یەکەمبوونی منداڵانی مامۆستا دایكان و باوكانی نیگه‌ران كردووه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 26/06/2019‌ :: 16614‌ جار بینراوە
وێنەکە وەرگیراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی

به‌وته‌ی كه‌سوكاری چه‌ند خوێندكارێك یەکەمبوونی منداڵانى مامۆستا له‌ خوێندنگاكان له‌سه‌ر حسابى خوێندكارانى ئاسایى بووه‌ته‌ دیارده‌، بۆیه‌ ناڕه‌زاییان ده‌ربڕیوه‌، توێژه‌رێكى كۆمه‌ڵایه‌تیش ده‌ڵێت: "ئەو کارانە کاریگەری یەکجار خراپ له‌ سه‌ر  ئه‌و خوێندكارانه‌ به‌جێدەهێڵن".


لەگەڵ کۆتایی هاتنی ساڵی خوێندنی 2018-2019 ژمارەیەک لە دایکان و باوکان ناڕەزایی ئەوەیان دەربڕیوه‌ کە بەهۆی منداڵی مامۆستاوە لە خوێندنگاکەیان، مناڵەکانیان کراون بە دووەم و سێیەم یان تەنیا دەرچێنراون.

شوان سیان، باوکی یەکێک لەو خوێندکارانەیە کە بەهۆی وانەی وەرزش و هونەر کچەکەی بووە بە دووەم و ده‌ڵێت: "منداڵی دوو مامۆستای دیکە لەو پۆلە بوون بە یەکەم، لەکاتێکدا نمرەکانی كچه‌كه‌م هەموو نمره‌كانی سەرووی 95 بووە، بەڵام وەرزش و هونەریان بۆ كردووه‌ به‌ 80، بۆ ئه‌وه‌ى كاره‌كه‌یان سه‌ربگرێت".

شوان کە کچەکەی لەخوێندنگای حەپسەخانی کچانە لە هەولێر، وتیشى: "دوای ناڕەزای ده‌ربڕین، کاتێك چووم بە بەڕێوەبەری خوێندگاکەم وت، پێیوتووم ئەوە هەڵەیەک روویداوە، بەڵام بە وەزیریش چاک ناکرێت".

ئیلیان رەشاد، یەکێک لەو خوێندکارانەیه کە تەمەنی نۆ ساڵە، لە خوێندنگای هاوڕێی کچانە‌ له‌ هه‌ولێر ده‌رچووه‌ به‌ پله‌ى دووەم، له‌كاتێكدا سەرجەم وانەکانی 100ن، به‌ڵام وەرزش و هونەر 90 به‌ 90ی بۆ دانراوە و بەوەش بووە بە دووەم، ئه‌و بۆ دواڕۆژ وتى: "مامۆستا وتی تۆ دووەمیت نەک یەکەم".

ئیلیا ده‌شڵێت: "وەرزش و هونەر دوو وانەن من زۆر ئارەزویان پێدەکەم، هه‌موو وانه‌یه‌ك به‌ جلوبه‌رگى وه‌رزشه‌وه‌ ئاماده‌بووم و وێنەشم زۆر کێشاوە".

ئه‌و پرسه‌ نه‌ك ته‌نیا بۆ خوێندكاران و كه‌سوكاریان، به‌ڵكو بۆ هه‌ندێك له‌ مامۆستایان خۆشیان مایه‌ى نیگه‌رانییه‌ و ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌، مامۆستایه‌ك ده‌ڵێت: "راستییەکی تاڵە و ده‌بێت قبوڵ نەکرێت".

کاروان حەسەن، مامۆستا لە خوێندنگای ئامادەیی کەسنەزان لەشاری هەولێر بۆ دواڕۆژ وتى: "بەداخەوە دوو کێشەی زۆر قوڵ و گەورە لە خوێندنگاکاندا هەیە، یەکەم لە هەندێک خوێندنگا چەند مامۆستایەک غەدر لەهەندێک خوێندكار دەکەن و بەپێی میزاج و بیری خۆی نمرە بۆ قوتابی دادەنێن، ناکرێت میزاجی مامۆستا لەگەڵ منداڵ تاقی بکرێتەوە، دووەم جیاوازی منداڵی مامۆستا و خەڵکی ئاساییە".

كاروان كه‌ زیاتر لە 15 ساڵه‌ مامۆستایە، وتیشى: "زۆرجار منداڵی مامۆستاکان لەلای خۆیان دەخوێنن و نمرەی بەرز و چاک و نایابیان پێدەبەخشن و قوتابی تریش هەیە لەو زیرەکترە، بەڵام غەدری لێدەکرێت کە بەداخەوە راستییەکی تاڵە و ده‌بێت قبوڵ نەکرێت لەلایەن بەڕێوەبەر و دەستەی کارگێڕی قوتابخانە، چونکە کۆمەڵگا بەرەو هەڵدێری نەزانی و تاریکی دەبات".

دروستكردنى ئه‌و جیاوازییه‌ و دواتریش ناهه‌قى به‌رامبه‌ر هه‌ندێك له‌ خوێندكاران، كاریگه‌رییه‌كى درێژمه‌ودا له‌سه‌ر هه‌ست و ده‌روونى خوێندكاران جێده‌هێڵێت، وه‌ك ئه‌وه‌ى شاره‌زایه‌كى بواره‌كه‌ باسیده‌كات.

ئارام سەردار، توێژەری کۆمەڵایەتی لەشاری هەولێر لە خوێندنگای بنەرەتی مەلافەندی بۆ دواڕۆژ باس له‌وه‌ده‌كات: ئەو کارانە کاریگەری یەکجار خراپ لەسەر خوێندکاران جێدەهێڵن و وادەکات خوێندکارەکە رق هەڵگرێت لە خوێندن و لە هاوڕێکانی و لە خوێندنگاكه‌شى.

ئه‌و توێژه‌ره‌ وتیشى: "ئەو دیاردەیە دەبێت بە توندی رێگری لێبکرێت و رێگەنەدرێت تەشەنە بکات و بەردەوام بێت، چونکە خوێندکاری زیرەک لەو حاڵەتەدا لەرووی دەرونییه‌وه‌ هەست بە بچوکی دەکات و توشی کاردانەوە دەبێت".

گرفته‌كه‌ لاى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ئاشنایه‌، به‌ڵام دیارنییه‌ ئایا پێشتر هیچ رێككارێك بۆ رێگریكردنى گیرابێته‌به‌ر.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سامان سیوەیلی، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ئەوە کارێکی هەڵەیە و رەنگە منداڵی مامۆستا نازی زیاتری بدرێتێ، هیوادارین مامۆستایانی دایک و باوک جیاکاری نەکەن".

وتیشى: "ئەو دیاردەیە لە هیچ مامۆستایەک قبوڵناکرێت و ئەگەر لەهەر مامۆستایەک یان بەڕێوەبەرێک وەها کارێک ئاشکرا بێت، ئەوا بەدڵنیاییەوە دەبێتەهۆی سزادان و رێکاری یاسایی، چونکە ئەوە لە دەرەوەی یاسا و رێنمایی و دەستکاریکردنی توانا و ئاستی خوێندکار و قوتابیانە و بێگومان لەو حاڵەت و دیاریدانە بێدەنگ نابین".

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure