پارتى له‌پشكی خۆى پۆست به‌ چه‌ند لایه‌نێكى سیاسى ده‌دات

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 18/06/2019‌ :: 2117‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، نوسینگه‌ى هه‌ولێر

پارتى دیموكراتى كوردستان له‌ پشكه‌كانى خۆى چه‌ند وه‌زاره‌ت و پۆستێك ده‌دات به‌ هه‌ریه‌ك له‌ حیزبى سۆشیالیست، بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى، پێكهاته‌ى توركمان و مه‌سیحییه‌كان.


له‌ دواى كۆبوونه‌وه‌ى كاندیدى راسپێردراوى سه‌رۆكى حكومه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك لەبزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌كێتیى و سۆشیالیست، وابڕیاره‌ له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا ناوبراو له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ك له‌ پێكهاته‌ى توركمان، كلدان، ئاشورى، سریان و بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى كۆببێته‌وه‌.

پارتی ده‌یه‌وێت له‌پشكی خۆی وه‌زاره‌تێك به‌هه‌ریه‌ك لەمه‌سیحییه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و حیزبى سۆشیالیست بدات له‌ كابینه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها بریكارێكى وه‌زیرى بۆ توركمانه‌كان له‌گه‌ڵ پۆستێكى باڵا له‌ خوار پله‌ى وه‌زیریش به‌ بزوتنه‌وه‌ى ئیسلامى دەدات.

به‌پێی زانیارییه‌كانى دواڕۆژیش، وه‌زاره‌تى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان دراوه‌ته‌ سۆشیالیست، ئه‌گه‌رى زۆره‌ پۆستی وه‌زیری په‌روه‌رده‌ كه‌ پشكی پارتییه‌ بدرێته‌ مه‌سیحییه‌كان، بریكاری وه‌زاره‌تێكیش بدرێته‌ توركمانه‌كان، به‌و پێیه‌ی توركمانه‌كان پۆستی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشیان وه‌رگرتووه‌.

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ كه‌ له‌سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ نێو بزوتنه‌وى ئیسلامى ده‌ستیكه‌وتووه‌، دواى كۆبوونه‌وه‌ى مه‌سعود بارزانى و رابه‌رى گشتیى بزوتنه‌وى ئیسلامى، ناوبراو به‌ڵێنى پێداون به‌ به‌شداریكردنیان له‌ حكومه‌تدا.

رۆمیۆ هەکاری، سکرتێری گشتی پارتی دیموکراتی (بێت نەهرێن) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ده‌مانەوێت به‌شداری ئێمه‌ جیاوازبێت لە کابینەکانى رابوردوو، پێویستە له‌ سەرۆکایەتی حكومه‌ت، هه‌رێم و جومگەکانى دیکەى حکومەت نوێنەرایەتى خۆمان هەبێت له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ و چه‌ند پۆستێكى دیكه‌، ئه‌و نیازه‌شمان بۆ شاندى پارتی روونکردوەتەوە کە چۆن بەشداردەبین لە کابینەى نوێى حکومەت.

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: داواكارییه‌كانیان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام وه‌ڵامى ره‌سمیمان نه‌دراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا له‌كابینه‌ی داهاتوودا وه‌زاره‌تێك بۆ پێكهاته‌ی مه‌سیحییه‌كان دانراوه‌.

وتیشى: "پارتى به‌ پۆستێكى وەزارى و چه‌ند به‌ڕێوه‌به‌رێك به‌شدارى به‌ مه‌سیحییه‌كان ده‌كات، به‌ڵام جارێ ناوى وه‌زاره‌ته‌كه‌ یه‌كلایى نه‌كراته‌وه‌".

ئایدن مه‌عروف، سه‌رۆكی فراكسیۆنی به‌ره‌ی توركمانی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: به‌پێی ئه‌و گفتوگۆیانه‌ی پێشتر ئه‌نجامدراون له‌گه‌ڵ شاندی راسپێردراوی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌م هه‌ردوو پێكهاته‌ی توركمان پۆستی باڵایان به‌رده‌كه‌وێت.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: ئه‌و پۆسته‌ى ده‌درێته‌ پێكهاته‌ی توركمان بۆ به‌ره‌ی توركمانی ده‌بێت.

هه‌ردوو پێكهاته‌ی مه‌سیحییه‌كان و توركمانه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان 11 كورسی كۆتایان هه‌یه‌ و حیزبى سۆشیالیستى كوردستان یه‌ك كورسى و بزوتنه‌وەى ئیسلامیش هیچ كورسییه‌كى نییه‌.

پ: چ.ع

بڵاوكردنه‌وه‌:هـ.ق



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure