ئه‌و مرۆڤانه‌ى وه‌ك ماسى له‌ ئاودا نه‌بێت ناژین

هەواڵ / که‌لتور :: 19/06/2019‌ :: 155‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

خێڵى پاجۆ له‌ ئیندۆنیزیا كه‌ به‌ (ده‌ریانشین) ناسراون، هه‌موو ژیانیان له‌ ناو ده‌ریا و رووباره‌كاندایه‌، ئیتر یان له‌ قووڵایى ئاودا یاخود به‌سه‌ر به‌له‌مه‌كانیانه‌وه‌ن، زۆر زۆر به‌ده‌گمه‌ن نه‌بێت پێ نانێنه‌ وشكایی.


منداڵه‌كانى ئه‌م خێڵه‌ هه‌ر له‌ له‌دایكبوونیانه‌وه‌، ته‌نانه‌ت پێش ئه‌وه‌ى پێى رۆیشتن بگرن، فێرى مه‌له‌وانى و مانه‌وه‌ له‌ژێر ئاو و له‌سه‌ر ئاودا ده‌كرێن، له‌و ژینگه‌ ئاوییه‌دا كوخه‌كانیان دروستده‌كه‌ن و ده‌خۆن و ده‌خۆنه‌وه‌ و ده‌خه‌ون و گه‌وره‌ ده‌بن و هاوسه‌رگیریى ده‌كه‌ن و ده‌مرن. واتا هه‌موو سووڕى ژیانیان له‌ ئاودایه‌.

ئه‌ندامانى خێڵى پاجۆ ده‌توانن بۆ ماوه‌ى پێنج خوله‌ك و زیاتریش له‌ ژێرئاودا بمێننه‌وه‌ و بچنه‌ قووڵایى زیاتر له‌ 20 مه‌تره‌وه‌ به‌بێ ئه‌وه‌ى هیچ ئامراز و ئامێرێكى هه‌ناسه‌دانیان پێ بێت.

ئه‌م (مرۆ-ماسى)یانه‌، بوونه‌ته‌ جێى سه‌رنجى زانایان و گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و راستییه‌ى كه‌ به‌هۆى خۆگونجاندن و هه‌ڵكردنیان له‌گه‌ڵ ده‌ریادا جینه‌كانیان هه‌ندێك تایبه‌تمه‌ندییان بۆ خوڵقاوه‌ كه‌ له‌ مرۆڤه‌كانى تردا نییه‌، له‌وانه‌: سپڵ-یان به‌ رێژه‌ى زیاتر له‌ 50% له‌ قه‌باره‌ى ئاسایى گه‌وره‌تره‌ و له‌به‌رئه‌وه‌یش كه‌ هه‌ر له‌ منداڵییه‌وه‌ مه‌شقى فێربوونى مه‌له‌یان پێده‌كرێت تایبه‌تمه‌ندیى ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ كه‌ خڕۆكه‌ سووره‌كانى خوێنیان ئۆكسجینى زیاتریان تێدابێت.

ئه‌م خێڵه‌ هیچ سه‌ودا و مامه‌ڵه‌یه‌كى نێوان خۆیان به‌ پاره‌ و دراوه‌وه‌ ناكه‌ن به‌ڵكو هه‌موو مامه‌ڵه‌یه‌كیان به‌ (گۆڕینه‌وه‌)ى پێداویستییه‌ ساده‌ و ساكاره‌كانیانه‌وه‌یه‌ و ئاگادارى كات و گۆڕانكارییه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى خۆیان نین و هه‌ر له‌ بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ گوێیى پێناده‌ن.

ئه‌فسانه‌یه‌ك هه‌یه‌ ده‌ڵێت: "خێڵى پاجو له‌دێر زه‌ماندا نیشته‌جێى وشكانى بوون و پاشایه‌كیان هه‌بووه‌، رۆژێك گه‌رده‌لوولێكى توند هه‌ڵده‌كات و كچى پاشاكه‌یان بۆ ناو ده‌ریا لوولده‌دات و ده‌خنكێت، پاشا فه‌رمانیان پێده‌كات كه‌ هه‌موو هه‌وڵێك بده‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ى كچه‌كه‌ى، كاتێكیش هه‌موو ده‌ریا ده‌گه‌ڕێن و كچه‌ى پاشا نادۆزنه‌وه‌، له‌ ترسى پاشاكه‌یان ناوێرن بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ئاوه‌دانى و ئیدى له‌وكاته‌وه‌ هه‌ر له‌ ده‌ریادا ماونه‌ته‌وه‌".

ده‌سه‌ڵاتدارانى ئیندۆنیزیا هه‌وڵى زۆریان له‌گه‌ڵدا داون كه‌ له‌و دۆخه‌ رزگاریان بكه‌ن و بیانگێڕنه‌وه‌ ئاوه‌دانیى سه‌ر وشكایى، به‌ڵام ئه‌وان رازیى نین و ده‌ڵێن: "پێ بخه‌ینه‌ وشكایى وه‌ك ماسى له‌ تینوا ده‌مرین"!!

ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure