له‌مڕۆوه‌ له‌ هه‌ولێرو سلێمانی گه‌نمی جوتیاران وه‌رده‌گرێت

هەواڵ / کوردستان :: پێش 4 هەفتە ‌ :: 148‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیسا عه‌بدولقه‌هار


له‌مڕۆوه‌ (16ی حوزه‌یرانی 2019) له‌سایلۆكانی هه‌ولێرو سلێمانی گه‌نم له‌ جوتیارانی وه‌رده‌گرێت و به‌رپرسێكی وه‌زاره‌تی بازرگانی هه‌رێم-یش ده‌ڵێت: "له‌ماوه‌ی 15 رۆژ تاوه‌كو مانگێك پاره‌ی گه‌نمی جوتیاران دابه‌شده‌كرێت".

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ھەرێم به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند "له‌مڕۆوه‌ به‌پێی خشته‌یه‌ك لە سایلۆکانی هەولێرو سلێمانی گەنمی جوتیاران وه‌رده‌گرێت".

وتیشی: "هه‌رچه‌نده‌ له‌سایلۆكانی هه‌رێم توانای عه‌مباركردنی 780 هه‌زار تەن گه‌نم هه‌یه‌، به‌ڵام حكومه‌تی عێراق بڕیاریداوه‌ ته‌نیا 340 هەزار تەن گەنم لە جوتیارانی هەرێم وەربگیرێت، ئه‌مه‌ش زیانی هه‌یه‌".

له‌باره‌ی شێوازی وه‌رگرتنی گه‌نم له‌ پارێزگاكانی هه‌رێم، نه‌وزاد ئه‌دهه‌م وتی: "لەهەر پارێزگایەكی هەرێم، لیژنەیەكی باڵا كه‌ له‌ جێگری پارێزگارو چاودێری بازرگانی و بەڕێوەبەری سایلۆ و نوێنەری ئاسایشی پارێزگاكە پێكدێت، سەرپەرشتی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەكەن، هەفتانەش لیژنە لە بەغداوە دێت سەردانی شوێنەكان دەكات و نمونەی گەنمەكان وەردەگرێت و لەگەڵ خۆی دەیبات و پشکنینی دەكات، ئه‌گه‌ر ده‌ربكه‌وێت گه‌نمی هه‌ر پارێزگایه‌ك له‌گه‌ڵ پارێزگایه‌كی دیكه‌ تێكه‌ڵكراوه‌، ئه‌وا گه‌نمه‌كه‌ وه‌رناگرێت و ره‌تده‌كرێته‌وه‌". 

له‌باره‌ی پێدانی پاره‌ی جوتیارانی هه‌رێم، نه‌وزاد ئه‌دهه‌م وتی: "بەپێی یاسای 2019ی بودجه‌ی عێراق، كه‌ 192 ملیار دینار بۆ جوتیارانی هه‌رێم ته‌رخانكراوه‌، ده‌بێت له‌ماوه‌ی 15 رۆژ تاوه‌كو مانگێك پاره‌كه‌ به‌ جوتیاران بدرێت و دوانه‌كه‌وێت".

پێداچوونەوە: ئارام غەفور 

بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مەلا فوئاد









  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure