ئه‌فسه‌رێكی پۆلیس ده‌ستدرێژی ده‌كاته‌ سه‌ر كچێك

هەواڵ / ڕاپۆرت :: 15/06/2019‌ :: 8274‌ جار بینراوە

دواڕۆژ، عیماد جەباری

ئەفسەرێکی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی کەرکوک دوای ئەوەی کچێک دەرفێنێت دەستدرێژی سێکسی دەکاتەسەری و هەڕەشەشی لێدەکات.


رووداوەکە کاتێک دەستپێدەکات کە بە رێککەوت کوڕو کچێک لەشەقامی عەرەفەی شاری کەرکوک لەلایەن ئۆتۆمبێڵێکی حکومییەوە رادەگیرێن، بەبیانووی ئەوەی دابونەریت و یاسایان پێشێلکردووە.
 
سەرچاوەیەک لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی کەرکوک بەدواڕۆژی وت: "چەند رۆژێک پێش ئێستا لەکاتژمێر 9ی شەو لەشەقامی عەرەفەی باکوری رۆژئاوای کەرکوک ئۆتۆمبێڵکی جۆری پاتڕۆڵ نیسان ژمارە حکومی رێگا دەگرێت لەئۆتۆمبێلێک کە کوڕو کچێکی تێدابووە، گوایە دابونەریتیان پێشێڵکردوە".

ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ی پۆلیس باس له‌وه‌شده‌كات "دواتر دەزانرێت شۆفێری ئۆتۆمبێلە حکومییەکە ئەفسەرێکی پۆلیسی کەرکوکە بە پلەی رائید بە ناوی (ع، ئـ، ع) کە ئەفسەری نوسینگەی عەدالەی نەهێشتنی تاوانە و شەوی رووداوەکە برایەکیشی لەگەڵیدا بووە".

بەوتەی سەرچاوەکەی پۆلیس، "کچەکە بە زۆر دەخەنە ئۆتۆمبێڵەکەی خۆیانەوەو داوا لەکوڕەکەش دەکەن بچێتە بنکەی پۆلیسی عەدالە تاوەکو لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەن، بەڵام ئەفسەرەکەی پۆلیس پلەکەی دەقۆزێتەوەو لەژێر فشاردا دەسترێژی سێکسی دەکاته‌سەر کچەکەو دواتر دەیگەیەنێتەوە ماڵ و هەڕەشەی ئەوەی لێدەکات کە دەبێت ئامادەبێت هەر کاتێک داوای سێکسی لێبکات".

کچەکە ناوی (ش، ج، س) تەمەنی 21 ساڵە و لەپێکهاتەی تورکمانە، لەدوای گەڕانەوەی بۆ ماڵ و ناساندنەوەی ناسنامەی ئەفسەرەکەی پۆلیس، دەچێتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کاروباری ناوخۆ و سکاڵا تۆماردەکات.

لەدوای سکاڵاکەش دەستبەجێ ئەفسەرەکە دەستگیردەکرێت و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێتەوە.

هەر لەبارەی ئەو روداوەوە لیوا روکن سەعد حەربییە، فەرماندەی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکوک لەراگەیاندراوێکدا تەئکیدی کردەوە کە دوو کەس دەستگیرکراون یەکێکیان ئەفسەرە بەتۆمەتی رفاندن و دەسترێژیکردنە سەر کچێک. 

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە دەستگیرکراوەکان بەمادەی 396ی یاسای سزادانی عێراقی لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و رەوانەی دادگا کراون، بۆ ئەوەی سزای یاسایی وەربگرن.

پێداچوونه‌وه‌و بڵاوکردنەوە: ئیحسانی مه‌لا فوئاد



created by Avesta Group and powered by Microsoft Azure