زانیاری نوێ له‌سه‌ر شه‌ڕی دوو عه‌شیره‌ته‌كه‌ی ئاكرێ ئاشكراده‌كرێت

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 16/06/2019‌ :: 1861‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، دهۆك

سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕى نێوان دوو عه‌شیره‌ت له‌ گوندى (باژێره‌‌)ى قه‌زاى ئاكرێ، به‌ڕێوبه‌رى پۆلیسى دهۆك ده‌ڵێت: "هیچ كه‌سێك له‌سه‌ر ئه‌و شه‌ڕه‌ ده‌ستگیر نه‌كراوه‌". 


رۆژى (پێنجشه‌ممه‌ 13ی ئه‌م مانگه‌) به‌هۆى دوژمندارییه‌وه‌، دوو كه‌س له‌ شارى دهۆك ته‌قه‌یان له‌ گه‌نجێكى ته‌مه‌ن 38 ساڵان كرد و بریندار بوو، به‌و هۆیه‌ له‌ گوندى (باژێره‌) شه‌ڕ له‌ نێوان چه‌كداره‌كانى عه‌شیره‌تى هه‌ركى و زێبارى بۆ ماوه‌ى شه‌ش كاتژمێر درووستبوو.

لیوا تاریق ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیسى دهۆك بۆ دواڕۆژ وتى: "ئه‌و دوو چه‌كداره‌ى ته‌قه‌یان له‌ گه‌نجێكى‌ ته‌مه‌ن 38 ساڵان كرد له‌ دهۆك هه‌ڵاتوون، به‌ڵام بڕیارى ده‌ستگیركردنیان هه‌یه‌ و به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن".

له‌ پرسیارێكی دواڕۆژدا، سەبارەت به‌وه‌ی بۆچى كه‌س له‌وانه‌ ده‌ستگیرنه‌كراوه‌ كه‌ له‌گوندی (باژێره)‌ شه‌ڕه‌ ته‌قه‌یان كردوه‌ و بۆ چه‌ند كه‌تژمێرێك شه‌ڕ به‌رده‌وام بووه‌؟، لیوا تاریق وتى: "ئه‌و دوو لایه‌نه‌ له‌ ناوخۆیاندا پێكهاتوون، بۆیه‌ پۆلیسى دهۆك بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى ئارامیى و ئاشته‌وایی نێوان هه‌ردوولایان‌، هیچ كه‌سێكیان ده‌ستگیرنه‌كردوه‌".

سه‌باره‌ت به‌ ناسنامه‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى بۆ چه‌ند كاتژمێرێك شه‌ڕه‌ ته‌قه‌یان كردوه‌ له‌ گوندى باژێره‌، به‌رپرسه‌كه‌ی پۆلیس وتی: "ژماره‌یه‌ك له‌و چه‌كدارانه‌ كه‌ شه‌ڕیان كردبوو  پێشمه‌رگه‌ن".

هۆكارى شه‌ڕه‌كه‌

به‌پێى زانیارییه‌كانى دواڕۆژ پێش سێ ساڵ، به‌هۆى ده‌مه‌قاڵێ له‌سه‌ر یارى توپى پێ له‌ گوندى (باژێره‌)‌ له‌ قه‌زاى ئاكرێ، دوو گه‌نجى هه‌ركى و زیبارى كوژران، له‌وكاته‌دا هه‌ردوولایه‌ن رێككه‌وتن خێزانه‌كانى عه‌شیره‌تى هه‌ركى له گوندى (باژێره‌)‌ نه‌مێنن، به‌ڵام دواى چه‌ند ساڵێك، به‌هۆى گه‌ڕانه‌وه‌ى چه‌ند خێزانێكى هه‌ركى بۆ ئه‌و گونده،‌ دوو كه‌س له‌  عه‌شیره‌تی به‌رامبه‌ر، لەناو دهۆکدا ته‌قه‌یان له‌و گه‌نجه‌ ته‌مه‌ن 38 ساڵه‌ی عه‌شیره‌تی هه‌ركی کرد.

درووستبوونى شه‌ڕه‌ته‌قه‌
دواى گه‌یشتنى هه‌واڵى ته‌قه‌كرن له‌ گه‌نجێكى ئه‌وان، چه‌كداره‌كانى عه‌شیره‌تى هه‌ركى له‌ گوندى (باژێره)‌ خۆیان كۆكردووه‌ته‌وه‌ و شه‌وى 13ی ئه‌م مانگه‌، هێرشیان كرده‌سه‌ر ماڵه‌كانى عه‌شیره‌تى زێبارى له‌و گونده‌، له‌ ئه‌نجامى وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌ چه‌ك، شه‌ش كه‌س له‌ هه‌ردوولا برینداربوون.

ده‌ركردنى پۆلیس و پێشمه‌رگه‌
له‌كاتى درووستبوونى شه‌ڕ له‌ نێوان هه‌ردوو عه‌شیره‌ت، چه‌كداره‌كانى عه‌شیره‌تى هه‌ركى رێگه‌یان نه‌دا هێزه‌كانى پۆلیس ناوبژیوانى بكه‌ن، له‌هه‌مانكاتدا رێگرییان له‌ چوونى هێزێكى زێره‌ڤانی كرد بچێته‌ ناو ئه‌و گونده‌، به‌بیانووى ئه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ زیاتر له‌ عه‌شیره‌تى زێبارییه‌وه‌ نزیكه‌ و له‌ئه‌نجامى ته‌قه‌كرن له‌ ئۆتۆمبێله‌كانى زێره‌ڤانى پێشمه‌رگه‌یه‌ك برینداربوو.

شه‌ڕه‌كه‌ له‌سه‌ر داواى پارتى كۆتایی هات
دره‌نگانى شه‌وى 13ى ئه‌م مانگه،‌ له‌سه‌ر داواى به‌رپرسانى لقى 9ی پارتى دیموكراتى كوردستان له‌قه‌زاى ئاكرێ، هه‌ردوو عه‌شیره‌ت شه‌ڕیان راگرت و رۆژی (هه‌ینى 14ى حوزه‌یران) هه‌ردوولا له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتن له‌ گوندى (باژێره‌)‌ نه‌مێنن و هێزه‌كانى پۆلیس و زێره‌ڤانى له‌و گونده‌ بمێننه‌وه‌ تاوه‌كو رێككه‌وتنى كۆتایی ئه‌نجامده‌ده‌ن.

له‌ماوه‌ى یه‌ك ساڵدا، ئه‌مه‌ سێیه‌مجاره‌ چه‌كدارانى عه‌شیره‌ته‌كانی سنورى قه‌زاكانى ئاكرێ و شێخان له‌ پارێزگاى دهۆك له‌سه‌ر كێشه‌ى جیاجیا به‌ چه‌كى قورس رووبه‌ڕووى یه‌كتر ده‌بنه‌وه‌.

پێداچوونه‌وه‌: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure