هه‌ى نائومێدى هه‌ى نائومێدى

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 17/06/2019‌ :: 1486‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ناونیشانه‌كه‌ى سه‌ره‌وه‌ ته‌نیا هه‌ر شیعره‌ به‌ناوبانگه‌كه‌ى بێسارانیمان بیرناخاته‌وه‌ به‌ڵكو زمانحاڵى زۆربه‌ى هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستانه‌ له‌م بارودۆخه‌ تاڵ و ناله‌باره‌دا.


ئه‌و باوكه‌ى كه‌ جاران به‌ بڕوایه‌كى پۆڵایینه‌وه‌ ئه‌بووه‌ پێشمه‌رگه‌ و قبووڵى بوو كه‌سوكاره‌كه‌ى بگیرێن و ده‌ربه‌ده‌ر و سه‌رگه‌ردان بكرێن ئێستا خۆى په‌شیمانه‌ له‌و رابوردووه‌ى و هیچكام له‌ منداڵه‌كانیشى هه‌ست به‌ وابه‌سته‌بوون ناكات به‌م وڵاته‌وه‌.

بۆچى وایه‌؟ ئه‌مه‌ پرسیارێك بوو ئاڕاسته‌ى مامۆستاى كۆمه‌ڵناس دكتۆر كه‌ریم قه‌ره‌چه‌تانیمان كرد كه‌ وه‌ك كانیاوێكى به‌هار چۆن ده‌ته‌قێته‌وه‌ ئاوا سكاڵاى پڕ له‌ زانیاریى و ده‌رده‌دڵى نه‌وه‌یه‌كى بۆ هه‌ڵڕشتین و وتى: "وابه‌سته‌بوون یان ئینتیما وه‌ك نهۆمى چواره‌مى باڵه‌خانه‌ وایه‌. تۆ ئه‌گه‌ر قاتى یه‌ك و دوو و سێ-ت نه‌بێت ناتوانیت نهۆمى چواره‌م دروست بكه‌یت. پێش پابه‌ندبوون و به‌رله‌وه‌ى چاوه‌ڕوان بكه‌یت دەبێت هاووڵاتى نیشتمانه‌كه‌ى خۆش بوێت و خۆى به‌ نامۆ نه‌زانێت تیایدا، ده‌بێت ئه‌مانه‌ى خواره‌وه‌ی بۆ دابین كرابێت:


پێداویستییه‌كانى ژیان، هه‌ستكردن به‌ ئاسایش و پاراستن، هه‌ستكردن به‌ نرخ و خۆشه‌ویستى و رێز. ئه‌وسا به‌دڵنیاییه‌وه‌ هه‌ستى ئینتیما لاى مرۆڤ دروست ده‌بێت.

- كه‌واته‌ كرۆكى كێشه‌كه‌ خراپ به‌ڕێوه‌بردنى وڵاته‌؟
د. كه‌ریم: "به‌دڵنیاییه‌وه‌ هۆكاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌. حكومتدارییه‌كى شكستخوارد و بێ سه‌روبه‌ر هەیە، نه‌بوونى دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئه‌قڵى مافیا و ده‌سته‌گه‌رییه‌تى بوونی هەیە و هه‌موو دامه‌زراوه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى و زانستى و خزمه‌تگوزارییه‌كان تێکدراوە".

- ده‌كرێت بچین ئۆبامایه‌ك بێنین تكای لێ بكه‌ین به‌ڕێوه‌مان ببات؟
د. كه‌ریم: "باوه‌ڕت بێت دوو رۆژ به‌رگه‌ى ئێره‌ ناگرێت. كێشه‌كه‌ له‌وه‌دایه‌ نه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ى ئێره‌ ده‌توانن له‌ هیچ وڵاتێكى سه‌قامگیر و خاوه‌ن یاسا و رێسادا ببنه‌ ده‌سه‌ڵاتدار، نه‌ هیچ حوكمدارێكى وڵاته‌ خاوه‌ن یاسا و رێساكان ده‌توانن ئه‌م كورده‌ى ئێمه‌ به‌ڕێوه‌ ببه‌ن. رێك وه‌كو مه‌نجه‌ڵ و سه‌رقاپه‌كه‌ واین. بڕوانه‌ گه‌نجانى بێ كار، خه‌ڵكى به‌شمه‌ینه‌ت، راگه‌یاندنى سه‌قه‌ت و چه‌واشه‌كار. من سه‌دان نموونه‌م لایه‌ كه‌ جیاوازى ئاشكرا ده‌كرێت له‌نێوان ده‌رچوویه‌كى زانكۆ و ده‌رچوویه‌كى تردا. ته‌ماشاى رێژه‌ى بێكارى بكه‌".

- راسته‌ به‌ڵام خۆ له‌ جیهاندا هیچ حكومه‌تێك نییه‌ بتوانێت هه‌موو ده‌رچووانى زانكۆ دابمه‌زرێنێت؟
د. كه‌ریم: "من مه‌به‌ستم دامه‌زراندن نییه‌. مه‌به‌ستم دۆزینه‌وه‌ى هه‌لى كاره‌. ئه‌ركى حكومه‌ته‌ هه‌لى كار بدۆزێته‌وه‌ و هه‌تا ئه‌وه‌ش دابین ده‌بێت پێداویستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانى ژیان و گوزه‌رانیان بۆ دابین بكات. تۆ كه‌ نان و ئاو و كاره‌با و چاودێرى ته‌ندروستى و داهاتێكى گونجاوت نه‌بێت و نیشتمانه‌كه‌ت نه‌یتوانیبێت رێز و ئاسایش و دڵنیاییت پێ ببه‌خشێت چۆن پێوه‌ى وابه‌سته‌ ده‌بیت".

- به‌ڕێزت ده‌ته‌وێت بڵێیت كاڵبوونه‌وه‌ى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى ئه‌نجامێكى راسته‌وخۆى سه‌روه‌رنه‌بوونى یاسایه‌؟
د. كه‌ریم: "با له‌برى هه‌ستى نه‌ته‌وه‌یى زاراوه‌ى هاووڵاتیبوون به‌كاربهێنین. ئێستا هاووڵاتیبوون گونجاوتره‌. بۆ وه‌ڵامى پرسیاره‌كه‌شت ده‌ڵێم به‌ڵێ ئه‌گه‌ر یاسا سه‌روه‌ر نه‌بێت ئه‌وه‌ رووده‌دات كه‌ ده‌یبینین. هه‌موو جومگه‌كانى كۆمه‌ڵگا لێكده‌ترازێن و ئاستى زانستى و خوێنده‌وارى داده‌به‌زێت. ئه‌و ره‌مزانه‌ى كه‌ هه‌مانبوون ناشیرین و قێزه‌ون ده‌بن. هیچ جۆره‌ په‌روه‌رده‌یه‌ك نامێنێت نه‌ خێزانى و نه‌ سیاسی و نه‌ كۆمه‌ڵایه‌تى. سه‌رنج بده‌ له‌ په‌رله‌مانه‌كه‌ى ئێستامان و دامه‌زراوه‌ حكومه‌تییه‌كانى دیكه‌. سه‌رنج بده‌ له‌ ره‌فتارى تاكه‌كانى كۆمه‌ڵ. هه‌موویان ئاماژه‌ بۆ ئاینده‌یه‌كى تاریك و پڕ له‌ نشێو و خه‌ره‌ند ده‌كه‌ن".

- باشه‌ ئه‌م كاربه‌ده‌ستانه‌ى ئێستا هه‌مان ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ى جاران نین كه‌ فیداكارییان ده‌كرد و سنگیان ده‌نا به‌ گولـله‌وه‌ بۆچى ئێستا وایان لێهاتووه‌؟
د. كه‌ریم: "مرۆڤ نه‌ فریشته‌یه‌ و نه‌ ئه‌هریمه‌ن. ئه‌وان كه‌ هاتنه‌وه‌ نه‌یانتوانى خۆیان له‌به‌رامبه‌ر پاره‌ و ده‌سه‌ڵات و سێكس و هێزه‌ راكێشه‌ره‌كانى تردا رابگرن. من كه‌ ئه‌م قسه‌یه‌ ده‌كه‌م خوێن له‌ دڵم ده‌تكێت به‌ڵام ئه‌وه‌ راستییه‌كه‌ و ناتوانین خۆمانى لێ بدزینه‌وه‌. رۆژگارێك هاتووه‌ته‌ پێشه‌وه‌ كه‌س كاغه‌زى كه‌س ناخوێنێته‌وه‌".

- ئه‌ى بۆچى هه‌موو جارێك له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كاندا ده‌نگ ئه‌هێننه‌وه‌؟
د. كه‌ریم: "چونكه‌ دیموكراسى له‌ راستیدا ئه‌مه‌ جه‌وهه‌ره‌كه‌یه‌تى، خه‌وش و ناته‌واوى زۆره‌. سه‌رۆك خێڵێك ده‌توانێت هه‌زاران ده‌نگ زامن بكات. ئه‌وه‌ش بزانه‌ ده‌نگیش نه‌درێت سندوقه‌كان هه‌ر پڕده‌بن له‌ ده‌نگ و له‌ راستیدا باكیشیان به‌ كه‌س نییه‌. ئه‌مریكا و هێزه‌ ناوچه‌ییه‌كانیش ئه‌م بارودۆخه‌یان پێ خراپ نییه‌ چونكه‌ ئیشیان به‌م جۆره‌ رایى ده‌بێت".

- ئایا ده‌سه‌ڵاتداران هه‌موویان به‌ یه‌ك ئه‌ندازه‌ به‌رپرسیارن له‌م كوێره‌وه‌رییه‌؟
د. كه‌ریم: "دیاره‌ به‌رپرسیاربوونه‌كه‌ رێژه‌ییه‌ و من له‌و باوه‌ڕه‌دام كه‌ یه‌كێك له‌ هۆكاره‌ گه‌وره‌كان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه‌ چوارده‌وریان به‌ كه‌سى خراپ گیراوه‌ و به‌ته‌واوى له‌ ورده‌كارییه‌كان ئاگادار نین و دابڕێنراون".

- تۆ پێت وانییه‌ ئێمه‌ى كورد قۆناغه‌ مێژووییه‌كانمان به‌شێوه‌یه‌كى سروشتى نه‌بڕیوه‌؟ واته‌ بێ ئه‌وه‌ى ئاماده‌ییمان تیا بووبێت یه‌كسه‌ر كه‌وتین به‌سه‌ر ئینته‌رنێت و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان و سندوقى هه‌ڵبژاردن و بازاڕى ئازاددا.
د. كه‌ریم: "باسى ئینته‌رنێت بكه‌م چونكه‌ ئێستا كاریگه‌رترین بابه‌ته‌ به‌سه‌ر به‌شێكى زۆرى هاووڵاتییانه‌وه‌. هه‌ندێك ده‌ڵێن ئینته‌رنێت ئه‌قڵه‌كانى سه‌قه‌ت كردووه‌، پابه‌ندبوونى نه‌هێشتووه‌ و لاساییكردنه‌وه‌ى كوێرانه‌ى خۆرئاواى كردووه‌ به‌ مۆده‌. من واى نابینم. ئینته‌رنێت وه‌ك هه‌موو شتێكى تر چه‌قۆیه‌كى دووده‌مه‌ یان باشتر وایه‌ بڵێین ئۆقیانووسێكه‌ گه‌وهه‌رى تێدایه‌ و قرشیش، گرنگ ئه‌وه‌یه‌ تۆ به‌دواى چیدا ده‌گه‌ڕێیت. ئینته‌رنێت سه‌رچاوه‌یه‌كى له‌بن نه‌هاتووى هه‌موو بابه‌تێكى به‌سوود و زیانبه‌خشه‌. ئه‌وه‌ په‌روه‌رده‌یه‌ ئاڕاسته‌ت ده‌كات چى هه‌ڵبژێرى و به‌دواى چیدا بگه‌ڕێیت. ئه‌و په‌روه‌رده‌یه‌ى كه‌ به‌داخه‌وه‌ ئێستا له‌ هه‌موو روویه‌كه‌وه‌ زۆر له‌ خوار سفره‌وه‌یه‌".

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure