سه‌رێك له‌ شار مه‌ده‌ره‌وه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 16/06/2019‌ :: 2474‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

له‌لاى زوربه‌ى خه‌ڵكى شارى سلێمانى، به‌تایبه‌ت به‌ساڵاچوان شار هێمایه‌ بۆ سلێمانى. ئه‌وه‌نده‌ خۆشه‌ویست بوو له‌لایان كه‌ له‌ به‌غداوه‌ ده‌هاتنه‌وه‌ بۆ سلێمانى ده‌یانوت ئه‌چینه‌وه‌ بۆ شار. وه‌ك ئه‌وه‌ى ته‌نیا هه‌ر سلێمانى شار بێت.

(به‌داخه‌وه‌ ئێستا ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌ كه‌مبووه‌ته‌وه‌.) ئه‌مه‌ قسه‌ى ئه‌ندازیار نزار جه‌لال، لێپرسراوى به‌شى خزمه‌تگوزارییه‌كانى شاره‌وانى سلێمانییه‌. ئه‌و شاره‌وانییه‌ى كه‌ له‌ شاره‌وانییه‌كانى زۆر شارى دیكه‌ى عێراق و ته‌نانه‌ت توركیا و ئێرانیش خزمه‌ت ده‌كات. 

له‌ڕووى سه‌وزاییه‌وه‌ یه‌كه‌مه‌، خاوه‌نى 500 باخ و باخچه‌ و دوو پاركى گه‌وره‌یه‌، چوار كۆمپانیاى ته‌رخانكردوه‌ بۆ پاككردنه‌وه‌ى شار و كۆكردنه‌وه‌ى خۆڵ و خاشاك.

- ئه‌ى بۆچى ناوشار به‌وشێوه‌یه‌ى لێهاتووه‌؟
ئه‌ندازیار نزار جه‌لال: پیس و پۆخڵى و فه‌وزاى عه‌ره‌بانه‌ و رێزنه‌گرتنى سروشت و خۆشنه‌ویستنى شار كارێكیان كردوه‌ ئه‌م پایته‌خته‌ به‌ناوبانگه‌ى بابان له‌ شارۆچكه‌یه‌كى پاكستان بچێت.

- هۆكاره‌كان چیین؟
ئه‌ندازیار نزار جه‌لال: ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستت قه‌ره‌باڵغى و بێ سه‌روبه‌رییه‌كه‌ى شه‌قامى مه‌وله‌وى و ده‌وروبه‌رى مزگه‌وتى گه‌وره‌یه‌ منیش هاوڕاتم، ئه‌وه‌ خه‌وشێكى گه‌وره‌یه‌ و تا راده‌یه‌كیش شاره‌وانى لێى به‌رپرسه‌.

- بۆچى شاره‌وانى؟
ئه‌ندازیار نزار جه‌لال: چونكه‌ له‌دواى كاتژمێر 2ى پاشنیوه‌ڕۆوه‌ ئیتر هیچ كارمه‌ند و چاودێرێكمان له‌وێ نامێنێت كه‌ كۆنترۆڵى شه‌قامه‌كان بكات و خاوه‌ن عه‌ره‌بانه‌كان دێن و ئه‌و سیما ناشیرینه‌ دروست ده‌بێت.

- كارمه‌نده‌كانتان بۆچى ده‌ڕۆن؟
ئه‌ندازیار نزار جه‌لال: چونكه‌ توانامان نییه‌ پاره‌ى هاندان یان سه‌رمووچه‌ یان هه‌قى كارى سه‌رباریان بده‌ینێ. پاره‌كه‌ش هێنده‌ زۆر نییه‌ و هه‌موویان 40 بۆ 50 چاودێرن كه‌ ئه‌گه‌ر مانگانه‌ 100 بۆ 150 هه‌زار دینارێكیان بۆ دابین بكرێت له‌سه‌روو موچه‌كانیانه‌وه‌ كاره‌كه‌ ده‌ڕوات.

- بۆچى به‌تایبه‌ت شه‌قامى مه‌وله‌وى ده‌كه‌نه‌ ئامانج؟
ئه‌ندازیار نزار جه‌لال: له‌به‌رئه‌وه‌ى ناوجه‌رگه‌ى شاره‌ و هه‌موو خاوه‌ن عه‌ره‌بانه‌یه‌ك له‌و چه‌ند كاتژمێره‌دا فرۆشێكى باشى ده‌بێت به‌بێ ئه‌وه‌ى كرێ دوكان و باج و مه‌سره‌فى دیكه‌ى بكه‌وێته‌ سه‌ر. 

- ئێمه‌ تێبینیمان كردووه‌ پاش نیوه‌ڕوان و ده‌مه‌ و ئێواران قه‌ره‌باڵغییه‌ك و بێ سه‌روبه‌ریییه‌كى وا دروست ده‌بێت كه‌ مرۆڤ ناچاره‌ له‌سه‌ر لا به‌وێدا تێبپه‌ڕێت. به‌ڕاستى دیمه‌نێكى ناشیرینه‌ و مایه‌ى نیگه‌رانییه‌كى زۆره‌.

ئه‌ندازیار نزار جه‌لال: به‌ڵێ به‌داخه‌وه‌ واى لێهاتووه‌ و زیانه‌كانى ئه‌م دیارده‌یه‌ ته‌نیا هه‌ر ناشیرینى و خه‌وشداركردنى دیمه‌نى سلێمانى نییه‌ كه‌ گوایه‌ پایته‌ختى رۆشنبیرییه‌ به‌ڵكو ئاسته‌نگ بۆ هاتوچۆى هاووڵاتیانیش دروست ده‌بێت و خۆڵ و خاشاك و پاشه‌ڕۆیه‌كى زۆر له‌پاش خۆیان جێده‌هێڵن و ده‌بنه‌ رێگر له‌وه‌ى كه‌ هاووڵاتى بتوانێت دوكانێكى جوان و رازاوه‌ و رێكخراو ببینێت. كار گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌وه‌ى كه‌ شۆسته‌كانیش داگیر ده‌كرێت و فرۆشیاره‌ ده‌ستگێڕه‌كان بستێكیان نه‌هێشتووه‌ته‌وه‌ بۆ هاتوچۆى ئۆتۆمبێل و رێبوار.

- بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ر یه‌كلایه‌نه‌ كێشه‌كه‌ نه‌بینین خاوه‌ن عه‌ره‌بانه‌كان له‌وێ نه‌بن چى بكه‌ن؟
ئه‌ندازیار نزار جه‌لال: من خۆم خه‌ڵكى سلێمانى و ئه‌م وڵاته‌م و ته‌واو ئاگادارى بارى دارایى و ئابورى و كۆمه‌ڵایه‌تى خه‌ڵكه‌كه‌م. ده‌زانم بێكاریى هه‌یه‌ و ئه‌و خاوه‌ن عه‌ره‌بانانه‌ بۆ بژێوى ژیان ناچارن وا بكه‌ن. به‌ڵام له‌ هیچ شوێنێكى ناوچه‌كه‌ و ده‌وروبه‌ردا رێگه‌ نادرێت ناوجه‌رگه‌ى شار به‌و شێوه‌یه‌ بێ سه‌روبه‌ر و پیسوپۆخڵ بێت. راگرتنى نیزام و پاكوخاوێنى و ئاستى باشى خزمه‌تگوزارییه‌كان كارێكى یه‌كلایه‌نه‌ نییه‌. زۆر زۆر به‌داخه‌وه‌م كه‌لتورێكى خراپ ئێستا زاڵه‌ له‌ كوردستاندا به‌گشتى و له‌ سلێمانى به‌تایبه‌تى ئه‌ویش هه‌ست نه‌كردنه‌ به‌ به‌رپرسیارێتى. ئێمه‌ چه‌ند هه‌وڵیش بده‌ین ناتوانین به‌و شێوه‌یه‌ خزمه‌ت بكه‌ین كه‌ ئامانجمانه‌. ئه‌م كاره‌ هاوكارى هاووڵاتییان و لایه‌نه‌كانى تریشى پێویسته‌.

- لایه‌نه‌كانى تر واته‌ كێ؟
ئه‌ندازیار نزار جه‌لال: دیاره‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى سه‌روو خۆمانن كه‌ له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك بێت زۆرجار داوا ده‌كه‌ن واز له‌ خاوه‌ن عه‌ره‌بانه‌كان بهێنین. ئه‌م ده‌ستوه‌ردانه‌ مه‌رج نییه‌ به‌ نیاز خراپى بێت به‌ڵكو ره‌نگه‌ له‌ڕووى هاوسۆزیى یاخود له‌ڕوودا دامانه‌وه‌ بێت، به‌ڵام ئه‌نجامه‌كه‌ى به‌وه‌ ده‌شكێته‌وه‌ كه‌ كێشه‌كه‌ ئاڵۆزتر و خراپتر بێت.

- شاره‌وانى سلێمانى به‌تایبه‌ت به‌شى خزمه‌تگوزارییه‌كان ئایا هه‌ر ئه‌م كێشه‌یه‌ى هه‌یه‌؟
ئه‌ندازیار نزار جه‌لال: به‌دڵنیاییه‌وه‌ نه‌خێر چه‌ندین كێشه‌ى ئاڵۆز و گه‌وره‌ى ترمان رووبه‌ڕوو بووه‌ته‌وه‌ وه‌ك خانووى ته‌جاوز و رێزنه‌گرتنى ژینگه‌ و ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر ماسته‌ر پلانى شار.

- پڕۆژه‌تان چییه‌ بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌و كێشانه‌؟
ئه‌ندازیار نزار جه‌لال: وه‌ك ده‌ڵێن چه‌پڵه‌ به‌ ده‌ستێك لێنادرێت. پێویسته‌ ئێمه‌ خۆمان زیاتر گورج بكه‌ینه‌وه‌ و چاوبخشێنینه‌وه‌ به‌ یاسا و رێنماییه‌كاندا و په‌نا ببه‌ین بۆ غه‌رامه‌ و لێپرسینه‌وه‌، به‌ڵام لایه‌نى به‌رامبه‌ریش كه‌ هاووڵاتییه‌ پێویسته‌ هاوكار و ته‌واوكه‌رى ئه‌و ئامانجه‌ بێت. به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌و هه‌ست و هه‌ڵوێسته‌ به‌شێوه‌یه‌كى گشتى رۆژ به‌ڕۆژ به‌ره‌و لاوازبوون ده‌چێت.

بڵاوکردنەوە: چ.ع



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

بەپەلە