دواڕۆژ ورده‌كارى گۆڕانكارى له‌ مۆڵه‌تى شوفێرى-دا ئاشكراده‌كات

هەواڵ / کوردستان :: 17/06/2019‌ :: 3808‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

به‌پێى پڕۆژه‌یه‌كى وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێم، له‌مڕۆوه‌ ده‌ستكراوه‌ به‌ گۆڕانكارى له‌ شێوازى مۆڵه‌تى شوفێرى و به‌رپرسێكى وه‌زاره‌تى ناوخۆش ده‌ڵێت: "له‌ شه‌ش مانگدا، سیستەمی نوێ بۆ دەرکردنی مۆڵەتی شوفێر ده‌كه‌وێته‌كار".


سامى جه‌لال، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتى دیوانى وه‌زاره‌تى ناوخۆى هه‌رێم (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 17ى حوزه‌یرانى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: به‌پێى ئه‌و گرێبه‌سته‌ى له‌نێوان وەزارەتی ناوخۆ و كۆمپانیایه‌كى ئه‌ڵمانیدا كراوه‌، له‌مڕۆوه‌ كۆمپانیاكه‌ ده‌ستى به‌كاره‌كانى كردووه‌ و گۆڕانكارى له‌ مۆڵه‌تى شوفێریدا ده‌كرێت.

وتیشى: "گۆڕانكارییه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ساخته‌كارى له‌ مۆڵه‌ت و ساڵنامه‌كاندا نه‌كرێت، بۆ ئه‌مه‌ش سیسته‌مێكى بۆ داده‌نرێت كه‌ هه‌ردووكى ده‌بێته‌ پلاستیكى و لێزه‌ر، له‌هه‌ر شوێنێك مۆڵه‌ته‌كه‌ له‌ سیسته‌مه‌ ئه‌لیكترۆنییه‌كه‌ بدرێت، ده‌زاندرێت شوفێره‌كه‌ مۆڵه‌تى هه‌یه‌ یان نا؟".

سامى جه‌لال، رونیشكرده‌وه‌: له‌و مۆڵه‌ته‌ نوێییه‌دا، چەندین زانیاریی دەربارەی شوفێر لەخۆدەگرێت، جگه‌ له‌وه‌ شوفێر لەکاتی دەرھێنانیدا پێویستی بە مۆڵەتی نێودەوڵەتی نابێت، چونکە ھەمووی یەک سیستەم دروستکراوە و وێنه‌ى جۆرى ئۆتۆمبێله‌كه‌ له‌سه‌ر مۆڵه‌ته‌كه‌دا ده‌بێت.

له‌ماوه‌ى شه‌ش مانگى داهاتوودا، كاره‌كانى ده‌رهێنانى شێوازه‌ نوێییه‌كه‌ى مۆڵه‌ته‌ ته‌واوده‌كرێت.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure