كه‌شناسى هه‌رێم كه‌شوهه‌واى چه‌ند رۆژى داهاتوو ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 18/06/2019‌ :: 3459‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ی هه‌ولێر

به‌ڕێوبه‌رایه‌تى كه‌شناسی هه‌رێم رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌و شه‌پۆله‌ گه‌رمایه‌ی له‌چه‌ند رۆژی رابردوودا رووی له‌ هه‌رێمی كوردستان كردبوو كۆتایپێدێت و له‌ سبه‌ینێوه‌ پله‌كانی گه‌رما به‌ چوار پله‌ داده‌به‌زن.

بژار ئه‌كره‌م، لێپرسراوی به‌شی پێشبینییه‌كان له‌ به‌ڕێوبه‌رایه‌تی گشتیی كه‌شناسی و بومه‌له‌رزه‌زانی هه‌رێمی كوردستان (ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 18ى حوزه‌یرانى 2019) به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: ئه‌و شه‌پوله‌ گه‌رمایه‌ی له‌ رۆژانی رابردوو ناوچه‌كه‌ی گرته‌وه‌ و كاریگه‌رییه‌كی لاوازیشی له‌ هه‌رێمی كوردستان دروستكرد و پله‌كانی گه‌رمای به‌ چه‌ند پله‌یه‌ك به‌رزكرده‌وه‌، له‌ئێستادا كۆتایهاتووه‌ و پله‌كانی گه‌رما له‌ سبه‌ینێوه‌ روو له‌ دابه‌زین ده‌كات.

سەبارەت بە پیشبینییەکانی پلەی گەرمی ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد: له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو بەرزترین پلەی گه‌رمی له‌ هه‌ولێر له‌ نێوان 37 بۆ 40 پله‌ ده‌بێت، سلێمانی 35 بۆ 38، دهۆک 36 بۆ 38 و کەرکوک بەرزترین پلە 40 دەبێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: دابەزینەوەی پلەکانی گەرما بەهۆی لاوازبوونی کاریگەری ئەم تۆپەڵە هەوا گەرمە و هاتنی بارستە هەوایەکی تارادەیەک فێنك لە دەریای ناوەڕاست پلەکانی گەرما دەست بە دابەزین دەکاتەوە بەنزیکەی چوار پلە ده‌بێت.

وتیشی: "دابەزینی ئه‌م پلەی گەرمایە کاریگەری ئەم بارستەش تاوەکو رۆژی شەممە 22ی حوزه‌یران به‌رده‌وام ده‌بێت".

پ: ک. س
بڵاوكردنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure