چیرۆکی ئەو کچەی لە لایەن "ئامۆزاکەیەوە" کوژرا

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 18/06/2019‌ :: 11475‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، محەمەد مستەفا

تەقەیەکی زۆر لە ماڵەکەیان دەکرا و دەیان فیشەکی کڵاشینکۆف بەر ماڵەکەیان کەوت، لەو کاتەی کە دەیویست بزانێت کێ تەقە دەکات و هۆکاری ئەو تەقەیە چییە؟ فیشەک بەر جەستەی کەوت و دوای ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێک لە برینداربوونی گیانیشی لەدەستدا.


ئەمە چیرۆکی گیان لەدەستدانی (سەرباخ)ی تەمەن 25 ساڵانە کە ئێوارەی (رۆژی پێنجشەممە 13ی حوزەیرانی 2019)، لە ناحیەی هەڵشۆی قەزای پشدەر بەهۆی دەستڕێژی گولـلە لە ماڵەکەیان لە لایەن ئامۆزایەکی خۆیەوە کوژرا.

"پێش کوشتنی کچەم هەڕەشەی کوشتنی خۆشمی دەکرد"

(م. ح.) باوکی سەرباخ لە باسی چیرۆکی سەرهەڵدانی کێشەکە، بۆ دواڕۆژ وتی: "ماوەیەک بوو لەگەڵ (هـ. ع) برازام لەسەر زەوی و زار هەندێک کێشەمان هەبووە، کێشەش ئەوەبوو کە ئێمە و (هـ. ع) پارچە زەوییەکمان لە تەنیشت یەکتری هەیە لەناحیەکەمان و لەسەر نێوانی ئەو دوو پارچە زەوییە گرفتمان هەبوو، (هـ. ع) بە بەردەوامیی لەسەر ئەو بابەتە کێشەی لەگەڵ دروستکردووم، چەندینجار هەوڵمداوە لە رێگەی براکەم، واتا باوکی (هـ.ع) و چەند ریش سپییەکی بنەماڵەکەمان ئەو کێشەیە چارەسە بکەم، بەڵام بەهۆی سەرەڕۆیی (هـ. ع) کێشەکە چارەسەر نەدەبوو".

باسی لەوەشکرد: "رۆژی رووداوەکە لە نزیک ماڵی خۆمان (هـ. ع)ی برازام بینی، ئەو هەڕەشەی کوشتنی لێکردم، بەڵام گرنگیم بەو هەڕەشەیە نەدا، چونکە برازای خۆمە و نەمویستووە دەمەقاڵێ و ئاژاوەی لەگەڵ دروست بکەم، بەڵام بۆ ئێوارەی ئەو رۆژە (هـ. ع) چەکی کڵاشینکۆفەکەی بردۆتە بەرامبەر ماڵەکەم و تا فیشەکی پێبووە دەستڕێژی گولـلەی لە ماڵەکەم کردوە".

(م. ح)ی باوکی سەرباخ لە باسی ساتی کوشتنی کچەکەی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە تەقەیەکی زۆر کرا، دەیان فیشەک بەر دیوار و پەنجەرە و ژورەکانی ماڵەکەم کەوتن، لەو کاتەشدا سەرباخی کچم چووەتە دەرەوە بۆ ئەوەی لە هۆکاری ئەو ڕووداوه تێبگات و بزانێت کێیە ئەو تەقەیە لە ماڵی ئێمە دەکات، لەو کاتەشدا سەرباخی کچم ئاگاداری کردمەوە کە بریندارە، دواتر دەرکەوت کە گولـلەی بەرکەوتووەو دوای کەمتر لە کاتژمێرێکیش لەڕووداوەکە گیانی لەدەستدا.

لە کۆتایی قسەکانیدا باوکی سەرباخ بە گریانەوە وتی: "هەموو زەوی و ماڵ و موڵکی خۆم بە برازاکەم دەدا، بەڵام تەنیا سەرباخی کچم سەلامەت بوایە، چونکە سەرباخ کچە پاڵەوانەکەی ماڵی من بوو، ئێستاش داواکارم دادگا تۆڵەی سەرباخ لە برازاکەم بکاتەوەو دادگا هەر بڕیارێک بدات من پێی رازیم".

"دوو فیشەک بەر لەشی (سەرباخ) کەوتبوو"

عوسمان ئەحمەد بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی شەهیدانی قەڵادزێ بە دواڕۆژی وت: "دوای گەیاندنی تەرمی (سەرباخ) و توێکاری بۆ تەرمەکەی، دەرکەوت کە دوو فیشەک بەر لاشەی ئەو کچە کەوتبوو کە یەکێک لەو فیشەکانە بەر سنگی کەوتبوو، دواتر بەهۆی سەختی برینی سەر سنگی و دوای ماوەیەکی کەم لە ڕووداوەکە گیانی لە دەستدا".

"پۆلیسی ڕاپەڕین بکوژی (سەرباخ)ی دەستگیرکردوە"

شۆڕش ئیسماعیل، وتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە دواڕۆژی راگەیاند: چه‌ند كاتژمێرێك دوای رووداوی کوشتنی (سەرباخ)، لە بەرەبەیانی رۆژی هەینی تۆمه‌تباری سەرەکی و بکوژی ئەو کچە به‌ناوی (هـ. ع) خۆی راده‌ستی بنكه‌ی ئاسایشی هه‌ڵشۆ كرد، پاشان لە لایەن ئاسایشەوە ئەو تۆمەتبارە درایە هێزەکانی پۆلیس، لە ئێستاشدا بە گوێرەی مادەی 406 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستبەسەرکراوە.

وتەبێژەکەی پۆلیسی راپەڕین جەختیشیکردەوە: لە کاتی لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا، تۆمەتبار دانی ناوە بەوەی کە بەهۆی کێشەیەک لەنێوانیان تەقەی لە ماڵی مامی کردوەو بەو هۆیەشەوە (سەرباخ)ی ئامۆزای کوشتووەو لێکۆڵینەوەش لەگەڵیدا بەردەوامە.

داڕشتنەوە: چ.ع

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure