وته‌بێژى یه‌كێتى: دانانى پارێزگارى كه‌ركوك و پێكهێنانى حكومه‌ت هاوته‌ریب ده‌بن

هەواڵ / کوردستان :: 16/06/2019‌ :: 274‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، پشتیوان جەمال

وتەبێژی یەكێتی رایدەگەیەنێت: دانانى پارێزگارى كه‌ركوك و پێكهێنانى كابینه‌ى نوێى حكومه‌ت هه‌رێم به‌پێى رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ پارتى هاوته‌ریبى یه‌كتر ده‌بن.


لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان (ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 16ى حوزه‌یرانى 2019) بە دواڕۆژی راگەیاند: خاڵی كۆك و هاوبەش بۆ چارەسەری كەركوك و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، بەپێی رێككەوتنی سیاسی یەكێتی و پارتییە.

وتیشى: "ئەگەر لە رووی ئالیەتی جێبەجێكردنەوە پڕۆسەی پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ پڕۆسەی دانانی پارێزگاری كەركوك بە دوو ئالیەتی جیاوازبن، بەڵام ئەوەی هاوبەشە و كۆیاندەكاتەوە بەپێی رێككەوتنەكه‌ ئەو دوو پڕۆسەیە هاوتەریبی یەك دەبن".

پێش نیوه‌ڕى ئەمڕۆ دوای سەردانی مەسرور بارزانی، كاندیدی راسپێردراوی حكومەت بۆ لای مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتى كوردستان، مەحمود محەمەد وتەبێژی ئه‌و حزبه‌ لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: دانانی پارێزگارێكی كورد بۆ كه‌ركوك په‌یوه‌ندی به‌ پرسی پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ نییه.

وتیشى: "میكانیزمێك بۆ چاره‌سەر‌كردنی سه‌رجه‌م بابه‌ته‌كان له‌نێوان پارتی و یه‌كێتی هەیە و دانانی پارێزگارێكیش له‌ پشكی یه‌كێتی بۆ كه‌ركوك له‌لایه‌ن بارزانی و كاك كۆسره‌ت ره‌سوڵ_ه‌وه‌ یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه"‌.

بۆ به‌شداری له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم و دانانی پارێزگارێكی كورد له‌ پشكی یه‌كێتی له‌ كه‌ركوك و دانانی وه‌زیری دادی حكومه‌تی عێراق له‌ پشكی ئه‌و حیزبه‌، یه‌كێتی و پارتی لە 4ی ئازار و 5ی ئایاری 2019 دوو رێككه‌وتنیان كرد، به‌ڵام یه‌كێتی پێیوایه‌ "پارتی رێككه‌وتنه‌كان جێبه‌جێناكات".

داڕشتنه‌وه‌: شیروان شه‌ریف



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure