موسڵ: زیاتر له‌ 8 ملیۆن دۆنم زه‌وى كشتوكاڵى چێنراوه‌

هەواڵ / ئابوری :: 17/06/2019‌ :: 187‌ جار بینراوە
وێنه‌ى دوو جوتیار له‌سه‌ر زه‌وییه‌كانیان له‌ موسڵ

دواڕۆژ، بورهان یه‌حیا

ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى نه‌ینه‌وا رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌ سنورى پارێزگا نه‌ینه‌وا هەشت ملیۆن و 800 هه‌زار دۆنم زه‌وى كشتوكاڵى چێنراوه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ پێویسته‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ قه‌باره‌ى وه‌ر‌گرتنى گه‌نم و جۆ زیادبكات.

عوید ئه‌لجحێشى، سه‌رۆكى لیژنه‌ى كشتوكاڵ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى نه‌ینه‌وا (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 16 حوزه‌یران) به‌ دواڕۆژ-ى راگه‌یاند: به‌هۆى بارینى رێژه‌یه‌كى زۆرى باران ئه‌مساڵ قه‌باره‌ى به‌رهه‌مى كشتوكاڵى له‌ پارێزگاى نه‌ینه‌وا به‌ تایبه‌ت ده‌ورووبه‌رى موسڵ زیادیكردووه‌، به‌گوێره‌ى كۆتا ئامار هەشت ملیۆن و 800 هه‌زار دۆنم زه‌وى چێنراوه‌، به‌ڵام به‌شێكی به‌هۆى خه‌مساردییه‌وه‌ سوتێنراوه‌ به‌شێكیشى له‌لایه‌ن چه‌ند گروپێكه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى زیان به‌ پارێزگاكه‌ بگه‌یه‌نێت".

وتیشى: "له‌ڕێگاى هه‌موو هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى به‌رگرى شارستانى پارێزگارى له‌زه‌وییه‌ كشتوكاڵییه‌كان ده‌كه‌ین، ئه‌وانه‌شى بوونه‌ته‌ هۆكارى ئاگركه‌وتنه‌وه‌كه‌ به‌ توندى سزاده‌درێن. هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا 27 شوێنى وه‌رگرتنى گه‌نم له‌ سنورى پارێزگاى نه‌ینه‌وا له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌كانه‌وه‌ ده‌پارێزرێن بۆ ئه‌وه‌ى رووداوى ئاگركه‌وتنه‌وه دروستنه‌بێت".

سه‌رۆكى لیژنه‌ى كشتوكاڵ له‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاى نه‌ینه‌وا ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: ئه‌و كه‌سانه‌ى به‌هۆى رووداوى ئاگركه‌وتنه‌وه‌وه‌ له‌زه‌ویه‌ كشتوكاڵییه‌كاندا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ به‌ پله‌ى شه‌هید داده‌نرێن، خێزانه‌كانیان قه‌ره‌بوو ده‌كرێنه‌وه‌، پێویسته‌ هه‌موو ئه‌و جوتیارانه‌ى زیانیان پێگه‌یشتووه‌ قه‌ره‌بووبكرێنه‌وه‌ و رێژه‌ى وه‌رگرتنى گه‌نم له‌ پارێزگاى نه‌ینه‌وا زیاتر بكرێت، چونكه‌ ئه‌مساڵ به‌رهه‌م زۆر بووه‌".

ئه‌وه‌شى خسته‌ڕوو: داوا له‌ وه‌زاره‌تى په‌یوه‌ندیدار ده‌كه‌ین ژماره‌ى ئۆتۆمبێلى ئاگركوژێنه‌وه‌ له‌ موسڵ و پێویستییه‌كانى تر زیاتر بكه‌ن، چونكه‌ به‌وشێوه‌یه‌ى ئێستا ناتوانین پارێزگارى له‌ زه‌ویه‌ كشتوكاڵییه‌كان بكه‌ن. 

پ: ئا.ح
بڵاوکردنەوە: ک. س



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure