دانیشتنى دادگاى فیدڕاڵى له‌باره‌ى نه‌وتى هه‌رێم دواخرا

هەواڵ / کوردستانی :: 17/06/2019‌ :: 187‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

دادگاى فیدڕاڵى عێراق بڕیاریدا به‌ دواخستنى دانیشتنه‌كانى دادگا له‌سه‌ر دۆسیه‌ى فرۆشتنی "نایاسایى" نه‌وتی هه‌رێم، به‌ڵام په‌رله‌مانى عێراق بڕیاریدا به‌ زیندووكردنه‌وه‌ى ئه‌و لیژنه‌یه‌ى كه‌ چه‌ند ساڵێكه‌ له‌سه‌ر فرۆشتنى نه‌وتى هه‌رێم پێكهێندراوه‌.


ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید، ئه‌ندامى په‌رله‌مانى عێراق به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ 17ى حوزه‌یرانى 2019 لە بەغدا دانیشتنێكی دیکەی سکاڵاکەی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێم لە دادگای فیدراڵی بەڕێوەچوو، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى دادگا وه‌ڵامى خودى عادل عه‌بدولمه‌هدى پێنه‌گه‌یشتووه‌ بۆیه‌ داوا له‌ نوێنه‌رى سه‌رۆک وەزیران کرا کە وەڵامی عه‌بدولمه‌هدى ئامادەبکات بۆ دانیشتنی داهاتوو کە بڕیاره‌ له‌ 5ى ئابى 2019 به‌ڕێوه‌بچێت.

وتیشى: "ئێمە وەکو سێ پەرلەمانتارى كورد (هۆشیار عه‌بدوڵا، سه‌ركه‌وت شه‌مسه‌ددین و به‌نده‌) پێمانوایە کە گرنگە مەلەفی نەوتی هەرێم بە شێوەی دەستوری و یاسایی چارەسەر بکرێت و داهاتەکەی بخرێتە خزمەتی هاوڵاتیانه‌وه‌، بۆیه‌ كاردەکەین بۆ پەلەکردن لە دەرچواندانی یاسایی نەوت و گاز".

ئه‌حمه‌دى حاجى ره‌شید، ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد: به‌هۆى ئه‌وه‌ى پێشتر، چارەسەرەکان ئیتیفاقیی سیاسی بوون نەک یاسایی، بۆیه‌ وەک خۆیان جێبەجێنەکراون و لەبەرامبەریشدا خەڵک باجەکەی داوەو فەرمانبەرانی هەرێم بێ مووچە بوون، له‌به‌رئه‌وه‌ مەبەستمانە بە چارەسەری یاسایی و دەستوری مەترسی بڕینی مووچە بەیەکجاری چارەسەربکەین.

هاوکات به‌ختیار شاوەیس، په‌رله‌مانتاری یه‌كێتی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌دواڕۆژى راگه‌یاند: سەرۆكی په‌رله‌مان بڕیاریداوه‌ كه‌ لیژنه‌ی (نه‌وت، دارایی و یاسایی) كارابكاته‌وه‌و به‌دواداچوون بكه‌ن بۆ ئه‌و سكاڵایه‌ی كه‌ حكومه‌تی عێراق له‌ ساڵی 2014 له‌سه‌ر توركیا تۆماریکردووە، سه‌باره‌ت به‌ گواستنه‌وه‌ی نه‌وت له‌ هه‌رێمه‌وه‌ بۆ به‌نده‌ری جه‌یهانی توركیا.

ئەوەشی خستەڕوو: ئه‌و بڕیاره‌ بۆ حكومه‌تى هه‌رێم، زه‌نگێكه‌وه‌و پێویسته‌ له‌ زووترین كات چارسه‌رى دۆسیه‌ى نه‌وت له‌گه‌ڵ به‌غدا بكات.

پ: ن.ر



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure