كۆمسیۆن واده‌یه‌ك بۆ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان پێشنیارده‌كات

هەواڵ / عێراق :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 262‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار

جێگرى سه‌رۆكى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت: كۆمسیۆن له‌ مانگى نیسانى 2020 ده‌توانێت هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان به‌ڕێوه‌ببات و ده‌ڵێت: "تۆمارى ده‌نگدانى ده‌نگده‌رانى كه‌ركوك پاككراوه‌ته‌وه‌".


رزگار حه‌مه‌، جێگرى سه‌رۆكى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كانى عێراق (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 17ى حوزه‌یرانى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: كۆمسیۆن وه‌ڵامى حكومه‌ت و په‌رله‌مانى داوه‌ته‌وه‌ كه‌ ده‌توانین له‌ نیسانى 2020 هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان به‌ڕێوه‌ببه‌ین، به‌ڵام به‌و مه‌رجه‌ى تاوه‌كو 1ى ته‌مموز یاساى هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان هه‌مواربكرێته‌وه‌.

وتیشى: "تۆمارى ده‌نگده‌ران له‌ كه‌ركوك و پارێزگاكانى دیكه‌ى عێراق پاككراوه‌ته‌وه‌و كۆمسیۆن له‌و رووه‌وه‌ هیچ كێشه‌یه‌كى نییه‌".

راشگه‌یاند: كارى لێژنه‌كانى وه‌زاره‌تى پلاندانان، ته‌ندروستى، ناوخۆ و بازرگانى بۆ پاككردنه‌وه‌ى تۆماره‌كه‌ ته‌واو بووه‌و كۆمسیۆن له‌مانگى نیسان هه‌ڵبژاردنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات.

ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى عێراق له‌ 21ى ئایارى ئه‌مساڵ، بڕیاریدا دواى ته‌واوبوونى ئاماده‌كارییه‌كانى كۆمسیۆن، هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان ئه‌نجامبدرێت.

پێداچونه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure