ژماره‌ى پێوانه‌یى گه‌شتیاران بۆ سه‌ردانى (بیل ماوس)ى دووكان ئاشكراده‌كرێت

هەواڵ / ئابوری :: 18/06/2019‌ :: 1012‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان رایده‌گه‌یه‌نێت: لەماوەی 38 رۆژدا نزیكەی 300 هەزار هاوڵاتی بۆ بینینی دیمەنی هەڵڕژانی ئاوی دەریاچەی دوكان سەردانی ئەو شارۆچكەكەیان كردووە.


ئەندازیار رێژین رەئوف، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری دوكان (ئەمڕۆ سێشەممە 18ی حوزەیرانی 2019) بەدواڕۆژی راگەیاند: لەماوەی نێوان 2ی نیسان بۆ 10ی ئایار لەكاتی سەرڕێژبوونی دەریاچەی دوكان لە بێڵ ماوسەوە بەكۆكردنەوەی داتاو زانیاری و پشتبەستن بەسەرچاوەكانی خۆمان و چاودێریكردنی هاتنی هاوڵاتیان لەڕێگەی فەرمانبەرانمانەوە ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ نزیكەی 60 هەزار ئۆتۆمبێل و 300 هەزار هاوڵاتی لە ناوچە جیاجیاكانەوە سەردانی دیمەنی هەڵڕژانی ئاوی دەریاچەی دوكانیان كردووە لە بێڵ ماوس و سپیل وەی.

وتیشی: "لە مێژووی دروستبونی بەنداوی دوكانەوە یەكەمجارە بەو رێژە زۆرە هاوڵاتی لەماوەیەكی كەمدا سەردانی دوكان بكەن، بەوپێیەی شارۆچكەكەمان هەڵكەوتەی جوگرافی جوانی هەیە و هەمیشە دیمەنەكانی جوان و سەرنجڕاكێشن".

بەنداوی دوكان ساڵی 1954 دروستكراوە و بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1988 سەرڕێژیكرد لە بێڵ ماوسەوە، دوای 31 ساڵ ئه‌مساڵیش جارێكی دیكە دەریاچەكە سەرڕێژی كردەوە.

پ: ن.ر
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure