ئه‌مین محه‌مه‌د: نووسین بۆ منداڵ لە هەموو ژانەرە ئەدەبیەکانی تر ئاڵۆزتر و مەرجدارترە

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 368‌ جار بینراوە
ئه‌مین محه‌مه‌د

دواڕۆژ

ئه‌مین محه‌مه‌د ئیسماعیل (ئه‌مین محه‌مه‌د) یه‌كێكه‌ له‌و شاعیرانه‌ى كه‌ له‌م به‌شه‌ى كوردستاندا جێده‌ستى به‌ ئه‌ده‌بى منداڵانه‌وه‌ دیاره‌. تائێستا حه‌وت كتێبى بۆ منداڵان چاپكردووه‌ و ژماره‌یه‌ك به‌رهه‌مى تریشى ئاماده‌ى چاپكردنن. هه‌روه‌ك ده‌یان شیعرى كراون به‌ گۆرانى و له‌لایه‌ن منداڵانه‌وه‌ ده‌وترێنه‌وه‌. بۆ وتوێژى زیاتر دواڕۆژ ئه‌م دیداره‌ى له‌گه‌ڵدا سازكرد.

دواڕۆژ: لە کەیەوە دەستت بەنووسین کردوە و چەند بەرهەمی بڵاوکراوەت هەیە؟
ئه‌مین محه‌مه‌د:
لەسەرەتای هەشتاکانەوە دەستم بە شیعرنووسین کردووە، بەڵام ئەو نووسینانەی کە بە تەواوی بە شیعرم زانیون و دواتر بڵاوم کردوونەتەوە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی 1983. یەکەم شیعرم ساڵی 1986 لە گۆڤاری (کاروان)دا بڵاوکردوەتەوە. ساڵی 1991 یەکەم کتێبم بەناوی (هەڵوێست) بەچاپ گەیاندوە كه‌ سەرجەمیان شیعری سیاسین. لە ساڵانی هەشتاکان لە کۆڕە شیعریەکاندا خوێنراونەتەوە. لە بواری ئەدەبی منداڵاندا تائێستا حەوت بەرهەمی چاپکراوم هەیە: ماڵی باران- شیعر، هاوڕێی نوێ- شیعر، هەنگە وردیلە- شیعر، خەونی چۆلەکە- شیعر، گۆرانیی هەورەکان- شیعر، خەیاڵی مناڵان- شیعر، بەرسیلە- شیعر، دیوانی ع ع شەونم- کۆکردنەوە و ئامادەکردن. هه‌روه‌ها: سەمای ماسی- چیرۆک، نەدا و مانک- چیرۆک/وەرگێڕان، فیلەکە و دارستانی چۆلەکەکان-چیرۆک/وەرگێڕان، ئاماده‌ن بۆ چاپكردن.

دواڕۆژ: زیاتر لە بواری ئەدەبی منداڵاندا دەرکەوتوویت، بۆچی ئەم بوارەت هەڵبژارد؟
ئه‌مین محه‌مه‌د:
راستە من زیاتر لە بواری ئەدەبی مندڵاندا دەرکەوتووم ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ حەز و خولیا و ئارەزووم بۆ بواری پەروەردە و ئەدەبی منداڵان و خزمەتکردنی زیاترم لەو بوارەدا. لە راستیدا من هەر لەبنەڕەتدا و خۆڕسکانە منداڵم خۆشدەوێ و هەمیشە حەزم کردووە کاریان بۆ بکەم. وەک نووسینی شیعر و چیرۆک و وەرگێڕان. خۆشەویستی منداڵ وایکردوە من ئێستا زۆر بەکەمی شیعر بۆ گەورە ساڵان دەنووسم. هەموو نووسینەکانم تایبەت کردووە بۆ منداڵان و تا بشتوانم بەردەوام دەبم و کاریان بۆ دەکەم، چونکە هەستدەکەم توانایەکم هەیە و دەتوانم لەو بوارەدا خزمەت بە ئەدەبی مندڵان بکەم.

دواڕۆژ: نووسین بۆ منداڵ چیە و چۆنە؟ ئایا لە جۆرەکانی تری نووسین قورسترە یان ئاسانتر؟
ئه‌مین محه‌مه‌د:
نووسین بۆ منداڵ هەموو ئەو جۆرە ژانەرە ئەدەبی و هونەریانەیە کە تایبەتن بە جیهانە رەنگاڵەییەکەی منداڵان، وەک شیعر و چیرۆک و ئۆپەرێت و شانۆنامە و چەندین بابەت و رێنمایی گرنگ و بەسوود. ئەوانیش مەرج و تایبەتمەندیی خۆیان هەیە و دەبێ بە زمانی منداڵ بنووسرێن و وشە و زاراوەکانیان سەر بە فەرهەنگی منداڵ بن و کورت و پوخت و چڕوپڕ بن، دەبێ وشەی نەشیاو و دەسەواژەی ئاڵۆز و توندوتیژی تێدا بەکارنەهێنرابێ، تا کاری نەرێنی لەسەر دەروون و هەستی منداڵ دروستنەکات. بێگومان نووسین بۆ منداڵ لە هەموو ژانەرە ئەدەبیەکانی تر قورستر و ئاڵۆزتر و مەرجدارترە، چونکە دەبێ نووسەر باش بزانێ چی دەنووسێ و بۆ کێ دەنوسێ و چ ئەرکێکی ئەدەبی و پەروەردەیی قورسی لەسەر شانە، چونکە نووسەری بواری ئەدەبی منداڵان بەرپرسیارە بەرامبەر بە نەوەی دواڕۆژی نەتەوەکەی.

دواڕۆژ: چەند شیعرت لەلایەن منداڵانەوە کراون بەگۆرانی؟
ئه‌مین محه‌مه‌د:
تائێستا نزیکەی هەشتا بۆ نەوەت شیعرم لە کەناڵە TV یەکان لەلایەن هونەرمەندانەوە ئاوازیان بۆ دانراوە و کراون بە گۆرانی و منداڵانی ئازیز بە دەنگە پڕ لە سۆزەکەیان دەیانچڕن، بەڵام زۆر لەو ژمارە زیاتر شیعرەکانم لەلایەن باخچەکانی منداڵانەوە ئاوازیان بۆ دانراوە و ساڵانە دەکرێن بە گۆرانی و منداڵە خنجیلەکان دەیانڵێنەوە.

دواڕۆژ: ئایا منداڵی کورد دەخوێنێتەوە؟
ئه‌مین محه‌مه‌د:
لەڕاستیدا تائێستا خوێندنەوە لای منداڵی کورد نەبووە بە کلتور و زۆر بە کەمی دەخوێننەوە، خوێندنەوەکەشیان بێ بەرنامە و هەڕەمەکیە، چونکە نە لەلایەن خێزان و نە لەلایەن مامۆستا و قوتابخانەکانەوە رێنمایی و هاوکاریی ناکرێن و هان نادرێن بۆ خوێندنەوە، بەشێوازی راست و دروست بەرەو خوێندنەوە ئاراستە ناکرێن، ئەوە سەرەڕای کەمیی کتێب و گۆڤاری تایبەت بە منداڵان چونکە بەپێی پێویست کتێب و گۆڤار ناگاتە دەست خوێنەری منداڵ.

دواڕۆژ: رۆڵی دایک و باوک لەو بوارەدا لە کوێدایە؟
ئه‌مین محه‌مه‌د:
لەڕاستیدا بەهۆی کەمتەرخەمی و نزمیی ئاستی رۆشنبیریی دایک و باوکەوە رێژەی هاوکاریکردنی منداڵ بۆ خوێندنەوە لاوازە و کاریگەریی زۆری نەبووە و لە ئاستی پێویستدا نیبە، کتێب و گۆڤاریان بۆ فەراهەم ناکەن و منداڵەکانیان هان نادەن بۆ خوێندنەوە، زۆرێک لە دایک و باوکان بە منداڵەکانیان دەڵێن تەنها خەریکی وانەکانتان بن و خۆتان بەشتی ترەوە خەریک مەکەن چونکە بێسوودە!!. زۆربەی دایک و باوک ئامادەنین کتێبێک یان گۆڤارێک بۆ منداڵەکانیان بکڕن، کەواتە خێزان دەوری سەره‌کیی دەبینێ بۆ ئاراستەنەکردنی منداڵ بۆ خوێندنەوە. بێگومان ئەوەش زیانی زۆر بە بواری رۆشنبیریی منداڵ دەگەیەنێ لە دواڕۆژدا.

دواڕۆژ: ئاستی ئەدەبی منداڵ بەگشتی لە باشوری کوردستان بەکوێ گەیشتوە؟
ئه‌مین محه‌مه‌د:
هەرچەندە بەشێوەیەکی گشتی ئەدەبی منداڵ لەنێو ئەدەبی کوردیدا مێژوویەکی هێندە دێرینی نییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا بەهەوڵی دڵسۆزان و نووسەرانی خۆبەخشی بوارەکە هەنگاوی باشی ناوە و بەرەوپێشچووە، وا خەریکە بەتەواوی جێگەی خۆی دەکاتەوە و خزمەتی بەرچاو پێشکەش بە منداڵان و ئەدەبی منداڵ دەکات، بەڵام بێگومان هێشتا لە ئاستی پێداویستی منداڵانى کورد و خۆزگەکانی ئێمەی نووسەراندا نییە.

دواڕۆژ: لە ئاستی وڵاتانی دەوروبەر و جیهاندا چ بایەخ و گرنگییەک بە ئەدەبی منداڵان دەدرێ؟
ئه‌مین محه‌مه‌د:
وڵاتانی دەوروبەر ئەوانیش زۆر لەخۆمان باشترنین و گرنگیی تەواو بە ئەدەبی منداڵ نادەن و مافەکانیان ناپارێزن، بەڵام هێشتا لە هەندێ رووەوە لە خۆمان باشترن و مێژوویەکی دێرینتریان هەیە و دەوڵەت-یش زیاتر هاوکاریی چاپکردنی کتێب و گۆڤار دەکات لە بواری ئەدەبی منداڵاندا، بەڵام هێشتا ئەوانیش هەر لە ئاستی پێداویستی تەواودا نین بۆ منداڵان، چونکە ئەگەر ئەدەبی منداڵانیان بە ئەدەبی گەورەساڵانی هەمان وڵات بەراورد بکەین دەبینین بەهەمان شێوە پێشکەوتنی پێوە دیارنییە، بەڵام لە ئاستی جیهاندا بەرەو پێشەوەچوونی زۆرباش و بەرچاو دەبینرێت، ئەدەبی منداڵ لە وڵاتانی ئەوروپا هیچی لە ئەدەبی گەورەساڵان کەمتر نییە و بگرە زۆر زیاتر گرنگیی پێدەدرێ، چونکە ئەوان منداڵیان زۆر مەبەستە و کاری جددیان بۆ دەکەن. وڵاتان بودجەی زۆر و زەوەند بۆ خزمەتی منداڵ و ئەدەبی منداڵ خەرج دەکەن و چەندین خەڵات پێشکەشی ئەو کەسانە دەکەن کە خزمەت بە بواری ئەدەب و منداڵان دەکەن.

دواڕۆژ: چی بکرێت باشە بۆ پێشخستنی ئەدەبی منداڵان لە کوردستان؟
ئه‌مین محه‌مه‌د:
بە بۆچوونی من باشتر وایە چ حکومەت و چ رێکخراوەکانی تایبەت بە منداڵان گرنگیی زیاتر بە چاپکردنی کتێب و دەرکردنی گۆڤاری تایبەت بە منداڵان بدەن و بەرنامەی تایبەت لە کەناڵه‌ TV یەکان تایبەت بە مندڵان پەخشبکەن. کردنەوەی کەناڵی TV تایبەت بە منداڵ زۆر گرنگە بە مەرجێک لەلایەن کەسانی شاره‌زا و پڕۆفیشناڵی بوارەکەوە بەڕێوەببرێت.



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure