نه‌وزاد ئه‌دهه‌م: به‌غدا له‌كاتى خۆیدا پاره‌ى جوتیاران ده‌نێرێت

هەواڵ / چاوپێکەوتن :: 17/06/2019‌ :: 478‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، سامان قوبادى

به‌غدا ته‌نیا 340 هه‌زار ته‌ن گه‌نمى جوتیارانى هه‌رێم وه‌رده‌گرێت، ئه‌مەش له‌كاتێكدا له‌ناوچه‌كانى خوارو و ناوه‌ڕاستى عێراق به‌بڕیارى تایبه‌تى سه‌رۆك وه‌زیران هه‌رچى گه‌نمى به‌رهه‌مهێنراوه‌ وه‌رده‌گیرێت، نه‌وزاد ئه‌دهه‌م به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى بازرگانى هه‌رێمى كوردستان له‌ چاوپێكه‌وتنێكى دواڕۆژدا ده‌ڵێت: "192 ملیار دینار بۆكڕینى گه‌نمى هه‌رێم دیاریكراوه‌ و له‌كاتى خۆیدا به‌غدا پاره‌كه‌ ده‌نێرێت".


دواڕۆژ: به‌غدا بڕى چه‌ند هه‌زار ته‌ن گه‌نمى دیاری كردووه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستانی وه‌ربگرێت و دوا واده‌ى وه‌رگرتن كه‌یه‌؟
نه‌وزاد ئه‌دهه‌م: بڕى 340 هه‌زار ته‌ن گه‌نم له‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌رده‌گیرێت، ئه‌مه‌ش به‌پێى نوسراوى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى عێراق كه‌ ئه‌مساڵ جگه‌ له‌ ناوچه‌كانى ماده‌ى 140، له‌ هه‌ولێر 100 هه‌زار ته‌ن گه‌نم وه‌رده‌گیرێت، سلێمانى 80 هه‌زار ته‌ن، دهۆك 112 هه‌زار ته‌ن، هه‌ڵه‌بجه‌ 20 هه‌زار ته‌ن، ئیداره‌ى گه‌رمیان 28 هه‌زار ته‌ن گه‌نم.

دواڕۆژ: بۆ هه‌ر ته‌نێك گه‌نم به‌پێى جۆره‌كه‌ى چه‌ند ده‌درێت به‌ جوتیار؟
نه‌وزاد ئه‌دهه‌م: هه‌ر ته‌نێك له‌گه‌نمى ده‌ره‌جه‌ یه‌ك 560 هه‌زار دینارى پێ ده‌درێت، ته‌نێك گه‌نمى ده‌ره‌جه‌ دوو بڕى 480 هه‌زار دینار، گه‌نمى ده‌ره‌جه‌ سێ 420 هه‌زار دیناره‌، له‌ هه‌ر پارێزگایه‌كیش لیژنه‌ى باڵاى سه‌رپه‌رشتیكردنى به‌بازاڕكردن به‌ سه‌رۆكایه‌تى جێگرى پارێزگار كه‌ به‌رپرسیارن له‌ پڕۆسه‌ى وه‌رگرتنى گه‌نم پێكهێنراوه‌، جگه‌له‌وه‌ به‌غدا لیژنه‌یه‌كى بۆ هه‌رێمى كوردستان ناردوه‌، دواى وه‌رگرتنى پاره‌ى گه‌نم له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌ بۆ مانگێك به‌غدا پاره‌ى جوتیارانى هه‌رێم ده‌دات، له‌ناوچه‌كانى ناوه‌ڕاست و خواروى عێراق ئه‌وانه‌ى گه‌نمیان راده‌ست كردووه‌، له‌ماوه‌ى دوو هه‌فته‌دا پاره‌كه‌یان وه‌رگرتووه‌، به‌ڵام له‌هه‌رێم هه‌ندێك رێكارى دارایى هه‌یه‌، بۆیه‌ ره‌نگه‌ دواى مانگێك پاره‌ى جوتیاران بدرێت، له‌ هه‌موو عێراقدا یه‌ك تریلیۆن و 520 ملیار دینار بۆ كڕینى گه‌نم دانراوه‌، له‌و بڕه‌ش 192 ملیار دینارى بۆ كڕینى گه‌نمى هه‌رێمى كوردستانه‌.

به‌ڵام به‌پێى بڕیارێكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران جیا له‌ یاساى بودجه‌، وه‌رگرتنى به‌شه‌ گه‌نمى پارێزگاكانى ترى عێراق زیاتره‌ له‌ هه‌رێم بۆچى؟
نه‌وزاد ئه‌دهه‌م: به‌بڕیارى سه‌رۆكى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران پارێزگاكانى ترى عێراق جگه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌و بڕه‌ گه‌نمه‌ى كه‌ به‌رهه‌میانهێناوه‌ به‌ده‌ر له‌ پلانى كشتوكاڵى 2018 بۆ 2019 لێیان وه‌رده‌گیرێت، به‌ڵام ئه‌م بڕیاره‌ هه‌رێمى كوردستانى لێ بێ به‌رى كراوه‌، له‌ چه‌ند رۆژى رابوردوودا له‌گه‌ڵ وه‌زیرى بازرگانى عێراق كۆبووینه‌وه‌، به‌ڵێنى پێداین كه‌ به‌شى هه‌رێم زیاد بكات، به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵ و په‌یوه‌ندیدا ده‌بین بۆ ئه‌وه‌ى بڕى وه‌رگرتنى گه‌نمى پارێزگاكانى هه‌رێم زیاد بكرێت.

دواڕۆژ: ئه‌و بڕه‌ گه‌نمه‌ى وه‌رده‌گیرێت له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ زۆر كه‌متره‌ له‌وه‌ى له‌ هه‌رێم به‌رهه‌مهێنراوه‌، چاره‌سه‌ر چییه‌ بۆ ئه‌مه‌؟
نه‌وزاد ئه‌دهه‌م: بازرگانى ئازاده‌ و ئێستا وه‌رزى گه‌نمه‌، له‌ بازاڕه‌كانى هه‌رێم یه‌ك ته‌ن گه‌نم به‌ 380 بۆ 420 هه‌زار دینار ده‌فرۆشرێت، ئه‌و كه‌سانه‌ى گه‌نمیان هه‌یه‌ په‌رۆش نین بۆ ئه‌وه‌ى بیده‌ن به‌ سایلۆكان، چونكه‌ له‌ بازاڕدا خێرى زیاتر ده‌كات، به‌ڵام حكومه‌تى عێراق ئه‌م بابه‌ته‌ى كردووه‌ته‌ ماده‌یه‌كى سیاسى، به‌غدا ده‌ڵێت ئه‌مه‌ پڕۆسه‌یه‌كى مه‌ركه‌زییه‌، ئێوه‌ ئاردتان له‌ به‌غدا ده‌وێت 340 هه‌زار ته‌ن گه‌نم وه‌رده‌گرین، له‌كاتێكدا پێویستمان به‌ 540 هه‌زار ته‌نه‌، بۆیه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات 200 هه‌زار ته‌ن گه‌نمى باشى هاورده‌كراو ده‌نێرین بۆ هه‌رێم بۆ ئه‌وه‌ى ئاردێكى باش بدرێت به‌ هاوڵاتییان، ئه‌مه‌ قسه‌ى ئه‌وانه‌، به‌ڵام پێمان وتن گه‌نمى هاورده‌كراومان ناوێت، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى به‌شى ئێمه‌یه‌ بۆمان بكه‌نه‌ گه‌نمى به‌رهه‌مهێنراوى هه‌رێم، له‌به‌رامبه‌ردا وه‌زیرى بازرگانى عێراق وتى به‌سه‌رچاو.

دواڕۆژ: دڵنیایى چییه‌ كه‌ دواى وه‌رگرتنى گه‌نم له‌ جوتیار له‌ واده‌ى دیاریكراوى خۆیدا به‌غدا پاره‌كه‌ ده‌نێرێت؟
نه‌وزاد ئه‌دهه‌م: له‌ یاسای بودجه‌ى عێراقیدا پاره‌ى هه‌رێم له‌به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنى گه‌نم دیاریكراوه‌، دواى وه‌رگرتنى گه‌نم له‌ واده‌ى دیاریكراوى خۆیدا یه‌كسه‌ر به‌غدا پاره‌ى گه‌نمى جوتیارانى هه‌رێمده‌نێرێت و دابه‌شده‌كرێت.

دواڕۆژ: ده‌یان دۆنم زه‌وى كشتوكاڵى سوتاوه‌ و به‌رهه‌مه‌كه‌ى له‌ناوچووه‌، چۆن قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه‌؟
نه‌وزاد ئه‌دهه‌م: له‌ ده‌سه‌ڵاتى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵى حكومه‌تى هه‌رێمه‌، پێویسته‌ هۆكاره‌كانى سوتاندن دیاریبكرێت له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منییه‌كانه‌وه‌، له‌به‌غداش بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لیژنه‌ پێكهێنراوه‌، بۆ نموونه‌ له‌ موسڵ 85 هه‌زار دۆنم زه‌وى كشتوكاڵى سوتاوه‌، له‌ هه‌ولێر له‌ داره‌توو نزیكه‌ى نۆ هه‌زار دۆنم زەوى كشتوكاڵى سووتاوه‌، داوا ده‌كه‌ین و به‌پێویستى ده‌زانین حكومه‌ت قه‌ره‌بووى ئه‌و كه‌سانه‌ بكاته‌وه‌ كه‌ زه‌ره‌رمه‌ند بوون.

دواڕۆژ: ئایا گرژییه‌ سه‌ربازیه‌كانى نێوان ئه‌مریكا و ئێران بازرگانى هه‌رێمى له‌گه‌ڵ دراوسێكه‌ى سست كردووه‌؟
نه‌وزاد ئه‌دهه‌م: له‌ هه‌ر بڕیاریكدا كه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ ئێرانه‌وه‌ ئێمه‌ پابه‌ندى به‌غدا ده‌بین، به‌ڵام بارى دارایى و ئابورى ئێران له‌ دۆخێكى خراپدایه‌، ئه‌مه‌ش ئاڵوگۆڕى بازرگانى له‌گه‌ڵ هه‌رێم لاواز و كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، چونكه‌ حكومه‌تى ئێران خۆى رێگه‌ نادات به‌تایبه‌ت ماده‌ خۆراكییه‌كان بنێردرێته‌ ده‌ره‌وه‌، بۆیه‌ واى كردووه‌ كۆمپانیا توركییه‌كان جێگه‌ى ئێرانیه‌كان بگرنه‌وه‌ له‌ هه‌رێم. 

پ: ن.ر
بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure