هێزه‌ ئه‌منیه‌كان له‌ عه‌فرین بۆ ئازادكردنى هاوڵاتیان داواى پاره‌ ده‌كه‌ن

هەواڵ / کوردستان :: 17/06/2019‌ :: 194‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

پۆلیسى عه‌فرین هاوڵاتیانى سنوره‌كه‌ ده‌ڕفێنن و بۆ ئازادكردنیان داواى پاره‌ له‌ كه‌سوكاریان ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ى چالاكوانێكى مافى مرۆڤ ئاشكرایده‌كات.


مسته‌فا شێخۆ، ئه‌ندامى رێكخراوى مافى مرۆڤ له‌ عه‌فرین (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 17ى حوزه‌یرانى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڵاتیانى سڤیلى گوندى عه‌ربا له‌ ناحیه‌ى ماباتا له‌ عه‌فرین له‌لایه‌ن پۆلیسى سنوره‌كه‌وه‌ رفێندراون به‌بیانوى ئه‌وه‌ى پێشتر له‌ داموده‌زگاكانى ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى عه‌فرین كاریان كردووه‌ و هه‌تا ئێستاش چاره‌نووسیان نادیاره‌.

وتیشى: "ئه‌م كه‌سانه‌ بۆ ئازادكردنى هه‌ر تاكێك له‌وانه‌ى ده‌ستگیریان كردوون داواى 150 هه‌زار لیره‌ى سووری ده‌كه‌ن".

سێ كه‌س له‌وانه‌ى له‌ گوندى عه‌ربا رفێندراون بریتین له‌: (عه‌لى حه‌نیف- به‌ڕێوبه‌رى قوتابخانه‌ى گوند، فیراس عزه‌ت- مامۆستاى گوند و مسته‌فا شوكرى).

مسته‌فا شێخۆ ئه‌وه‌شى ئاشكراكرد: ژماره‌یه‌ك چه‌كدار له‌ هێزى میلیشیا عه‌ره‌به‌كان به‌ ناوى (فه‌سیلى سلێمان شاه‌) له‌ ناحیه‌ى مه‌عبه‌تلى رێگه‌یان له‌ هاوڵاتیه‌كى سڤیل گرتووه‌ كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ماڵى خۆى و بۆ ئه‌وه‌ى دووباره‌ رێگه‌ى پێبده‌ن داواى 200 دۆلارى ئه‌مریكى-یان لێكردووه‌، پێشتریش له‌و ناحیه‌یه‌ رێگه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌یان به‌ خێزانێك نه‌داوه‌ و داواى 8000 دۆلارى ئه‌مریكى-یان لێكردووه‌.

به‌ گوێره‌ى ئامارى رێكخراوى مافى مرۆڤ له‌ عه‌فرین هه‌ر له‌كاتى داگیركردنى عه‌فرین و هه‌تا ئێستا 4000 كه‌س له‌لایه‌ن چه‌كدارانى عه‌ره‌ب و سوپاى توركیا ده‌ستگیركراون و 22 كه‌سیش له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا شه‌هیدكراون.

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف

بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure