له‌سه‌ر مووچه‌ سكاڵا تۆماركرا

هەواڵ / کوردستان :: 16/06/2019‌ :: 2790‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، هانا چۆمانی 

پەرلەمانتارێکی کوردستان رایدەگەیەنێت: ئەمڕۆ (یەکشەممە ۱٦ حوزەیرانی ۲٠۱۹) لەفەرمانگەی دادنوسی ھەولێر ڕێوشوێنە یاساییەکانم لەدژی حکومەتی ھەرێم دەستپێکرد، تایبەت بە گەڕاندنەوەی سێ مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بدات، چونکە ئەوه‌ی کراوه‌ پێچەوانەی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراقە.


کاوە عه‌بدولقادر ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بەدواڕۆژی راگەیاند: ئەمڕۆ یەکشەممە بەفەرمی ڕێوشوێنی یاسایم لە دژی حکومەتی ھەرێم گرتەبەر، بۆ گێڕاندنەوەی مووچەی سێ مانگی خوراوی فەرمانبەران، لەفەرمانگەی دادنوسی ھەولێر ڕێوشوێنە یاساییەکانم دەستپێکرد.

دەشڵێت" :ئەوەی حكومه‌تی هه‌رێم کردوویه‌تی پێچەوانەی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراقە کە پێویستە ھەرێم پێوەی پابەند بێت، ئەوەشمان ڕوونکردۆتەوە کە پێنەدانی مووچەی ئەو سێ مانگەی ساڵی ٢٠١٩ بە فەرمانبەران نایاساییەو ناکرێت پارە بە ناوی موچەی فەرمانبەران لەبەغداوە بنێردرێت و ئەوان بە شتێکی تره‌وه‌ خەرجی بکەن و مافی بنەڕەتی فەرمانبەران پێشێل بکەن".

هێما بۆ ئەوەشدەکات: ئەگەر لەو ماوەیەی دیاریکراوە، حکومەتی هەرێم گوێی لە ھۆشدارییەکە نەگرت و مافی فەرمانبەرانی نەگەڕاندەوە، ئەوا ڕیکارە یاساییەکانی تر دەست پێدەکەین و لە دادگای ئیداری سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین.

ئه‌وه‌ له‌كاتێكدایه‌، كه‌ له‌ ماوه‌ی رابوردوودا په‌رله‌مانتارێكی كورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌و هۆكاره‌ى ئاماژه‌ی پێكراوه‌، له‌ داواكاری گشتی عێراق سكاڵای تۆماركردووه‌.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوكردنه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure