گۆڕێكى به‌كۆمه‌ڵ به‌ ته‌واوه‌تى سوتا

هەواڵ / کوردستان :: 17/06/2019‌ :: 209‌ جار بینراوە
چه‌ندانى تریش زیانیان پێگه‌یشتووه‌

تاگ :: شەنگال

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

قائیمقامى شه‌نگال رایده‌گه‌یه‌نێت: گۆڕێكى گه‌وره‌ى به‌كۆمه‌ل له‌ گوندى كوچۆ سوتاوه‌، ده‌ڵێت: "چه‌ندین گۆڕى تریش زیانى گه‌وره‌یان پێگه‌یشتووه‌".


فه‌هد حامد، قایمقامى قه‌زاى شه‌نگال (ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 17ى حوزه‌یرانى 2019) به‌ دواڕۆژى راگه‌یاند: رووداوى ئاگركه‌وتنه‌وه‌ له‌ زه‌وى كشتوكاڵى و ده‌شته‌كانى شه‌نگال به‌رده‌وامه‌ و هه‌تا ئێستا نزیكه‌ى 50 هه‌زار دۆنم زه‌وى سوتاوه‌ و پێشبینى زیاتریش ده‌كرێت.

وتیشى: "به‌هۆیه‌وه‌ گۆڕێكى به‌كۆمه‌ڵى گه‌وره‌ى ئێزدییه‌كان له‌ گوندى كوچۆ له‌ شه‌نگال به‌ته‌واوى سوتاوه‌ و چه‌ندین گۆڕى تریش زیانى گه‌وره‌ى پێگه‌یشتووه‌"، ئه‌وه‌شى وت: "سوتانى گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان كۆسپێكى گه‌وره‌ له‌به‌رده‌م تۆماركردنى دیكیۆمێنتى كوشتارى ئێزدییه‌كان له‌سه‌ر ده‌ستى داعش دروستده‌كات".

قایمقامى شه‌نگال ئه‌وه‌شى ئاشكراكرد كه‌ له‌ سنورى قه‌زاى شه‌نگال ته‌نیا دوو ئۆتۆمبێلى ئاگركوژێنه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ یه‌كێكیان له‌كاركه‌وتووه‌، به‌مه‌ش ناتوانرێت كۆنتڕۆڵى ئاگره‌كانى ناوچه‌كه‌ بكرێت.

رونیشیكرده‌وه‌: له‌كاتێكى نزیكدا دووباره‌ ده‌ست به‌ پڕۆسه‌ى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانى ئێزدییه‌كان له‌ شه‌نگال ده‌كرێت و ئێستا له‌ به‌غدا ده‌ست به‌ پشكنینى DNA بۆ نزیكه‌ى 150 ته‌رمى ئێزدییه‌كان كراوه‌ كه‌ له‌ناو ئه‌م گۆڕانه‌ ده‌رهێنراون.

ته‌نیا له‌ گوندى كۆچۆى سه‌ر به‌ شه‌نگال 10 گۆڕى به‌كۆمه‌ڵ هه‌یه‌ كه‌ تائێستا 7 له‌وان هه‌ڵدراونه‌ته‌وه‌ و نزیكه‌ى 200 ته‌رمیان لێده‌رهێنراون و ره‌وانه‌ى به‌غدا و پزیشكى داد كراون بۆ ئه‌وه‌ى پشكنینى DNAیان بۆ بكرێت.

پێشتر داود موراد، لێكۆله‌رى مێژووى ئێزدییه‌كان بۆ دواڕۆژ وتى: "سێ گۆڕى گه‌وره‌ى به‌كۆمه‌ڵ له‌ گونده‌كه‌دا ماوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى له‌ نزیكترین كاتدا هه‌ڵبدرێته‌وه‌".

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure