زۆری بارانی ئه‌مساڵ به‌رهه‌مێکى کشتوکاڵی كه‌مكردوه‌ته‌وه‌

هەواڵ / ئابوری :: 19/06/2019‌ :: 279‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عه‌لى حه‌مه‌ سه‌عید

وه‌رزی هه‌ڵكه‌ندنی په‌تاته‌ له‌ده‌شتی شاره‌زور ده‌ستیپێكردوه‌: جوتیارانیش  داواكارییان ئه‌وه‌یه‌ له‌كاتی پێگه‌شتنی به‌رهه‌مه‌كانیاندا ڕێگه‌ نه‌درێت له‌مه‌رزه‌كانه‌وه‌ په‌تاته‌ هاورده‌ی ناوخۆی هه‌رێم بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی زیانیان به‌ر نه‌كه‌وێت، به‌رپرسانی كشتوكاڵییش باس له‌ هه‌وڵەكانیان ده‌كن بۆ زیاتر به‌رهه‌مهێنانى په‌تاته‌.

ئه‌حمه‌د عه‌لى، جوتیارێكی گوندی مه‌سته‌كانی ده‌شتی شاره‌زور به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: زۆری بارانی ئه‌مساڵ  ده‌رفه‌تى نه‌داین له‌كاتى خۆیدا زه‌وییه‌كانمان بكێڵین و ئاماده‌ى بكه‌ین بۆ به‌رهه‌مهێنانى په‌تاته‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌مساڵ به‌رهه‌مێكى جوانمان هه‌بووه‌ به‌ڵام بڕه‌كه‌ى وه‌ك پێویست نه‌بوو به‌راورد به‌ ساڵانى رابوردوو.

ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: خاك و ئاو و هه‌وای كوردستان و شاره‌زوور زۆر له‌باره‌ بۆ به‌رهه‌می په‌تاته‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى ده‌بێته‌ گرفت ئه‌وه‌یه‌ له‌ كاتى پێگه‌یشتنى به‌رهه‌مى ناوخۆیی له‌ توركیا و ئێرانه‌وه‌ په‌تاته‌ هاورده‌ ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش وایكردوه‌ ئێمه‌ به‌ نرخێكى هه‌رزان بیفرۆشین بۆیه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت هاوكاریمان بكات له‌ ڕووبه‌رى 20 دۆنم زه‌وى خۆم ده‌توانم 200 تۆن په‌تاته‌ له‌ده‌شتی شاره‌زوردا به‌رهه‌مبهێنم.

ئومێد ئه‌حمه‌د، لێپرسراوی به‌شی رێنمایی له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتى كشتوكاڵی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ دواڕۆژى ڕاگه‌یاند: له‌ ساڵی رابوردوودا 200 دۆنم زه‌وی كشتوكاڵى په‌تاته‌ كراوه‌، به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌هۆی بارانبارینی زۆره‌وه‌ ڕێژه‌كه‌ كه‌مبۆته‌وه‌ بۆ 20 دۆنم زه‌وی، هاوكات تائێستا هاوكاری جوتیارانمان نه‌كردوه‌ به‌پێدانی بنه‌تۆوی په‌تاته‌ و پێدانی كۆت و سه‌ماد، ئه‌وه‌ش به‌هۆی نه‌بونی پاره‌ و قه‌یرانه‌وه‌ ئه‌و بڕه‌ پاره‌ كه‌مه‌ی ده‌ستمان ده‌كه‌وێت، توانیومانه‌ له‌بواری سه‌ماد و ده‌رمان بۆ قه‌ڵاچۆكردنی سن و كولـله‌ و ئه‌و نه‌خۆشیه‌ كشتوكاڵیانه‌ی ڕوو له‌ناوچه‌كه‌مان ده‌كه‌ن خه‌رجبكه‌ین.

ئه‌وه‌شى وت: "به‌هۆی نه‌بونی ساردخانه‌وه‌ ئه‌و جوتیارانه‌ی په‌تاته‌ ده‌كه‌ن زۆربه‌ی كات زەرەر ده‌كه‌ن له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌تاته‌ ناتوانرێت زۆر هه‌ڵبگیرێت، به‌خێرایی خراپ ده‌بێت، جوتیارانیش به‌خێرایی به‌رهه‌مه‌كه‌ی ده‌فرۆشن، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ زۆرجار جوتیاران ڕوناكه‌نه‌ چاندنی په‌تاته‌، چونكه‌ به‌رهه‌مێكه‌ توانای هه‌ڵگرتن و خه‌زنكردنی نیه‌ ئه‌گه‌ر ساردخانه‌ی باش نه‌بێت، بۆیه‌ هه‌موو هه‌وڵیكمان بۆ دروستكردنى ساردخانه‌یه‌كه‌ بۆ هه‌ڵگرتن و پاراستنى به‌رهه‌مه‌ خۆراكییه‌كانى ناوچه‌كه‌".

پ: چ.ع

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure