دوو دز له‌كاتی دزیكردندا گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 19/06/2019‌ :: 562‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، ئازوو محه‌مه‌د

خێزانه‌كه‌م منداڵه‌كه‌مانی له‌باوه‌شگرت و به‌په‌له‌ چوو بۆ نهۆمه‌كانی خواره‌وه‌ تا هه‌واڵی دزی بداته‌ دراوسێكان، منیش به‌په‌له‌ په‌یوه‌ندیم كرد به‌ پۆلیسه‌وه‌، چه‌ند خوله‌كێك دواتر یه‌كێك له‌ دراوسێكان وتی: ته‌له‌فۆن بۆ فریاكه‌وتنى خێرا بكه‌، یه‌كێك له‌ دزه‌كان خۆی له‌ په‌نجه‌ره‌وه‌ خستووه‌ته‌ خواره‌وه‌. 


به‌شی كۆمه‌ڵایه‌تی سایتی (باشگایی خه‌به‌رنگارانی پویا)ی ئێرانی له‌ راپۆرتێكدا بڵاویكرده‌وه‌: شه‌وی سێشه‌ممه‌ 18ی حوزه‌یران، سێ كه‌س بۆ دزیكرن ده‌چنه‌ باڵه‌خانه‌یه‌ك له‌ یه‌كێك له‌ گه‌ڕه‌كه‌ ده‌وڵه‌مه‌ندنشینه‌كانی تاران و ده‌چنه‌ نهۆمی چواره‌م.

سه‌عید ئێحسانی، خاوه‌نی یه‌كێك له‌ یه‌كه‌كانى باڵه‌خانه‌كه‌ ده‌ڵێت: "ئه‌و شه‌وه‌ یادی له‌دایكبوونی كوڕه‌كه‌مان بوو، بۆ كڕینی كه‌لوپه‌لی ئاهه‌نگی له‌دایكبوون چوبوینه‌ ده‌ره‌وه‌، كه‌ هاتینه‌وه‌ گوێمان له‌ ده‌نگه‌ده‌نگ بوو له‌ ماڵه‌كه‌ماندا، زانیمان دز هاتووته‌ سه‌رمان، بۆیه‌ خێزانه‌كه‌م به‌په‌له‌ كوڕه‌كه‌مانی برده‌ خواره‌وه‌ و هه‌واڵی دایه‌ دراوسێكانمان، منیش په‌یوه‌ندیم به‌ پۆلیسه‌وه‌ كرد، یه‌كێك له‌ دراوسێكانمان وتی په‌یوه‌ندی بكه‌ به‌ فریاكه‌وتنی خێراوه‌، یه‌كێك له‌ دزه‌كان خۆی له‌ په‌نجه‌ره‌كه‌وه‌ خستووه‌ته‌ خواره‌وه‌".

له‌گه‌ڵ دراوسێكان چوینه‌ سه‌ربان، تا ببینین دزه‌كانی تر له‌وێن یان نا، یه‌كێكی دیكه‌ له‌ دزه‌كان خۆی به‌ په‌رده‌ی په‌نجه‌ره‌وه‌كه‌وه‌ هه‌ڵواسی و ده‌چووه‌ خواره‌وه‌، پێمانوت ئه‌و كاره‌ مه‌كه‌، هاوڕێكه‌یشت وایكردووه‌ و كه‌وتووته‌ خواره‌وه‌ و گیانی له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام دزه‌كه‌ به‌ قسه‌ی نه‌كردین، له‌وكاته‌دا په‌رده‌كه‌ به‌ ده‌ستیه‌وه‌ پچرا و ئه‌ویش كه‌وته‌ خواره‌وه‌.

سه‌عید له‌ درێژه‌دا ده‌ڵێت: "ده‌رگای ماڵه‌كه‌مان نه‌كرده‌وه‌ تا پۆلیس گه‌یشته‌ لامان، ئه‌وانیش كه‌سی سێیه‌میان ده‌ستگیركرد، گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 34 كه‌ ته‌نیا یه‌كساڵ بوو به‌هۆی دزیكردنه‌وه‌ له‌ زیندان ئازادببوو".

هه‌ردوو دزه‌كه‌ی دیكه‌ش كه‌ دوو گه‌نجی (ته‌مه‌ن 34 ساڵان و 36 ساڵان بوون) له‌كاتی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌دا گیانیان له‌ده‌ستدا.

له‌ درێژه‌ی راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌: له‌هه‌مان شه‌ودا له‌ گه‌ڕه‌كێكی نزیك دزێكی دیكه‌ش كاتێك خاوه‌ن ماڵه‌كه‌ هاتووه‌ته‌وه‌، خۆی به‌ باڵكۆنی ماڵه‌كه‌وه‌ هه‌ڵواسیوه‌ و كه‌وتووه‌ خواره‌وه‌ و گیانی له‌ده‌ستداوه‌.

به‌هۆی بارودۆخی ناله‌باری ئابووری ئێران، ئه‌و چه‌شنه‌ رووداو و تاوانانه‌ به‌راورد به‌ پێشووتر به‌ رێژه‌یه‌كی به‌رچاو زیادیكردووه‌.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure