سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق دوابڕیار ده‌رباره‌ى دۆسیه‌كه‌ى نه‌جمه‌دین كه‌ریم ئاشكراده‌كات

هەواڵ / عێراق :: 18/06/2019‌ :: 7431‌ جار بینراوە
نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگارى پێشووى كه‌ركوك

دواڕۆژ

سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: رێوشوێنى یاسایى پێویست ده‌رباره‌ى نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگارى پێشووى كه‌ركوك ده‌گرینه‌به‌ر.


عادل عه‌بدولمه‌هدى، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18ى حوزه‌یرانى 2019) له‌میانه‌ى كۆنگره‌ى رۆژنامه‌وانى هه‌فتانه‌ى خۆیدا رایگه‌یاند: رێوشوێنى یاسایى به‌رامبه‌ر پارێزگارى پێشووى كه‌ركوك كه‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ داواكراوه‌ جێبه‌جێده‌كه‌ین.

عه‌بدولمه‌هدى وتیشى: "هه‌موو ئه‌وه‌ى ده‌رباره‌ى گه‌نده‌ڵى ده‌وروژێندرێت به‌بێ به‌ڵگه‌ سودى نییه‌" دوپاتیشیكرده‌وه‌ كه‌ ئاماده‌ن بۆ "راده‌ستكردنى هه‌ر كه‌سێك به‌ دادگا به‌ مه‌رجى بوونى به‌ڵگه‌ كه‌ ئاماژه‌بێت بۆ بوونى گه‌نده‌ڵى".

له‌ 21ى ئایار ده‌ستگیركردنى نه‌جمه‌دین كه‌ریم، پارێزگارى پێشووى كه‌ركوك له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى به‌یروت له‌ لوبنان ئاشكراكرا پاش ئه‌وه‌ى له‌ نه‌مساوه‌ به‌ره‌و ئه‌و وڵاته‌ گه‌ڕابووه‌وه‌، به‌ڵام سه‌ره‌تاى ئه‌م هه‌فته‌یه‌ گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ولێر له‌كاتێكدا چاوه‌ڕوان ده‌كرا له‌لایه‌ن پۆلیسى ئینته‌رپوڵه‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌و دۆسیه‌یه‌ى له‌سه‌ریه‌تى راده‌ستى به‌غدا بكرێت.

سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق دوپاتیشیكرده‌وه‌: پێویستمان به‌ به‌ڵگه‌ى پێویسته‌ بۆ سه‌لماندنى هه‌ر گومانێك له‌ گه‌نده‌ڵى.

راشیگه‌یاند: "ریشه‌كێشكردنى گه‌نده‌ڵى هیچى كه‌متر نییه‌ له‌ ریشه‌كێشكردنى تیرۆر".

پێشتر غالب محه‌مه‌د، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق له‌ فراكسیۆنى گۆڕان له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: "سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى له‌سه‌ر بووه‌ نه‌جمه‌دین كه‌ریم گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ژیانى ئاسایی خۆى، ئه‌نجومه‌نى باڵاى بنه‌بڕكردنى گه‌نده‌ڵى عێراق له‌ كوێى ئه‌و پرسه‌دایه‌؟".
 
وتیشى: "نه‌بوونى كاردانه‌وه‌ى حكومه‌ت به‌رانبه‌ر به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ى نه‌جمه‌دین كه‌ریم وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ كه‌ له‌لایه‌ن دادگاوه‌ داواكراو نه‌بێت، پێویسته‌ عادل عه‌بدولمه‌هدى سه‌رۆك وه‌زیران له‌رێگه‌ى ئه‌نجومه‌نى باڵاى بنه‌بڕكردنى گه‌نده‌ڵییه‌وه‌ دوا له‌ هه‌رێم بكات نه‌جمه‌دین كه‌ریم راده‌ستى حكومه‌تى ناوه‌ندى بكرێته‌وه‌ به‌وپێیه‌ى تۆمه‌تباره‌ به‌دۆسیه‌ى گه‌نده‌ڵى".

پێشتر دادگا بڕیارى ده‌ستگیركردنى بۆ نه‌جمه‌دین كه‌ریم ده‌كرد به‌هۆى تۆمه‌تباركردنى له‌ چه‌ند دۆسیه‌یه‌كى "گه‌نده‌ڵى و به‌فیڕۆدانى پاره‌ى گشتى".

لەدواى رووداوەکانى 16ى ئۆکتۆبەرى 2017 و هێرشى سوپاى عێراق بۆ سەر کەرکوک نەجمەدین کەریم شاره‌كه‌ى جێهێشت و لە هەولێر نیشتەجێبوو.

له‌ 16ى شوباتى 2019ش ئەنجومەنی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی نیشتیمانى كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا به‌ كۆی ده‌نگ بڕیاریدا نه‌جمه‌دین كه‌ریم له‌ ریزه‌كانی دووربخاته‌وه‌ كه‌ پێشتر پله‌ى ئه‌ندامى مه‌كته‌بى سیاسى هه‌بوو.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure