كابینه‌ی نوێ له‌ به‌رده‌م هه‌ڕەشه‌ی دواكه‌وتندایه‌

هەواڵ / ڕاپۆرت :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 8895‌ جار بینراوە

دواڕۆژ

ململانێ، كیشه‌و ناكۆكی نێوان چه‌ند حیزبێك، ناڕێكی ناوخۆی حیزبه‌كان، كۆمه‌ڵه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كن له‌به‌رده‌م پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمدا، هه‌رچه‌نده‌ هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامه‌، به‌ڵام پارتی هێشتا پۆسته‌كانی یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه‌و یه‌كێتیش له‌ناوخۆیدا مشتومڕی توندی له‌سه‌ر ده‌كات و گۆڕانیش به‌نیازی هه‌ڵمه‌تێك له‌ دژی یه‌كێتی.


له‌ئێستادا له‌ناو پارتیدا ساردبوونه‌وه‌یه‌ك له‌باره‌ى پۆسته‌كان به‌دیده‌كرێت و ته‌نیا دوو پۆست یه‌كلایی كراونه‌ته‌وه‌، یه‌كه‌م مانه‌وه‌ی ئاشتی هه‌ورامی له‌ پۆستی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان، دووه‌م رێبه‌ر ئه‌حمه‌د به‌رپرسی نوسینگه‌ی تایبه‌تی مه‌سرور بارزانی بۆ پۆستی وه‌زیری ناوخۆ، به‌ڵام پۆسته‌كانی تر تائێستا یه‌كلایی نه‌كراونه‌ته‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ مه‌سرور بارزانی نیگه‌ران بووه‌و داواى له‌ مه‌كته‌بی سیاسی حیزبه‌كه‌ی كردووه‌ چ زووه‌ پۆسته‌كان یه‌كلایی بكاته‌وه‌و ناوه‌كانی پێشكه‌ش بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ناو پارتییه‌وه‌ بۆ دواڕۆژ باسی له‌وه‌كرد: له‌ناو پارتیشدا به‌هه‌مانشێوه‌ی حیزبه‌كانی تر پشكی كه‌سه‌كان هه‌یه‌ له‌ پۆسته‌كاندا، بۆ نموونه‌ چه‌ند پۆستێك له‌سه‌ر داواى مه‌سرور بارزانی یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه‌و نێچیرڤان بارزانی-ش پشكی ده‌بێت له‌ وه‌زاره‌ته‌كاندا، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا بارزانی باوك بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دات.

له‌باره‌ى رازیبوونی پارتی به‌ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ پارێزگارى كه‌ركوك، دواڕۆژ ئه‌وه‌ی زانیوه‌ كه‌ مه‌سعود بارزانی وتوویه‌تی به‌مه‌رجێك رازی ده‌بێت یه‌كێتی كه‌سێكی تر بۆ پۆستی پارێزگارى كه‌ركوك دابنێت، ده‌بێت كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی دان به‌وه‌دا بنێت كه‌ به‌ڵێ پێشوه‌خت له‌گه‌ڵ بارزانیدا رێككه‌وتوون له‌سه‌ر فه‌ره‌یدون عه‌بدولقادر بۆ ئه‌و پۆسته‌.

هه‌موو ئه‌وانه‌ ئاماژه‌یه‌كن بۆ دواكه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ نوێیه‌كه‌، هه‌رچه‌ند یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانیش هۆكارێك ده‌بێت بۆ ئه‌و دواكه‌وتنه‌، چونكه‌ له‌ ده‌یان كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی و مه‌كته‌بی سیاسیدا هێشتا پۆسته‌كانیان یه‌كلایی نه‌كردووه‌ته‌وه‌.

دواڕۆژ زانیویه‌تی كه‌ له‌ دواین كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كه‌ دوێنێ شه‌ممه‌ ئه‌نجامدرا، مشتومڕی تووند هه‌بووه‌ له‌سه‌ر پۆستی وه‌زاره‌ته‌كان و پارێزگاری كه‌ركوك، بۆیه‌ پێناچێت به‌مزووانه‌ ناوه‌كان بۆ پۆسته‌كان راده‌ستی سه‌رۆكی راسپێدراو بۆ كابینه‌ی نوێ بكه‌ن.

سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس له‌ناو یه‌كێتیی نیشتمانیی باسی له‌وه‌كرد كه‌ ئه‌وه‌ پۆستانه‌ی له‌ ناو یه‌كێتیدا تائێستا یه‌كلایی بوونه‌ته‌وه‌ ئه‌مانه‌ن، قوباد تاڵه‌بانی بۆ پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت، رێواس فایه‌ق بۆ پۆستی سه‌رۆكی په‌رله‌مان، شۆرش ئیسماعیل بۆ پۆستی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، حه‌مه‌ی حه‌مه‌ سه‌عید بۆ وه‌زیری رۆشنبیری، رەوەند مەلا مەحمود جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتیی لە كەركوك بۆ پۆستی دەستەی گشتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

له‌ لایه‌كی تر ناكۆكییه‌ تونده‌كه‌ی نێوان بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هۆكارێكی تر ده‌بێت بۆ دواكه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم.

له‌ئێستادا به‌ هۆی كوژرانی گه‌نجێكه‌وه‌ له‌به‌رده‌م مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كه‌ ده‌ستی تۆمه‌تیان بۆ یه‌كێتی درێژكردووه‌، گۆڕان به‌نیازه‌ له‌ په‌رله‌مانه‌وه‌ پرسه‌كه‌ بجوڵێنێت و كاری تووندی له‌سه‌ر بكات.

ناكۆكی نێوان ئه‌و دوو حیزبه‌ی سلێمانی گه‌یشتووه‌ته‌ ترۆپك، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ رۆژ نییه‌ له‌ په‌یجه‌كانه‌وه‌ به‌ توندی هێرش نه‌كه‌نه‌ سه‌ر یه‌كتری له‌سه‌ر كوژرانی ئه‌و گه‌نجه‌، هه‌رچه‌نده‌ پۆلیس باسی له‌وه‌كردووه‌ كه‌ به‌هۆی كێشه‌یه‌كه‌وه‌ بووه‌ له‌به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی ئه‌نوه‌ر شێخه‌ كه‌ ده‌كه‌وێته‌ به‌رده‌م گردی زه‌رگه‌ته‌.

سه‌رچاوه‌یه‌كی به‌رپرس بۆ دواڕۆژ ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد كه‌ هه‌ر دوای كوژرانی ئه‌و گه‌نجه‌، حاكم قادر حه‌مه‌جان ئه‌ندامی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ عومه‌ری سه‌ید عه‌لی رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، هه‌روه‌ها لاهور شێخ جه‌نگ به‌رپرسی ده‌زگای زانیاری- زانیاری له‌باره‌ى ئه‌و كێشه‌یه‌وه‌ په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ چیا نه‌وشیروان مسته‌فا و باسی ئه‌و كێشه‌یه‌یان كردووه‌.

هه‌موو ئه‌و پرسانه‌ ئاماژه‌گه‌لێكی گه‌وره‌و به‌ربه‌ستن له‌به‌رده‌م پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم كه‌ ده‌توانین بڵێین پێكهێنانی هیچ كابینه‌یه‌كی پێشووتری حكومه‌تی هه‌رێم هێنده‌ی ئه‌م كابینه‌یه‌ پڕ كێشه‌ و ناكۆكی و ناڕێكیی نییه‌.

ئا: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure