كۆنگرە بۆ زۆرێك لەحیزبەكانی كوردستان بوەتە مۆتەكە

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 17/06/2019‌ :: 159‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، كۆچه‌ر عه‌لی 


به‌پێی لێدوانی به‌رپرسه‌كانیان، بڕیاروایه‌ تا كۆتایی ئه‌مساڵ چوار حیزب له‌ هه‌ریمی كوردستان كۆنگره‌ ببه‌ستن و هه‌ر یه‌كه‌ له‌ پارتی و یه‌كێتیش ماوه‌یه‌كی زۆره‌ كۆنگره‌یان نه‌به‌ستووه‌، ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیش ده‌ڵێت: "زۆربه‌ی یه‌كێتییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌ستنی كۆنگره‌دان و پارتیش پێیوایه‌ كه‌شوهه‌وا سیاسییه‌كه‌ ئێستا له‌باره‌ بۆ به‌ستنی كۆنگره‌".


به‌ستنی كۆنگره‌ لای هه‌ندێ حیزبی كوردستانی به‌شێوه‌ی ئاساییه‌، به‌ڵام لای پارتی و یه‌كێتی بۆته‌ كارێكی ئه‌سته‌م و یه‌كێتی له‌ماوه‌ی 44 ساڵ له‌ خه‌باتی خۆیدا تائێستا سێ كۆنگره‌ی به‌ستوه‌ و پارتیش له‌ماوه‌ی 54 ساڵی خه‌باتی خۆیدا 13 كۆنگره‌ی به‌ستوه‌، هه‌رچی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و كۆمه‌ڵی ئیسلامیشه‌ كۆنگره‌كانیان هه‌ندێ كات چه‌ند مانگێك دواكه‌وتووه‌ گه‌رنا له‌كاتی خۆیدا كۆنگره‌كانیان به‌ستووه.

به‌پێی په‌یڕه‌وی كۆنگره‌ی سێیه‌می یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێویسته‌ له‌ماوه‌ی سێ ساڵ و شه‌ش مانگدا یه‌كێتی كۆنگره‌یه‌كی دیکە ببه‌ستێت.

زوبێر عوسمان، وته‌بێژی ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: زۆربه‌ی حیزبه‌كان به‌ستنی كۆنگره‌یان دواخستووه‌ به‌ پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان و حیزبه‌كانیی دیکەشه‌وه.

وتیشی: "زۆربه‌ی یه‌كێتییه‌كان له‌گه‌ڵ به‌ستنی كۆنگره‌دان و دوای پێكهێنانی حكومه‌ت و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوخۆی هه‌ریم یه‌كێتی كار بۆ به‌ستنی كۆنگره‌ ده‌كات كه‌ ماوه‌یه‌كه‌ كاره‌كان ده‌ستیان پێكردوه".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: پێویسته‌ به‌ر له‌وه‌ی بڕیاری به‌ستنی كۆنگره‌ بدرێت، یه‌كێتی له‌نێوخۆیدا رێككه‌وتن ئه‌نجام بدات، چونكه‌ هه‌موو حیزبێك به‌ رێككه‌وتن كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت و ئه‌وه‌ش مافێكی شه‌رعی كاری حیزبایه‌تییه‌.
 
ده‌شڵێت: "كۆنگره‌ی یه‌كێتی زۆر دواكه‌وتووه‌ به‌ داخه‌وه‌ كه‌ ده‌بوایه‌ له‌ مانگی حوزه‌یرانی 2013وه‌ چواره‌م كۆنگره‌ی خۆی ببه‌ستێت، به‌ڵام ئه‌و كات نه‌توانرا كۆنگره‌كه‌ ببه‌ستن و به‌پێی په‌یڕه‌ویش پلینیۆم ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌ سێ تا شه‌ش مانگ كۆنگره‌ دوابخات كه‌ ئه‌و كات بریاردرا له‌ مانگی تشرینی یه‌كه‌می 2013 كۆنگره‌ ببه‌سترێت، به‌ڵام هه‌ر رۆژه‌ و به‌ بیانویەك به‌ستنی كۆنگره‌ دواخرا.

به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی حیزب پارتی ده‌بوایه‌ له‌ رۆژی 11ی كانونی یه‌كه‌می 2014 كۆنگره‌ی 14ی خۆی ئه‌نجامبدات، به‌ڵام ئەنجومەنی سەركردایەتی ئه‌و حیزبه‌ بە سەرۆكایەتی مەسعود بارزانی له‌ رۆژی 9ی كانوونی یەكەمی 2014 كۆبوەوە.

لە تەوەری پێنجەمی ئەو كۆبوونەوەیەدا تاوتوێی باری ناوخۆ و رێكخستنی ئەو حیزبە كرا و بڕیاری دواخستنی كۆنگرەی چواردەی پارتی درا كه‌ به‌پێی راگه‌یاندراوی كۆبوونه‌وه‌كه‌ هۆكاری دواخستنی كۆنگره‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕێندرایه‌وه‌ بارودۆخی ئه‌وكاته‌ بۆ ئامادەكارییەكانی كۆنگرە لەبار نییە، بۆیە ئەنجومەنی سەركردایەتی بەگوێرەی ئەو دەسەڵاتەی لە مادەی (22) ـ بڕگەی سێیەم ـ خاڵی یەكەم هەیەتی، تەمەنی یاسایی نێوان كۆنگرەی سیانزەیەم و چواردەیەمی بۆ یەك ساڵ درێژكردەوە، بە ئومێدی ئەوەی لە ماوەی ئەم یەك ساڵەدا هەر كاتێ زروفی مەوزوعی لەباربوو، كۆنگرە ببەسترێت، به‌ڵام له‌و ساڵه‌وه‌ پارتی چیتر باسی به‌ستنی كۆنگره‌ی له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی نه‌كردووەتەوە‌.

عه‌لی حسێن، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌ نیشتمانی و عێراقییه‌كانی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: پارتی كێشه‌ی له‌ به‌ستنی كۆنگره‌دا نییه‌، به‌ڵام له‌ماوه‌ی رابوردوودا كێشه‌یه‌كی زۆر یه‌خه‌ی هه‌رێمی كوردستانی گرت و شه‌ڕی داعشیش وایكرد پارتی زیاتر سه‌رقاڵی به‌رگریكردن بێت له‌ خاكی كوردستان.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: پارتی به‌ بڕیاری كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی بڕیاری به‌ستنی كۆنگره‌ ده‌دات و خه‌ریكه‌ كه‌شوهه‌وا سیاسییه‌كه دێته‌ ئاراوه‌ كه‌ حیزبەكەی كۆنگره‌ ببه‌ستێت.
 
كۆمه‌ڵی ئیسلامیش كه‌ له‌ساڵی 2001 له‌ بزوتنه‌وه‌ی ئیسلامی جیابۆته‌وه ‌و تاوه‌كو ئێستا سێ كۆنگره‌ی به‌ستووه ‌و بڕیاریشوایه‌ ئه‌مساڵ كۆنگرەی چواره‌م‌ ببه‌ستێت.

له‌ ئێستادا چه‌ند رۆژێك‌ به‌سه‌ر كاتی یاسایی كۆنگره‌ی رابوردووی حیزبه‌كه‌ تێپه‌ڕیوه‌، به‌ڵام به‌رپرسێكی ئه‌و حیزبه‌ ده‌ڵێت: "له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تییان بڕیار له‌سه‌ر كات و شوێنی به‌ستنی كۆنگره‌ ده‌ده‌ن".
 
شوان رابه‌ر، بڕیارده‌ری ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: كۆمه‌ڵی ئیسلامی له‌ به‌ستنی كۆنگره‌ ناترسێت و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی سه‌ركردایه‌تییان بڕیار له‌سه‌ر به‌ستنی ده‌ده‌ن و ئاماده‌كارییه‌كان ده‌ستپێده‌كه‌ن.

بزوتنه‌وه‌ی گۆڕانیش كه‌ له‌ساڵی 2007 له‌ هه‌ناوی یه‌كێتی هاته‌ ده‌ره‌وه‌ و له‌ 2009 به‌ رەسمی ده‌ستی به‌كاری سیاسی كرد، تاوه‌كو ئێستا یه‌ك كۆنفڕانسی نیشتمانی له‌ ساڵی 2013 ئه‌نجامداوه‌ و واده‌ی به‌ستنی كۆنفڕانسی دووه‌می تائێستا دیاری نه‌كردوه‌.

كاروان هاشم، ئه‌ندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ دواڕۆژی راگه‌یاند: "دوای كۆتاییهاتنی پڕۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت گۆڕان كار بۆ به‌ستنی كۆنفڕانسی گشتی ده‌كات".

روونیشیكرده‌وه‌: هه‌رچه‌نده‌ تائێستا یه‌كلانه‌بۆته‌وه‌ كه‌ به‌ر له‌ كۆنفڕاسی نیشتمانی هه‌ڵبژاردنه‌كانی نێوخۆ ئه‌نجامدەده‌ن یاخود راسته‌وخۆ كۆنفڕانسی نیشتمانی ئه‌نجامده‌ده‌ن، به‌ هەردوو جۆره‌كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ نێو گۆڕاندا پاڵپشتی به‌هێزی هه‌یه ‌و به‌ربه‌ستی له‌ به‌رده‌مدا نییه‌.

پێداچوونەوە: ئارام غەفور



  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure