جیهان به‌كورتى: چه‌ند ماتۆڕسوارێكى چه‌كدار له‌ دوو گوندی مالى 41 كه‌س ده‌كوژن

هەواڵ / جیهان :: 19/06/2019‌ :: 2718‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

 

ئیندیپێنده‌نت – چه‌ند ماتۆڕسوارێكى چه‌كدار له‌ دوو گوندی مالى 41 كه‌س ده‌كوژن
(رۆژى سێشه‌ممه‌ 18ى حوزه‌یرانى 2019) پارێزگارى یۆرۆ له‌ مالى رایگه‌یاند: "له‌ دوو هێرشى جیادا له‌ دوو گوندى ناوه‌ڕاستى وڵاتى مالى چه‌ند ماتۆڕسوارێكى چه‌كدار 41 كه‌سیان كوشتووه‌".

 

ئیكۆهه‌ستڵێر – یه‌ك كۆمپانیا له‌هه‌موو شتێك زیاتر ژینگه‌ پیسده‌كات
به‌پێى توێژینه‌وه‌یه‌ك ده‌ركه‌وتووه‌، كۆمپانیاى كارنیڤال كه‌ گه‌وره‌ترین كۆمپانیاى كه‌شتییه‌ گه‌شتیارییه‌كانه‌ ساڵانه‌ زیاتر له‌ ئۆتۆمبێلى هه‌موو ئه‌وروپا ژینگه‌ پیسده‌كات.


رۆیته‌رز – مێركڵ: هه‌تا سه‌روه‌رى بۆ ئۆكرانیا نه‌گه‌ڕێته‌وه‌ سزاكانى سه‌ر روسیا هه‌ڵناگرین
(رۆژى سێشه‌ممه‌ 18ى حوزه‌یرانى 2019) ئه‌نگێلا مێركڵ راوێژكارى ئه‌ڵمانیا له‌ به‌رلینى پایته‌خت پێشوازى له‌ سه‌رۆكى ئۆكرانیا كرد و له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: "سزاكانى رۆژئاوا بۆ سه‌ر روسیا هه‌ڵنه‌گیراون و هه‌ڵیشناگیرێن تا ئه‌وكاته‌ى سه‌روه‌رى بۆ ئۆكرانیا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌".


سیدنى مۆرنینگ هێراڵد – دواى له‌رزینى له‌ رێوڕه‌سمێك له‌ ئۆكرانیا مێركڵ ده‌ڵێت "من باشم"
(رۆژى سێشه‌ممه‌ 18ى حوزه‌یرانى 2019) دواى ئه‌وه‌ى ئه‌نگێلا مێركڵ راوێژكارى ئه‌ڵمانیا له‌ به‌رلینى پایته‌ختى ئه‌ڵمانیا پێشوازى له‌ سه‌رۆكى ئۆكرانیا كرد، له‌كاتى وه‌ستانیا له‌به‌ر تیشكى خۆر هه‌موو گیانى ده‌له‌رزى، دواتر رایگه‌یاند: "من باشم و هۆكاره‌كه‌شى ئه‌وه‌بووه‌ ئاوى پێویستم نه‌خواردبووه‌وه‌، بۆیه‌ به‌وشێوه‌یه‌م لێهات".


سیدنى مۆرنینگ هێراڵد – هه‌فته‌ى داهاتوو له‌ كۆبوونه‌وه‌ى لوتكه‌ى وڵاتانى گروپى 20 دۆناڵد تره‌مپ و شى جین پینگ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى درێژخایه‌ن له‌سه‌ر بازرگانى ئه‌نجامده‌ده‌ن.
دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا رایگه‌یاند: "هه‌فته‌ى داهاتوو له‌ كۆبوونه‌وه‌ى لوتكه‌ى وڵاتانى گرووپى 20 كه‌ له‌ ژاپۆن ئه‌نجامده‌درێت له‌گه‌ڵ شى جین پینگ سه‌رۆكى چین كۆده‌بێته‌وه‌، پێش ده‌ستپێكردنى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌رۆكى هه‌ردوو وڵاتیش ده‌سته‌ى دانوستانكارى هه‌ردوو وڵات كۆده‌بنه‌وه‌".


نیوز – سارا نه‌ته‌نیاهۆ به‌هۆى خراپ به‌كارهێنان پاره‌ى ده‌وڵه‌ته‌وه‌ سزاى دارایى ده‌درێت     
سارا نه‌ته‌نیاهۆ هاوسه‌رى بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆك وه‌زیرانى ئیسرائیل به‌تۆمه‌تى به‌كارهێنانى پاره‌ى ده‌وڵه‌ت كه‌ پاره‌كه‌ زیاتر له‌ 100 هه‌زار دۆلاره‌ بۆ كڕینى ژه‌مه‌ خۆراكى گرانبه‌ها سزاى دارایى درا.


نیوز – بومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌گوڕى 6.4 پله‌ى رێخته‌ر له‌ ژاپۆن ده‌دات و هۆشدارى له‌باره‌ى تسونامییه‌وه‌ ده‌درێت
(رۆژى سێشه‌ممه‌ 18ى حوزه‌یرانى 2019) بومه‌له‌رزه‌یه‌ك به‌گوڕى 6.4 پله‌ى رێخته‌ر له‌ باكورى رۆژئاواى ژاپۆنی دا و به‌وهۆیه‌وه‌ هۆشدارى له‌باره‌ى تسونامییه‌وه‌ له‌ كه‌ناراوه‌كانى باكورى تۆكیۆ بڵاوده‌كرێته‌وه‌.


نیوز – ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا: بڕوام به‌وه‌ نییه‌ محه‌مه‌د مورسى سه‌رۆكى پێشووى میسڕ به‌ هۆكارى سروشتى گیانى له‌ده‌ستدابێت
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا له‌ مزگه‌وتى ئیستانبوڵ كه‌ به‌ ئاماده‌بوونى سه‌دان كه‌س پرسه‌یان بۆ محه‌مه‌د مورسى سه‌رۆكى پێشووى میسڕ ئه‌نجامدا رایگه‌یاند: "بڕوا به‌وه‌ ناكه‌م كه‌ محه‌مه‌د مورسى سه‌رۆكى پێشووى میسڕ به‌ هۆكارى سروشتى گیانى له‌ده‌ستدابێت".


نیوز – محه‌مه‌د بن سه‌لمان شازاده‌ى جێنشینى سعودیه‌ داوا له‌ وڵاتانى جیهان ده‌كات له‌سه‌ر هێرش كردنه‌سه‌ر گوێزه‌ره‌وه‌ نه‌وتییه‌كان هه‌ڵوێستیان هه‌بێت
محه‌مه‌د بن سه‌لمان شازاده‌ى جێنشینى سعودیه‌، ئێران به‌ هێرش كردنه‌سه‌ر گوێزه‌ره‌وه‌ نه‌وتییه‌كان تۆمه‌تبار ده‌كات و داوا له‌ كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى ده‌كات هه‌ڵوێستى جدییان هه‌بێت.


رۆیته‌رز – زاناكان به‌ توانه‌وه‌ى به‌سته‌ڵه‌كه‌كانى كه‌نه‌دا 70 ساڵ پێش ئه‌وكاته‌ى پێشبینییان كردبوو سه‌رسام بوون
توانه‌وه‌ى به‌رده‌وامى به‌سته‌ڵه‌كه‌كانى باكورى كه‌نه‌دا زاناكانى سه‌رسام كردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ى 70 ساڵ پێش پیشبینییه‌كانیان ده‌ستیان به‌ توانه‌وه‌ كردووه‌، به‌شێوه‌یه‌كى گشتیش گۆڕانكارى و خراپبوونى كه‌شوهه‌واى جیهان زۆر خێرابووه‌ و خراپتره‌ له‌وه‌ى زاناكان لێى ده‌ترسان.


سپوتنیك – شی جین پینگ: چین پشتیوانى راستكردنه‌وه‌ى سیاسه‌ته‌كانى كۆریاى باكور ده‌كات بۆ چاره‌سه‌ركردنى بۆئه‌وه‌ى له‌رووى سیاسییه‌وه‌ كێشه‌ نیمچه‌دوورگه‌ییه‌كانى چاره‌سه‌رببن
شى جین پینگ سه‌رۆكى چین له‌ رۆژانى 20 و 21ى حوزه‌یرانى 2019دا سه‌ردانى كۆریاى باكور ده‌كات كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ حه‌فتاهه‌مین ساڵڕۆژى بونیادنانى په‌یوه‌ندییه‌ دیپلۆماسییه‌كان له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتدا و یه‌كه‌م سه‌ردانى سه‌رۆكى چینیشه‌ بۆ كۆریا له‌دواى ده‌یه‌یه‌ك.


واشنتن تایمز – مایك پۆمپیۆ مایك پۆمپیۆ لێدوانه‌كانى به‌رامبه‌ر ئێران نه‌رم ده‌كات و ده‌ڵێت "ترامپ جه‌نگى ناوێت"
(رۆژى سێشه‌ممه‌ 18ى حوزه‌یرانى 2019) ئیداره‌كه‌ى ترامپ جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "نایانه‌وێت جه‌نگ له‌گه‌ڵ ئێران به‌رپا بكه‌ن" و رۆژێك دواى راگه‌یاندنه‌كه‌ى پنتاگۆن كه‌ رایگه‌یاند 1000 سه‌ربازى تر ره‌وانه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌كه‌ن لێدوانه‌كانیان نه‌رم كردووه‌ته‌وه‌ و شیكه‌ره‌وانى سیاسیش رایده‌گه‌یه‌نن، گفتوگۆى راسته‌وخۆ تاكه‌ رێگه‌یه‌ بۆ رێگریكردن له‌ به‌یه‌كدادانى سه‌ربازى.


سپوتنیك – ئه‌ردۆغان: توركیا به‌منزیكانه‌ سیستمى مووشه‌كى S-400ى له‌ روسیاوه‌ پێده‌گات
ره‌جه‌ب ته‌بیب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكى توركیا ئاشكرایكرد: "له‌ نیوه‌ى یه‌كه‌مى مانگى ته‌مموزدا سیستمى به‌رگریى مووشه‌كى S-400 له‌ روسیاوه‌ ده‌گاته‌ توركیا".

یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ توركیا ده‌كات كه‌ سزاكانی به‌سه‌ردا بسه‌پێنێت
ئه‌لبه‌یان – یه‌كێتی ئه‌وروپا هه‌ڕه‌شه‌ی سه‌پاندنی سزا ده‌كات به‌سه‌ر توركیا، هۆكاره‌كه‌شی گه‌ڕانی توركیایه‌ به‌دوای سه‌رچاوه‌ی  گازى سروشتى له‌ ناوچه‌كانی باشووری ده‌ریای ناوه‌ڕاست.

ڕووسیا: دووچاری هێرشی ئه‌لكترۆنی ده‌بینه‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌
ئه‌لبه‌یان -  كرملن ڕایگه‌یاند، بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ مۆسكۆ دووچاری هێرشی ئه‌لكترۆنی ده‌بێته‌وه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌، ئه‌مه‌ش له‌ وتارێكی ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزدا بڵاوكراوه‌ و تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌درا كه‌ واشنتن هه‌وڵده‌دات هێرشه‌ ئه‌لكترۆنییه‌كانی بۆ سه‌ر ڕووسیا توندتر بكات.

پوچه‌ڵكردنه‌وه‌ی پلانێكی به‌قاچاخ هێنانی بارێكی زۆر له‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر له‌ ئێرانه‌وه‌ بۆ عێراق

هازا ئه‌لیه‌وم : بنه‌بڕكردنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ هه‌ولێر ده‌ستیانگرت به‌سه‌ر ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر كه‌ به‌ قاچاخ له‌ ئێرانه‌وه‌ باركرابوو بۆ عێراق.
ئه‌مریكا : پاشماوه‌ی مینه‌ لكاو موگناتیسییه‌كان ئاماژه‌ن بۆ هێرشكردنی ئێران بۆ سه‌ر كه‌شتییه‌كانی ژاپۆن.

ئه‌لبه‌یان – هێزی ده‌ریای ئه‌مریكا له‌ئه‌مڕۆ  چوارشه‌ممه‌وه‌ پاشماوه‌ی مین و موگناتیسی دۆزییه‌وه‌ و ئاشكرایانكرد كه‌ ئه‌مانه‌ پارچه‌ی دوو كه‌شتی ژاپۆنی بوون كه‌ هه‌فته‌ی ڕابوردوو له‌ كه‌نداوی عومان هێرشیان كرابووه‌ سه‌ر، هه‌روه‌ها ئاماژه‌شیان به‌وه‌ دا كه‌ ئه‌و مینانه‌ی به‌كارهێنرابوون هاوشێوه‌ی ئه‌و مینانه‌ كه‌ ئێران به‌كاریان ده‌هێنێت.


وه‌رگێڕانى: هونه‌ر كه‌مال
بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure