یەكێتی وەرەقەیەكی نوێ دەداتە مەسرور بارزانی بۆ پرسی بەشداری لەكابینەی نوێدا

هەواڵ / کوردستان :: 17/06/2019‌ :: 13814‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

ئەمڕۆ  دووشه‌ممه‌ 17ى حوزه‌یران، شاندی یەکێتی لەکۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی پارتی وەرەقەیەکی نوێ دەدەنە پارتی که چوار خاڵی لەخۆگرتووە و ئەگەر رێکنەکەون ناڕۆنە حکومەتی نوێ-وه‌.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە دواڕۆژ-ی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆدا لەگەڵ شاندی پارتی، وەفدی حیزبەکەمان وەرەقەیەک دەداتە شاندی پارتی کە چوار خاڵی لەخۆگرتووە. یەکەمیان داوا دەکەن، لەگەڵ کارەکانی راسپاردنی سەرۆکی حکومەت بابەتی پارێزگاری کەرکوک-یش دەستپێبکات و کاندیدی یەکێتی ئامادەیە و پێویستە لەماوەی دروستکردنی حکومەت، ئەنجومەنی پارێزگاش کۆببێتەوە و دەنگ بە پارێزگارە یەکێتییەکە بدات".
 
له‌باره‌ى خاڵی دووەمیشه‌وه‌ سەرچاوەکەى یه‌كێتى روونیکردەوە: "خاڵى دووه‌م بریتییه‌ له‌ دانانی وەزیری دادی عێراق لە پشکی یەکێتی و ناوی کاندیدەکەش بدرێتە لیستە کوردستانییەکان تا لەگەڵ کاندیدانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەنگیان لەسەر بدرێت".

بەوتەی سەرچاوەکە "خاڵی سێیەم، پرسی شەراکەتی راستەقینەیه‌ کە پێدەچێت یەکێتی جگە لەو پۆستانەی بۆی دیاریکراوە بە کەمی بزانێت و داوای هەندێک پۆستی دیکە دەکات".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌شده‌كات: "خاڵی چوارەم بریتییه‌ له‌، پرسی هاوبه‌شى راستەقینە لە بوارەکانی نەوت و حکومەت و خزمەتگوزاری و بوونی دەسەڵاتی تەواو بە جێگر و وەزیر و بریکارەکان بە پلەی وەزیر".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "ئەگەر یەکێتی لەگەڵ پارتی رێکنەکەوت، لە ئەگەری بەبەتاڵ جێهێشتنی پۆستەکانی لە حکومەتی نوێ، ئەوا یەکێتی ناچێتە نێو حکومەتی نوێ".

پ: ئا.ح

بڵاوکردنەوە: ئارام غەفور



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure