به‌نده‌ره‌كانی عێراق بۆ حاڵه‌تی شه‌ڕ هیچ ئاماده‌باشییه‌كیان نییە

هەواڵ / ئابوری :: 16/06/2019‌ :: 159‌ جار بینراوە

 دواڕۆژ، به‌غدا


سه‌رۆكی لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری په‌رله‌مانی عێراق ئاشكرای ده‌كات: له‌ ئه‌گه‌ری روودانی هەر پێشهاتێكی نه‌خوازراو له‌ ناوچه‌ی كه‌نداوی عه‌ره‌بی، به‌نده‌ره‌كانی عێراق هیچ ئاماده‌كارییه‌كی كتوپڕ یان فریاگوزارییان نه‌كردووه‌.

 

كازم فنجان حه‌مامی سه‌رۆكی لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری له‌ په‌رله‌مانی عێراق به‌دواڕۆژی راگه‌یاند: ئێمه‌ له‌ گۆڕه‌پانی حه‌وزی كه‌نداوی عه‌ره‌بیداین، هه‌موو به‌نداو و كه‌ناراوه‌كانمان په‌یوه‌ستن به‌ كه‌نداوی عه‌ره‌بییه‌وه‌، به‌ستراویشینه‌تەوه‌ به‌ هه‌موو بارودۆخ و ئاڵنگارییه‌كییه‌وه‌.

 

جه‌ختیشیكرده‌وه‌: له‌ ئه‌گه‌ری روودانی هه‌ر شه‌ڕ و كێشمه‌كێشمێکی سیاسی له‌ناوچه‌كه‌ هه‌موو به‌نده‌ره‌كانی كه‌نداو وه‌ك به‌نده‌رەكانی كوه‌یت، سعودیه‌، به‌حره‌ین، عوممان، ئیمارات، ئێران، ته‌نانه‌ت سوماڵ و پاكستانیش، خۆیان خستۆته‌ بارودۆخی ئاماده‌باشییه‌وه‌، حاڵه‌تی ته‌نگه‌تاوییان راگه‌یاندووه‌، هه‌موویان ئاماده‌كارییان كردووه‌ بۆ روودانی هه‌ر ئه‌گه‌رێكی چاوه‌ڕوانكراو، جگه‌ له‌ به‌نده‌ره‌كانی عێراق نه‌بێت.

 

ئاشكراشیكرد: بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لیژنه‌ی خزمه‌تگوزاری په‌رله‌مان، كۆبوونه‌وه‌ی خۆی ئه‌نجامداوه‌، داوای میوانداری وه‌زیری بازرگانی و گواستنه‌وه‌ و نه‌وت و پلاندانان و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی كردووه‌، بۆ رۆژی چوارشه‌ممه‌ی داهاتوو به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی ئه‌و پرسه‌ له‌ په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها ئاستی ئاماده‌باشی عێراق بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و ئاڵنگارییانه‌ كه‌ كاریگه‌ری نه‌رێنی هه‌یه‌ له‌سه‌ر بازرگانی عێراق، به‌ هه‌نارده‌ی نه‌وته‌وه‌.

 

وتیشی: "بانگه‌وازێكمان ئاڕاسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كردووه‌، بۆ پێویستبوونی دانانی پلانێك، به‌ڵام تا ئێستا هیچ وه‌ڵامێكی ئه‌رێنیمان وه‌رنه‌گرتووه‌ له‌وبارەیە‌وه‌".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور

بڵاوکردنەوە: ک. س



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure