جیهان به‌كورتى: كچانى په‌نابه‌ر له‌ به‌یروت رووبه‌ڕووى توندوتیژى سێكسى و به‌شوودانى به‌زۆر ده‌بنه‌وه‌

هەواڵ / جیهان :: 18/06/2019‌ :: 11264‌ جار بینراوە

تاگ :: جیهان

دواڕۆژ

ئه‌لجه‌زیره‌ – كچانى په‌نابه‌ر له‌ به‌یروت رووبه‌ڕووى توندوتیژى سێكسى و به‌شوودانى به‌زۆر ده‌بنه‌وه‌
سایتى ئه‌لجه‌زیره‌ راپۆرتێكى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى پلان بۆ به‌ره‌وپێشبردن و پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ ئاشكرایده‌كات، زیاتر له‌ نیوه‌ى ئه‌و كچه‌ په‌نابه‌رانه‌ى له‌ به‌یروتى پایته‌ختى لوبنان ده‌ژین به‌شێوه‌یه‌كى رێكخراو رووبه‌ڕووى توندوتیژى سێكسى و هه‌راسانكاریى سێكسى بوونه‌ته‌وه‌ و ئه‌و كاره‌ش بووه‌ته‌ جێگه‌ى نیگه‌رانى.



ته‌له‌گراف – دواى بڵاوكردنه‌وه‌ى وێنه‌ى نوێى هێرشى سه‌ر گوێزه‌ره‌وه‌ نه‌وتییه‌كان له‌لایه‌ن پنتاگۆنه‌وه‌، ئه‌مریكا 1000 سه‌ربازى تر ره‌وانه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌كات
به‌پێى هه‌واڵێكى سایتى ته‌له‌گرافى بریتانى، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا 1000 سه‌ربازیى دیكه‌ ره‌وانه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ده‌كات، هۆكاره‌كه‌ى زیادبوونى گرژییه‌كانه‌ له‌سه‌ر ئه‌و زنجیره‌ هێرشانه‌ى ده‌كرێته‌سه‌ر گوێزه‌ره‌وه‌ نه‌وتییه‌كان و داڕمانى رێككه‌وتنى ئه‌تۆمییه‌.


نیوزویك – شى جین پینگ سه‌رۆكى چین یه‌كه‌م سه‌ردانى بۆ كۆریاى باكور ئه‌نجامده‌دات كه‌ هه‌ردوو وڵات له‌ ململانێدان له‌گه‌ڵ ئه‌مریكا
(رۆژى دووشه‌ممه‌ 17ى حوزه‌یرانى 2019) ئاژانسى هه‌واڵى ناوه‌ندى كۆریا ئاشكرایكرد: "كیم جۆنگ ئون سه‌رۆكى كۆریاى باكور شى جین پینگ سه‌رۆكى چینى بۆ وڵاته‌كه‌ى بانگهێشت كردووه‌ و بڕیاره‌ له‌ رۆژانى 20 و 21ى حوزه‌یراندا سه‌رۆكى چین سه‌ردانى كۆریاى باكور بكات".


ستره‌یتز تایمز – ترامپ: ملیۆنان كۆچبه‌رى نایاسایى ده‌نێرینه‌وه‌ بۆ وڵاته‌كانیان
(رۆژى دووشه‌ممه‌ 17ى حوزه‌یرانى 2019) دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانى ئه‌مریكا ئاشكرایكرد: "له‌ هه‌فته‌ى داهاتووه‌وه‌ داموده‌زگاكانى ئه‌مریكا ده‌ستده‌كه‌ن به‌ ناردنه‌وه‌ى ملیۆنان كۆچبه‌ر كه‌ به‌نایاسایى هاتوونه‌ته‌ ئه‌مریكاوه‌ و هیچ مافێكى په‌نابه‌رییان پێنه‌دراوه‌".


ته‌سنیم - كاردانه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان به‌رامبه‌ر كۆچی دوایی محه‌مه‌د مورسی
ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا وێڕای پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشی له‌ كۆچی دوایی محه‌مه‌د مورسی سه‌رۆكی پێشووی میسر  به‌ شه‌هید ناویده‌بات.


ئیقتساد نیوز - ئه‌مریكا پلانی هێرش بۆ سه‌ر به‌شێك له‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران داده‌ڕێژێت
ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا به‌ نیازه‌ هێرش بكاته‌ سه‌ر به‌شێك له‌ سیستمه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ئێران و له‌ ئێستادا سه‌رقاڵی دارشتنی ئه‌و پلانه‌یه‌.


بۆرنا - رابه‌ری ئیخوان موسلیمین:  گیان له‌ده‌ستدانی محه‌مه‌د مورسی كوژرانی به‌ ئه‌نقه‌ست بووه‌
محه‌مه‌د سویدان رابه‌ری ئیخوان موسلیمین گیان له‌ده‌ستدانی محه‌مه‌د مورسی سه‌رۆكی پێشووی میسر له‌ دادگای قاهیره‌ به‌ كوشتنی به‌ ئه‌نقه‌ست ناو ده‌بات و ده‌ڵێت: "بارودۆخی ناله‌باری ته‌ندروستی مورسی له‌ ماوه‌ی ده‌ستگیری و دادگاییكردنی بووه‌ته‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی".


مه‌شریق نیوز - ترامپ له‌گشت كاندیده‌ دیموكراته‌كان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا دواكه‌وتووتره‌
راپرسییه‌كانی كه‌ناڵی فۆكس نیوزی ئه‌مریكی ئاشكرایده‌كات، دۆناڵد ترامپ سه‌رۆكی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ ئێستادا له‌ دوای گشت كاندیده‌ دیموكراته‌كانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ساڵی 2020 و له‌وانه‌ جۆیدن بایدن دایه‌.

 رەئی ئەلیەوم-کوری مورسی: ئێستاش نازانین تەرمی باوکم لەکوێیە و تاکە ڕێگە بۆ پەیوەندیکردن بە لایەنەکانی دەسەڵات لە رێگەی پارێزەرەوەیە
عەبدوڵڵا محەمەد مورسی کوڕی سەرۆکی پێشووی میسر کە ڕۆژی دووشەممە گیانی لەدەستدا، ئاشکرایکرد دەسەڵات ڕازی نەبووە تەرمەکەی لە قەبرسانی خێزانەکەیان بنێژرێت و تاوەکو ئیستا شوێنی تەرمەکەی نازانن.


بەیان- زیاتر لە دوو ملیار کەس لە جیهاندا ئاوی خواردنەوەیان نییە
رۆژی سێشەممە ڕیکخراوی (یونسیف)ی جیهانی ئاشکرایکرد کە سەرەڕای هەوڵەکانیان و دابینکردنی ئاوی خواردنەوە بۆ 1.8 ملیار کەس، هێشتا 2.2 ملیار کەس ئاوی خواردنەوەیان نییە.


ئەی ئەی- واشنتۆن: هیچ کۆمێنتیکمان لەسەر مردنی محەمەد مورسی نییە
مۆرگان ئەورتاگۆس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ئاشکرایکرد ئیدارەی ترامپ هیچ کۆمێنتێکی نییە لەسەر مردنی محەمەد مورسی.

وای نێت نیوز- کۆشکی سپی ئیسرائیل بانگهێشت ناکات بۆ دانوستانەکەی بەحرەین
رۆژی دووشەممە بەرپرسێکی گەورەی ئیدارەی ترامپ ئاشکرایکرد کۆشکی سپی هیچ بەرپرسێکی حوکەمەتی ئیسرائیل بۆ کۆنفرانسەکەی بەحرەین بانگهێشت ناکات تاوەکو پاڵپشتی ئابووری فەڵەستین لەدەستنەدات.


ئیندپێندەنت- بەرنامەکانی یەکترناسین لەرێگەی ئینتەرنێتەوە بەرپرسە لە تۆمارکردنی ملیۆنان حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشییە سێکسییە گواستراوەکان بە شێوەیەکی ڕۆژانە.
بەپێی رێکخراوی تەندروستی جیهانی ماڵپەڕەکانی یەکترناسین بەرپرسە لە زیادبوونی رێژەی حاڵەتەکانی نەخۆشییە سێکسییە گواستراوەکان، بەشیوەیەک ساڵانە 376 حاڵەت تۆماردەکرێت.


ئەی ئەی نیوز- بۆ تۆمەتبارکردنی ئێران لە هێرشەکەی سەر کەنداوی عوممان، پەنتاگۆن وێنەی نوێ بڵاودەکاتەوە
ڕۆژی دووشەممە پەنتاگۆن چەند وێنەیەکی نوێی بڵاوکردەوە و دەڵێت "بەڵگەی نوێیە لەسەر تۆمەتبارکردنی ئێران بە هێرشەکەی سەر نەوت هەڵگرەکانی عوممان".


ئەلمەسەلە- عێراقییەک لە تەمەنی 84 ساڵیدا دکتۆرا بەدەستدەهێنێت
خەونەکانی پیاوێکی بەساڵاچووی عێراقی بەناوی ئەحمەد جابر لەتەمەنێکی دیاریکراودا نەوەستاوە، ئەمەش وایکردووە لە تەمەنی 84 ساڵیدا بڕوانامەی دکتۆرا بەدەستبهێنێت، لە وڵاتێکدا کە گەنجەکانی بەهۆی جەنگ و کێشەی ئابووریەوە دەناڵینن.


رەئی ئەلیەوم- حوسییەکان لەماوەی کەمتر لە هەفتەیدا پێنجەم هێرشیان کردەسەر فڕۆکەخانەی (ئەبها) و وەزیری ڕاگەیاندنەکەیان دەڵێت "مەودای هێرشەکەیان زیاتر دەکەن تاوەکو موشەکەکانیان بگاتە ئیمارات".
رۆژی دووشەممە کۆمەڵەی ئەنساروڵڵای حوسی لە یەمەن بەرپرسیاریەتی خۆیان لە هێرشەکەی سەر فرۆکەخانەی ئەبها لە سعودیە ڕاگەیاند و وتەبێژە سەربازییەکەیان ئاشکرایکرد هێرشەکە بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ئەنجامدراوە و تاوەکو ئێستا سعودیە هیچ وەڵامیکی نییە.


رەئی ئەلیەوم- راپۆرتێکی نێونەتەوەیی ئاشکرایکردووە چەند دەوڵەتێکی عەرەبی وەک مەغریب و سعودیە و ئیمارات و قەتەر و جەزائیر بەرنامەیەکی چاودێری پێشکەوتوویان بۆ سیخوڕیکردن بەسەر هاووڵاتییەکانیانەوە هەیە
نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا مەغریبی بەوە تاوانبارکرد سیخوڕی بەسەر هاووڵاتییەکانی دەکات و تایبەتمەندی تاکەکانی دەشکێنێت، هەروەها ئاشکرایکرد چەند دەوڵەتێکی دیکەش بەرنامەیەکی چاودێری وردیان بۆ هاووڵاتییەکانیان داناوە وەک سعودیە و ئیمارات و قەتەر و جەزائیر.


ئاژانسی عەهد نیوز- سوریا: نامانەوێت ڕووبەڕووبوونەوەی چەکداریی لەگەڵ تورکیا بکەین
ئەمڕۆ سێشەممە وەلید موعەلم وەزیری دەرەوەی سوریا وتی "نامانەوێت ڕووبەرووبوونەوەی چەکداریی لە نێوان سوپای سوریا و تورکیا هەڵبگیرسێت، ڕوونیکردەوە تورکیا لە چەند ناوچەیەکی سوریا بوونی هەیە کە مافی رەوای سوپای سوریایە بیپارێزێت".



وه‌رگێڕانى: هونه‌ر كه‌مال و ئاره‌زوو محه‌مه‌د  
بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure