژی راگەیاند: هەوڵی زۆر هەیە بۆ لابردن و داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان، بەڵام به‌شێك له‌و پاڵاوگانه‌ به‌رپرسانی باڵایان له‌پشته‌وه‌یە بۆیە کاتی زیاتری دەوێت تا حکومەت بتوانێت پاڵاوگەکان دابخات.

وتیشى: "هه‌رچه‌نده‌ به‌پێى بڕیارى وه‌زاره‌تى ناوخۆ به‌زه‌برى هێز پاڵاوگه‌كان داده‌خرێن، به‌ڵام ئه‌و هه‌نگاوه‌ زه‌حمه‌ته‌".

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure