"به‌منزیكانه‌ قه‌واره‌یه‌كى به‌هێزى ئۆپۆزسیۆن ده‌رده‌كه‌وێت"

هەواڵ / عێراق :: 17/06/2019‌ :: 141‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، به‌غدا

په‌رله‌مانتارێكى ره‌وتى حیكمه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ئاشكرایكرد: له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا تانوپۆى قه‌واره‌یه‌كى ئۆپۆزسیۆنى په‌رله‌مانى به‌هێز ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ كاریگه‌ریى گه‌وره‌ى ده‌بێت له‌سه‌ر راستكردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى سیاسى، دەشڵێت: "ره‌وتى حیكمه‌ نایه‌وێت حكومه‌ت بڕوخێنێت، هیچ كه‌سێكیش ناكه‌نه‌ ئامانج".


عه‌لى بدێرى، په‌رله‌مانتارى ره‌وتى حیكمه‌ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند: گرتنه‌به‌رى بژارده‌ى ئۆپۆزسیۆنبوون هه‌نگاوێكى گرنگ و پێویسته‌ بۆ راستكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ى سیاسى و دیموكراسى له‌ عێراق، هه‌روه‌ك پاڵنه‌رێكى باشه‌ بۆ ئه‌و لایه‌نانه‌ى دوودڵن له‌گرتنه‌به‌رى هه‌مان هه‌ڵوێست بۆ راستكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاتى جێبه‌جێكردن، یه‌كێك له‌ هۆكاره‌كانى سستى و كه‌مته‌رخه‌مى حكومه‌ته‌كانى پێشووتر، نه‌بوونى ئۆپۆزسیۆنێكى راسته‌قینه‌ بوو.

وتیشى: "ره‌وتى حیكمه‌ نایه‌وێت حكومه‌ت بڕوخێنێت، هیچ كه‌سێكیش به‌دیاریكراوى بۆخۆى ناكه‌ینه‌ ئامانج، هه‌روه‌ك ئۆپۆزسیۆنێك نین له‌ ده‌ره‌وه‌ى سنور، به‌ڵكو ئێمه‌ له‌ چوارچێوه‌ى پرۆسه‌ى سیاسیداین، هه‌وڵده‌ده‌ین نوێنه‌رایه‌تى جه‌ماوه‌ر بكه‌ین به‌شێوه‌یه‌كى راسته‌قینه‌".

جه‌ختیشیكرده‌وه‌: له‌ چه‌ند رۆژى داهاتوودا تانوپۆى سه‌ره‌تایی قه‌واره‌یه‌كى سیاسى ئۆپۆزسیۆنێكى په‌رله‌مانى به‌هێز ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌ پابه‌ند ده‌بێت به‌وه‌ى قه‌واره‌یه‌كى گه‌وره‌ و كاریگه‌ر  بێت له‌ راستكردنه‌وه‌ى پرۆسه‌ى سیاسى.

 

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure