كورته‌یه‌ك ده‌رباره‌ى مێژوو و زمانى ئه‌مازیغى

هەواڵ / که‌لتور :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 178‌ جار بینراوە

دواڕۆژ
رۆژى 10ى حوزه‌یرانى 2019 په‌رله‌مانى مه‌غریب بڕیارى به‌ فه‌رمى ناساندنى زمانى ئه‌مازیغیى ده‌ركرد و رایگه‌یاند كه‌ ئه‌مازیغى-یش زمانێكى فه‌رمیى وڵاته‌. 
ئه‌و (ئه‌لفوبێ)یه‌ى ئه‌مازیغى و تاریگى-یه‌كان  Tuareg people به‌كاریدێنن، پێى ده‌وترێت (تیفیناغ) كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ كۆنترین (ئه‌بجه‌دیات)ه‌كانى جیهان و به‌ته‌واوى له‌ ئه‌بجه‌دیى عه‌ره‌بى و لاتینى جیاوازه‌.


 به‌ زیاتر له‌ دووهه‌زار ساڵ پێش زایین ئه‌مازیغى و تاریگییه‌كان له‌ نیشتمانى خۆیاندا به‌كاریانهێناوه‌، ئه‌و نیشتمانه‌یان كه‌ هه‌ر له‌ خۆرئاواى میسرى كۆنه‌وه‌ درێژده‌بووه‌وه‌ هه‌تا دوورگه‌كانى كه‌نارى و له‌ باشوورى ده‌ریاى سپیى ناوه‌ڕاستیشه‌وه‌ بۆ قووڵایى بیابانى گه‌وره‌ له‌ نه‌یجه‌ر و مالى.
ئه‌لفه‌بێ-كه‌یان گۆڕانى زۆرى به‌سه‌ردا هاتووه‌، به‌ڵام نزیكه‌ى 500 ساڵێكه‌ به‌م شێوه‌یه‌ى ئێستا ماوه‌ته‌وه‌ و به‌م زمانه‌یان گوزارشت له‌ سرووته‌ ئاینى و نه‌ته‌وه‌یى و كه‌لتوورى و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانیان ده‌كه‌ن.

ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌وتنه‌ ژێر قه‌ڵه‌مڕه‌وى ئیسلامه‌وه‌ زمانى عه‌ره‌بى مه‌غریبى و ئه‌وانه‌ى دوورگه‌كانى كه‌نارى-یش زمانى ئیسپانى-یان به‌كارهێناوه‌ به‌ڵام هه‌ر خۆیان به‌ ئه‌مازیغ زانیووه‌.
زمانى ئه‌مازیغى سه‌ر به‌ خێزانى زمانه‌ ئه‌فرۆئاسیاوییه‌كانه‌ و له‌ هه‌ردوو زمانى كۆنى میسرى و ئه‌سیوپى-یه‌وه‌ نزیكه‌. شێوه‌زارى جیاوازیان له‌ گۆكردن و وتندا هه‌یه‌ به‌ڵام له‌سه‌ر یه‌ك بنه‌ماى رێزمانیین.

رۆژژمێرى ئه‌مازیغى له‌ زایینى جیایه‌، سه‌رى ساڵى ئه‌مازیغى ده‌كاته‌ 13ى كانونى یه‌كه‌مى هه‌موو ساڵێك و ئه‌مساڵى 2019یه‌ ساڵى 2969ی ئه‌وانه‌.
ئه‌گه‌رچى به‌شێكى ئه‌مازیغییه‌كان كه‌وتوونه‌ته‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى عه‌ره‌بى ئیسلامییه‌وه‌ و هه‌ژموونى عه‌ره‌بى ئیسلامى به‌ سه‌ریاندا زاڵ بووه‌، به‌ڵام ئه‌وان خۆڕاگرانه‌ به‌رگرییان كردووه‌ و كه‌لتوور و كه‌له‌پوور و دابونه‌ریت و ناسنامه‌ و زمانى خۆیان سه‌رسه‌ختانه‌ پاراستووه‌ و له‌ فه‌وتان رزگاریان كردووه‌.


ئه‌مازیغییه‌كان له‌ مه‌غریب و میسر و جه‌زائیر و تونس و لیبیا و مالى و نه‌یجه‌ر و پۆركینافاسۆ و مۆریتانیا و گه‌لێك ناوچه‌ى ترى ئه‌فریقا ده‌ژین و ملیۆنه‌ها كه‌سیشیان به‌ ئه‌وروپادا په‌رتوبڵاو بوونه‌ته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ى سه‌رژمێریى نه‌كراون بۆیه‌ ژماره‌یان به‌ته‌واوى نازانرێت، به‌تایبه‌ت كه‌ هه‌ندێكیان خۆیان به‌ عه‌ره‌ب و به‌ موسڵمان تۆماركردووه‌. 


له‌ كۆندا به‌ ئه‌مازیغییه‌كان ده‌وترا (به‌ربه‌ر) كه‌ له‌ وشه‌ى (باربادۆس)ى یۆنانییه‌وه‌ وه‌رگیراوه‌ و به‌ ماناى (نامۆ یاخود غه‌ریب) دێت. به‌ڵام ئه‌مازیغییه‌كان خۆیان ده‌ڵێن: ئه‌مازیغ ماناى (جوامێرى ئازاد) ده‌گه‌یه‌نێت. كتێبه‌ مێژووییه‌كانیش ده‌ڵێن: ئه‌مازیغییه‌كان تاقه‌ كه‌س بوون له‌ باكوورى كیشوه‌رى ئه‌فریقادا و پێش ئه‌وان مرۆڤى لێ نه‌بووه‌.


ئاماده‌كردن: لوقمان محه‌مه‌د ره‌شید



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure