داوا لە پزیشكان دەکرێت به‌بێ ئاگادارى سه‌ندیكا نه‌چنه‌ دادگا

هەواڵ / کوردستان :: 18/06/2019‌ :: 221‌ جار بینراوە

تاگ :: كوردستانى

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

سه‌ندیكاى پزیشكانى كوردستان سكاڵا له‌سه‌ر دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى كه‌لار تۆمارده‌كات و داوا له‌ پزیشكانى كوردستانیش ده‌كات به‌بێ ئاگادارى سه‌ندیكا نه‌چنه‌ دادگا و له‌باره‌ى كاركردنى بێ مۆڵه‌تى پزیشكانى بیانى_یش هۆشدارى ده‌دات.


به‌پێى بڕیارى ژماره‌ (140)ى سه‌ندیكاى پزیشكانى كوردستان، كه‌ له‌ 9ى حوزه‌یران ده‌رچووه‌ و وێنه‌یه‌كى لاى دواڕۆژه‌، دژى ده‌ستگیركردنى دوو پزیشك له‌لایه‌ن دادگاى لێكۆڵینه‌وه‌ى كه‌لار، سه‌ندیكاى پزیشكان له‌ ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێم سكاڵاى له‌سه‌ر دادگاكه‌ تۆماركرد.

هاوكات له‌ بڕیارێكى دیكه‌دا، سه‌ندیكاى پزیشكانى كوردستان داوا له‌ سه‌رجه‌م پزیشكان ده‌كات به‌بێ ئاگادارى سه‌ندیكا نه‌چنه‌ دادگا.

له‌باره‌ى كاركردنى پزیشكانى بێ مۆڵه‌تى بیانى له‌ كوردستان، سه‌ندیكاى پزیشكانى كوردستان هۆشدارى ده‌داته‌ نه‌خۆشخانه‌ تایبه‌ت و كۆمه‌ڵگه‌ پزیشكه‌كان.

له‌باره‌ى هه‌ڵوێستى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى له‌سه‌ر بڕیاره‌كانى سه‌ندیكاى پزیشكان، خاڵس قادر وته‌بێژى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: لەگەڵ ئەوەین بەپێی یاسا مامەڵەبکرێت و پێویستە لەکاتی بوونی سکاڵا لەسەر هەر پزیشکێک، سەندیکا و وەزارەتى لێی ئاگاداربێت و لیژنەی پزیشکی تایبەتمەند پێکبهێندرێت بەئامادەبوونی داواکاری گشتی  و نوێنەری سەندیکای پزیشکان بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەیس و سکاڵایەنی تایبەتە بە پزیشکان لە چوارچێوەی پیشەی پزیشکیییه‌كان.

وتیشى: "بۆ بابەتی پزیشکانی بیانی لە نەخۆشخانە تایبەتیەکان لە پارێزگاکان لیژنە هەیە بۆ مۆڵەتدان و نوێنەری سەندیکا و تەندروستی شارەکان بەرپرسن لەو رێگەپێدانە، بەدەر لە رێنمایی و بڕیاری لیژنەکە ئەگەر هەر سەرپێچیەک هەبێت لێپرسینەوە دەکرێت، ئه‌وه‌ش لە وەزارەت لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی پشکنین و بەدواداچوون ده‌بێت".

خاڵس قادر ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئەوەی پەیوەستیشە بە سەندیکاى پزیشكان "دەتوانن لێپرسینەوەی خۆیان بکەن" بەپێى ئەو دەسەڵاتەی پێیان دراوە لە یاسای سەندیکا.

بڕیاره‌كانى سه‌ندیكاى پزیشكانى كوردستان:

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure