نمره‌ به‌ خوێندكارانى پۆلى 12 ده‌درێت

هەواڵ / کوردستان :: 16/06/2019‌ :: 9407‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانى

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ رایده‌گه‌یه‌نێت: به‌هۆى هه‌بوونى بۆچونى جیاواز لەسەر پرسیارى به‌شێك له‌ بابه‌ته‌كان، نمره‌ ده‌درێت به‌ خوێندكارانى پۆلى ١٢، ده‌شڵێت: "به‌زوترین كات ئه‌نجامى تاقیكردنه‌وه‌كان ئاشكرا ده‌كه‌ین".


له‌ماوه‌ى رابردوودا له‌ به‌شێك له‌ په‌ڕه‌كانى تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان چه‌ند ده‌نگۆیه‌ك له‌سه‌ر پرسیارى به‌شێك له‌ بابه‌ته‌كانى تاقیكردنه‌وه‌ گشتییه‌كانى پۆلى ١٢ دروستبوو، به‌وهۆیه‌وه‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ لیژنه‌یه‌كى تایبه‌تى پێكهێنا بۆ به‌دواداچونكردن بۆ ئه‌و ده‌نگۆیانه‌.

ئه‌مشه‌و یه‌كشه‌ممه‌ 16ى ئایار، ئه‌نجامى لێكۆڵینه‌وه‌كانى ئه‌و لیژنه‌یه‌ له‌لایه‌ن وته‌بێژى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ و به‌ڕێوه‌رى رایگه‌یاندنى ئه‌و وه‌زاره‌ته‌وه‌ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە شاری هەولێر خرایه‌ڕوو.

له‌ كۆنگره‌كه‌دا سامان سیوەیلى، وتەبێژى وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى رایگه‌یاند: "له‌ماوه‌ى رابردوودا چەند دەنگۆیەک دروستبوون، لەسەر ماددەکانى عەرەبى و کوردى و بیرکارى، لەسەر داواى وەزیرى پەروەردە لیژنەیەک پێکهات بۆ دیراسەکردنى سەرجەم سەرنجەکانى بەڕێوەبەرایەتى پەروەردەکان، سه‌رجه‌میان لێکۆڵینەوەى لەسەر کرا، بەچەند ئەنجامانێک گەیشتن و چەند بڕیارێکیاندا، بۆیە خوێندکاران و کەسوکاریان دڵنیادەکەینەوە لەبەرژوەندى ئەواندا دەبێت هەر بڕیارێک بدرێت".

وتیشى: "لەوانەى کوردى پرسیارى ١٤ بۆچونى جیاوازى لەسەرە، بۆیە  دوو نمرە دەدرێت بەخوێندکاران، لەبارەى پرسیارى یەکەمیش لەهەمان بابەت، دوو وەڵام راست دادەنرێت کە بریتین لە وەڵامى D و B  هەر وەڵامێک دیارى کردبێت، ئەمەش دوو نمرەى پێدەدرێت، خۆشبەختانەش لەسەرووى هەزار خوێندکار ١٠٠ نمرەى هێناوە لەوانه‌ى کوردى".

وته‌بێژى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: "هه‌رچه‌نده‌ هەندێك گلەیى هەبووە، به‌ڵام زیاد لە هەزار و ١٠٠ خوێندکار ١٠٠ نمرەیان له‌وانەى بیرکارى هێناوە. هاوکات لە وانەى عەرەبى کە هەندێك تێبینى لەسەر بووە، لە پرسیارى ١٥ و ٣٧ لەگروپى A دوو نمرە دەبەخشرێت بەخوێندکار بەهەرجۆرێک وەڵامیان دابێتەوە. هەروها لە پرسیارەکانى ٢ و ٢١ وەڵامەکانى A-B  بەڕاست دادەنرێت. هەروەها پرسیارى ٢٣  A-D بەڕاست دادەنرێت، بۆیە هەریەکێک لەم وەڵامانە دیاریکرابن ئەوا دوو نمرەیان پێدەدرێت، بۆیە  بەدەر لەمە پڕۆسەکە سەرکەوتووبوو".

وتەبێژى وەزارەتى پەروەردە رونیشیکردەوە: "رێکارى پێوست بەرامبەر هەر کەسێک دەگیرێتە بەر ئەگەر پڕوپاگەندەیەکى بڵاوکردبێتەوە، یاخود هەوڵیدابێت ئامێرى گزیكردن هێنابێت، چونكه‌ لە سلێمانى سێ تۆمەتبار دەستگیرکراون و دراونه‌ته‌ دادگا کە ٣٠٠ ئامێریان هێناوه‌ بۆ فرۆشتن".

له‌ كۆتاى كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا وته‌بێژى وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ ئاماژه‌ى به‌ راگه‌یاندنى ئه‌نجامى تاقیكردنه‌وه‌كان كرد و ئاشكرایكرد: "بەزووترینکات ئەنجامى تاقیكردنه‌وه‌كان رادەگەیەنین و داواکارین خوێندکارانیش هیچ نیگەران نه‌بن".

لە تاقیکردنەوەکانى ئه‌مساڵى ئه‌زمونه‌ گشتییه‌كاندا پۆلى ١٢ى ئامادەیى ١١٥هەزار و ٩٤٥ خوێندکار، لە تاقیکردنەوەى پۆلى ٩ى بنەڕەتیش ١١٨ و ٣٨٣  خوێندکار بەشداریان کردووه‌ كه‌ لەڕێگەى ٢٧ هەزار مامۆستا و بەڕێوەبەرى هۆڵ و سەرپەرشتیار چاودێرى كراون.

دا: ئا.ح



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە