ئەوەی لەبارەی محەمەد مورسی-یەوە نایزانیت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 18/06/2019‌ :: 1135‌ جار بینراوە
محەمەد مورسی

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

له یەكەم هەڵبژاردنى دوای دەرکردنی حوسنی موبارەك سەرۆكی پێشووتری میسر، لە ساڵی 2012 محەمەد مورسی چووە سەر كورسی دەسەڵات، بەوەش بووە یەكەم كەس لە دوای شۆڕشی 25ی یەنایەری ساڵی 2011 و پێنجەم سەرۆك كە عەرشی میسری گرتۆتەدەست.


محەمەد مورسی لە دەسەڵاتەكەی خۆیدا زۆر نەمایەوە، ئەویش دوای ئەوەی لە رووداوەكانی 30ی حوزەیرانی ساڵی 2013 دا لە كورسییەكەی هێنرایە خوار.

مورسی رۆژی 20ی ئابی ساڵی 1951 لە گوندی عەدوەی سەر بە پارێزگای شەرقیە لە خێزانێكی ئاسایی، كە باوكی جوتیار و دایكیشی ژنی ماڵ بووە لەدایكبووە. ساڵی 1978 هاوسەرگیریی كردووە و پێنج كوڕ و سێ نەوەی هەیە.

هاوسەرەكەی لە بانگخوازیدا چالاكیی هەبووە و لە بەشی پەروەردەی گروپی ئیخوان موسلمین كاریكردووە.

دوان لە كوڕەكانی، رەگەزنامەی ئەمریكییان هەیە، دەوترێت محەمەد مورسی-ی باوكیان رەگەزنامەی ئەمریكی بۆ پێشنیاز كراوە، بەڵام رەتیكردۆتەوە.

ساڵی 1970 بۆ 1975ی سەدەی رابردوو، چووەتە زانكۆی قاهیرە و لەوێ ئەندازیاریی خوێندووە، دواتر بە پلەی نایاب دەرچووە و هەر لەو زانكۆیە بووەتە موعید.

ساڵی 1978 چووەتە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و ماستەری لە وزەی خۆر-دا بەدەستهێناوە، لە ساڵی 1982دا دكتۆرای لە پاراستنی بزوێنەری گالیسكە ئاسمانییەكاندا وەرگرتووە. 

ساڵی 2006 محەمەد مورسی بەدەستبەسەریی لە ماڵەكەی هێڵرایەوە و ساڵی 2011یش دەسەڵاتەكەی موبارەك بەندیان كرد پێش هەڵایسانی ئەو شۆڕشەی كە لە مانگی شوباتی 2011دا حوسنی موبارەكی لە دەسەڵات دوورخستەوە.

لە هەڵبژاردنەكەی ساڵی 2012دا مورسی بەشداریی كرد و كاندیدی حیزبی (حوریە و عەدالە) بوو كە باڵی سیاسی گروپی ئیخوان موسلمینە.

محەمەد مورسی كاندیدی یەدەگی (خەیرەت شاتر) بوو كە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان مافی خۆپاڵاوتنی بە هۆكاری یاسایی لێسەندەوە.

دوای بردنەوەی لە ركابەرەكەی كە فەریقی خانەنشین محەمەد شەفیق بوو، مورسی دووچاری رەخنەیەكی زۆر بووەوە و بەوە تۆمەتباریان كرد بواری بۆ ئیسلامییەكان رەخساندووە تا ژیانی سیاسی لە میسر بۆ خۆیان قۆرخ بكەن.

نیگەرانیی و ناڕەزاییەكان دژی مورسی ئەوكاتە گەیشتنە ترۆپك كە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2012 بە مەرسومێكی سەرۆكایەتی دەسەڵاتەكانی خۆی فراوانكرد و دەستوورێكیشی پێشنیازكرد كە بووە هۆی تووڕەكردنی لیبراڵیەکان و عەلمانیەکان و هەروەها كەنیسەی قیبتی.

مانگی كانونی دووەمی 2013 عەبدولفەتاح سیسی وەزیری بەرگری ئەوكاتی میسر، هۆشداریدا لەو دۆخەی وڵات پێیدا تێدەپەڕێت و ئاگاهیدا لەوەی ئەو بارودۆخە دەوڵەت دەڕوخێنێت.

لە رۆژی یادكردنەوەی یەكەم ساڵی حوكمی مورسی-دا لە 30 حوزەیران بزوتنەوەی (تەمەڕود) خۆپیشاندانی ناڕەزایی گەورەی دەستپێکرد و سوپا 48 سەعاتی وەك مۆڵەت بۆ محەمەد مورسی دانا تا داخوازیی خۆپیشاندەران جێبەجێبكات.

دوای تەواوبوونی ئەو مۆڵەتە، كاركردن بە دەستوور هەڵپەسێردرا و بڕیاردرا حكومەتێكی تەكنۆكرات دابمەزرێت بەشێوەیەكی كاتی، تا ئامادەكردنی رەشنووسی دەستورێكی نوێ و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی تازە.

دوای ئەو رووداوانە محەمەد مورسی خۆی و هاوسەرەكەی خرانە بەندیخانەوە و سوپا لە رۆژی 14ی ئابی ساڵی 2013دا بە هێز مانگرتنەكانی (رابیعە و نەهزە)یان بڵاوەپێكرد كە ژمارەیەكی زۆر قوربانیی بەدوای خۆیدا هێنا.

مانگی ئەیلولی ساڵی 2017 دادگای باڵای میسر بە تۆمەتی سیخوڕیی بۆ قەتەر حوكمی بەندكردنی هەتاهەتایی بەسەر محەمەد مورسی-دا سەپاند.

دوێنێ 17ی حوزەیران تەلەفزیۆنی رەسمیی میسر بڵاویکردەوە، لە کاتی بەڕێوەچوونی خولێكی دادگاییکردنیدا، مورسی لە هۆش خۆی چووە و دواتر گەیەنراوەتە نەخۆشخانە و دوای گەیشتنی بە نەخۆشخانە کۆچی دوایی کردووە.

به‌ره‌به‌یانی (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممە 18ی حوزه‌یرانی 2019) له‌ رێوشوێنێكی ئه‌منی توندوتۆڵدا تەرمی محه‌مه‌د مورسی سه‌رۆكی پێشووی میسر له‌ قاهیره‌ی پایته‌خت به‌خاك سپێردرا.

ئامادەكردن: ئارام غەفور
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure